نەسرین عەبدوڵا: تێکۆشانمان لە هەموو شوێنێک وەک کۆبانێ دەبێت

نەسرین عەبدوڵا فەرماندەی یەپەژە وتی: تێکۆشانی ئێمە لە هەموو شوێنێک وەک کۆبانێ دەبێت. تێکۆشانمان پاراستنی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. با هەمووان بزانن سەرکەوتن سەرکەوتنی هەمووان دەبێت.

ژیندا ئامارا

 

ناوەندی هەواڵ- لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دیمەشق لەلایەن چەکدارانی تەحریر شام-هەتەشەوە، قۆناغێکی نوێ لە سووریا دەستیپێکردووە. دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری چەتەکانی دەیەوێت لەم قۆناغەدا سوود وەربگرێت، هەر بۆیە هەوڵدەدات داگیرکارییەکانی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی دیپلۆماسییەوە فراوانتر بکات.

 

نەسرین عەبدوڵا، فەرماندەی یەکینەی پاراستنی ژن-یەپەژە باسی لە پێشهاتەکانی سووریا و حکومەتی کاتی لە دیمەشق کرد، کە سەرەڕای دۆخی سووریا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بەردەوامە لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕاشیگەیاند، کە ژنانی کورد ئامادەن پێشەنگایەتی سووریای نوێ بکەن، چونکە ئەمڕۆ هەزاران ژن لە ڕیزەکانی یەپەژە خاک و کۆمەڵگە و ژنان دەپارێزن.

 

"هەرچەندە پێی دەوترێت ڕزگاری، بەڵام لە ئێستاوە کێشە هەیە"

لە سەرەتای قسەکانیدا نەسرین عەبدوڵا سەرنجی بۆ پڕۆسەی هێرشەکانی هەتەشە ڕاکێشا کە لە ئەنجامدا ڕژێمی بەعس لەناوچوون و وتی: بێگومان لە ٢٧ی تشرینی دووەمدا سووریا چووە ناو پرۆسەیەکی نوێوە، وێنەیەکی وەها دەرکەوت کە سووریا بەسەر دوو بەشدا دابەش بوو. لە لایەکەوە هەتەشە گەیشتە دیمەشق. لە لایەکی دیکەوە گروپە بەکرێگیراوەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا (کە دەوڵەتی تورک خۆی لەم پرۆسەیەدا تێوەگلاوە) بە ئامانجی داگیرکاری هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. دەتوانین بڵێین بوومەلەرزەیەکی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی بوو. بۆچی؟ چونکە وا دیارە کێشەی زۆری تێدا دەبێت. لە ئاژاوەیەکەوە بۆ ئاژاوەیەکی تر. هەرچەندە پێی دەوترێت ڕزگاری، بەڵام گرژییەکە پێشتر لە پێکهاتەکاندا سەریهەڵداوە. هۆکاری ئەمەش هاتنی ئەو هێزانە بوو بۆ ناو سووریا. ئێمە بەدواداچوون دەکەین و دەبینین کە ململانێیەک هەیە و هەندێک شت بەسەر کۆمەڵگەی سووریادا دەسەپێنرێت.

 

مەترسییەکانی ئێستا ئاشتی بەدی ناهێنن

فەرماندەی یەپەژە وتیشی: بەدڵنیاییەوە دەزانن کە سووریا وڵاتێکە لە چەندین پێکهاتە پێکهاتووە و زۆر ئایین، زمان، کولتوور هەیە کە مێژوویەکی دەوڵەمەندیان هەیە و ئەم مێژووە پێناسەی هەموو پێکهاتەکان دەکات، بەڵام کاتێک سەیری وێنەی ئێستا دەکەین، مەترسی بوونی هەیە، وا دیارە ئەم مەترسیانە سەقامگیری و دیموکراسی ناهێنن. ئێمە لە ئێستاوە دەبینین کە ئەوان لە دیمەشق حکومەت پێکدەهێنن. زۆرێک لە نوێنەران لە وڵاتانی جیاوازەوە دێن و بە دڵنیاییەوە ئەم ترافیکی دیپلۆماسییە کە لە دیمەشق ڕوودەدات، دیپلۆماسیەتی سیستەم و دەوڵەتەکانە. ئەم دیپلۆماسییە تا چەند خزمەت بە ژیانی ئارامی گەل دەکات؟ بەڕای من ئەم پرسیارە شوێنی لێکۆڵینەوەیە، پێویستە ئەم بابەتە زۆر باش هەڵسەنگێندرێت. شتێکی باش دەبێت ئەگەر ئەم ترافیکە دیپلۆماسییە یارمەتی گەلی سووریا بدات بۆ ئەوەی خۆیان بنیاد بنێنەوە و دیموکراسییەکی ڕاستەقینە بنیاد بنێن. بەڵام پێدەچێت هەموو شتێک بەپێی بەرژەوەندی سیاسی بێت. هەموو لایەک پێیان وایە پێویستە لە سووریا جێگەی خۆیان بکەنەوە، بەپێی بەرژەوەندییەکانیان هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ گەلی سووریا. ئەوەی پێویستە بۆ گەلی سووریا ئەوەیە کە حکومەتێکی دیموکراسی دابمەزرێت و بتوانێت هەموو پێکهاتەکانی سووریا لەخۆ بگرێت. پێویستە ناسنامەی هەمووان ئازاد بکرێت. بەو پێیەش تێکۆشان لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەردەوامە، تێکۆشانەکەش بۆ ناسنامەی ئازاد و هاوڵاتی ئازاد و مرۆڤی ئازاد بوو.

 

"پێدەچێت حکومەتی ئێستا لەسەر بنەمای یەک ڕەنگی بنیاد بنرێت"

لە درێژەی قسەکانیدا نەسرین عەبدوڵا وتی: ئەو سامانەی لە سووریادایە، ئێستاش بەسە بۆ ئەوەی گەلی سووریا لەسەر پێی خۆیان بوەستن. حکومەتی ئێستاش وا دیارە لەسەر بنەمای یەک ڕەنگی خۆی بنیاد دەنێت و بە شێوەیەکی زۆر خێرا ئەو کارە دەکات. بەڵام تا چەندە لە خزمەتی گەلی سووریادا دەبێت؟ ناتوانین لەگەڵ کاتدا پەلە بکەین و بە خێرایی سیستەمێک دروست بکەین. ئەگەر ئەم حکومەتە بە هەستیارییەوە نزیک نەبێتەوە و دیموکراسیانە مامەڵە نەکات و هەستیاری گەلی سووریا لەبەرچاو نەگرێت و پێویستییەکانیان بە باشی دەستنیشان نەکات، ئەوا ناتوانێت نوێنەرایەتی گەلی سووریا بکات. مەترسی هەیە. با لە کێبڕکێدا بین، بەڵام بە چ شێواز و ئامانجێک؟ پێشبڕکێیەک دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەلی سووریا بێت، بۆ وەڵامدانەوەی کێشەکانیان بێت، ئامانجی گەلی سووریا ڕوون و ئاشکرایە، ساڵانێکە خواستەکانی خۆیان دەربڕیوە و بە دەنگی بەرز خۆیان دەربڕیوە.

 

فەرماندەی یەپەژە چەند پرسێکی خستەڕوو کە ئایا، "ئێستا کێ نوێنەرایەتی حکومەتی نوێ دەکات، بە چ لۆژیکێک نوێنەرایەتی دەکات؟" و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمانە پرسیاری گرنگن. گەلی سووریا مافی خۆیەتی ئەم هۆشیارییە وەربگرێت و بەدواداچوون و شیکاری بۆ بکات. گەلی سووریا مافی خۆیانە هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر هەرکەسێک تاوان و کەموکوڕی ئەنجام بدات. هەزاران کەس لە زیندانی سیدنایا گیانیان لەدەستدا، بۆ ئەوەی وەک مرۆڤ بژین.

 

ئایا ئەم حکومەتە کە پێکهاتووە دەتوانێت نوێنەرایەتی ناسنامەی ئێمە بکات؟

نەسرین عەبدوڵا لە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمە وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وڵاتێکە کە خۆبەڕێوەبەری لەناو خۆیدا پێکدەهێنێت، پێویستە هەر هەنگاوێک پێویست بێت، بنرێت، ئەگەرنا ئایندەی ئەم حکومەتە درێژ نابێت. دەبینین هەموو ئایینەکان، پێکهاتەکان، لەناو مەترسی جددییدا دەژین، ئەو دۆخە مەدەنییەی کە دەیانویست دروستی بکەن گەشەی نەکردووە، هەمووان لە مەترسیدان و پرسیار دەکەن کە ئایا ئەم حکومەتەی دامەزراوە دەتوانێت نوێنەرایەتی ناسنامەی ئێمە بکات؟ ئایا دەتوانێت نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری ئێمە بکات، دەتوانێت ناسنامەی ئێمە پشتڕاست بکاتەوە؟ ئایا دەتوانێت دەنگی ئێمە بێت، دەتوانێت بەپێی بەرژەوەندی هەموو گەلان مامەڵە بکات؟ گەلی سووریا پێویستیان بە حکومەتێکی لەو شێوەیە هەیە، ئێمەی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش ئەمە بەرز دەنرخێنین. ساڵانێکە بۆ ئازادی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان تێدەکۆشین، سەدان شەهیدمان بەخشیوە و ڕەنجێکی زۆریشمان داوە.

 

"پێویستمان بە وڵاتێکە کە بتوانین نوێنەرایەتی خۆمان بکەین"

فەرماندەیەی یەپەژە باسی لەوەکرد، ئەوانیش مافیان لەناو کۆمەڵگەدا هەیە و دەبێت ئەم داواکارییەش لە حکومەتدا مسۆگەر و قبوڵکراو بێت، وتیشی: پێویستمان بە وڵاتێکە کە بتوانین نوێنەرایەتی زمان و ناسنامە و کولتووری خۆمان بکەین، ئێمە ساڵانێکە تێکۆشان بۆ ئەم مافانەی ژنان و کۆمەڵگە دەکەین، وەک ژن لەم حکومەتەدا پێویستە لە پێشەوە بین و بە ئەقڵی و متمانەوە دەتوانین ئەم پێشەنگایەتییە لە ئەستۆ بگرین، لە دەرەوەی ئەوەش تێکۆشانمان بۆ مافەکانمان بەردەوام دەبێت. ئەوان شێوە ژنێکیان پیشانداوە و پێمان دەڵێن پێویستە هەمووتان سەیری بکەن و وەک ئەو بن، ئەوە وا نییە، ئێمە حکومەتێک قبوڵ ناکەین کە بە ئەقڵیەتی دەوڵەتی تورک دابمەزرێت. ئێمە مێژووی دەوڵەتی تورکیا باش دەزانین، دەزانین دەوڵەتی تورکیا چی لە گەلی سووریا کرد. ئێمە زۆر باش دەزانین کە دەوڵەتی تورکیا چەندە قەیرانی سووریای خوڵقاند و قووڵتری کردەوە و لە ئەنجامدا سووریای کردە دۆزەخ. هەر لەبەر ئەم هۆکارە با پرسیارێکی هاوشێوە بکەین، تا چەند دروستە وڵاتێک بە ئەقڵی بیانی دروست بکرێت؟ ئایا ئەقڵی دەرەکی دەبێتە چارەسەر بۆ ناو سووریا؟"

 

"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ڕەنگ و ئەقڵی خۆی بداتە حکومەتی نوێ"

نەسرین عەبدوڵا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا ئێستا بەپەلە هەوڵی پڕکردنی دەستی دەدات، دەشڵێت: دەیەوێت ڕەنگ و ئەقڵی خۆی ببەخشێتە ئەم حکومەتە. بەڵام ئێمە دەڵێین ئەقڵیەتی سووریامان پێویستە، نەک ئەقڵی دەوڵەتی تورکیا، چونکە شارەزای مێژووین، ئێمە مەترسی جددی لەبەردەمماندا دەبینین، ساڵانێکە تێکۆشان دەکەین بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسیانە. ئێمە سەیری وێنەی بەردەمیشمان دەکەین، ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، وڵاتەکە تووشی قەیرانێکی نوێ دەبێت و ئازارەکانی گەلی سووریا زیاتر دەکات.

 

"لە کۆتایی ئەم ئامانجەدا هەزاران شەهیدمان بەخشی، پابەند دەبین بە ئامانجەکەمانەوە"

نەسرین عەبدوڵا سەرنجی بۆ ساڵانێک لە تێکۆشانی گەلی کورد لە دژی ڕژێمی بەعس ڕاکێشا و ئاماژەی بەوەدا کە کورد ئەوانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە مێژووی ڕژێمی بەعسدا، وتیشی: ئێمە نەک هەر ڕەتکراوینەتەوە، بەڵکوو سیاسەتێکی وامان لەسەر پەیڕەو کراوە کە نامۆ بین بە خۆمان، ئەوان تەنها دەیانویست شتێک لە ئێمە ببیستن کە بڵێین من کورد نیم، هیچ نیم، تەنها نۆکەری تۆم، دەسەڵاتێک هەبوو تەنها دەیویست ئەمە ببیستێت. هەر لەبەر ئەمەشە شۆڕشمان دەستپێکرد، ئەمە پرسی ڕەگەزپەرستی نییە، هەموو سوورییەکان مافی خۆیانە بە ناسنامەی خۆیانەوە بژین. لەو پێناوەدا شۆڕشمان کرد و هەزاران شەهیدمان بەخشی، تا کۆتاییش پابەند دەبین بە ئامانجەکەمانەوە، ئێمە خیانەت لەم خوێنی شەهیدانمان ناکەین.

 

"یان بە ناسنامەی خۆمان دەژین یان ئەم ژیانەمان ناوێت"

نەسرین عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا، کە ئێمە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین، بەڵام لە زۆر وڵاتدا هێشتا لەناوبردنی شوناس و ناسنامەمان بەڕێوەدەچێت، لەناوبردنی شوناس زۆر خراپترە لە لەناوبردنی جەستەیی ئێمەش ئەمە قبوڵ ناکەین. ئەگەر ئێمە شۆڕشمان کردبێت، بۆ ڕێگریکردن لەم جینۆسایدە بووە، ئەگەر هەمان سیاسەت بەردەوام بێت، شۆڕش بەردەوام دەبێت. ئێمە بە ڕوونی دەڵێین یان بە شوناس و ناسنامەی خۆمانەوە دەژین، یان ئەو ژیانەمان ناوێت، مافی ئەوەشمان هەیە ئەو ژیانە هەڵبژێرین کە دەمانەوێت. وەک گەلی سووریا ئەمە مافی ئێمەیە، نابێت پشتگوێ بخرێت. گەلی سووریا چیتر قوربانی نین.

 

نەسرین عەبدوڵا تیشکی خستەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە بە بوونی خۆبەڕێوەبەری ئیرادەی هەموو پێکهاتەکان پارێزرا و وتیشی: ئێمە ساڵانێکە لەگەڵ ئەم سیستمەدا دەژین و بۆمان دەرکەوتووە کە باشترینە بۆ ئێمە و گەلانی سووریا، ئامانجی خۆبەڕێوەبەری سووریایەکی لامەرکەزییە، پێویستە بەم هۆشیارییەوە سووریایەکی نوێ بنیاد بنێین. وەک گەلی کورد و ژنانی کورد ئامادەین پێشەنگایەتی بکەین. وەک چۆن ساڵانێکە هەوڵ دەدەین پێشەنگێکی ڕاستەقینە بین. لە ڕاستیدا گەلی کورد لە سەردەمی شۆڕشدا دەیتوانی نوێنەرایەتی سووریا بکات. بوو بە پێشەنگێکی ڕاستگۆ و خۆنەویست بۆ زیندوو کردنەوەی ڕۆحی سووریا.

 

 "یەپەژە بۆ پاراستنی خاک و کۆمەڵگە و ژنان ئامادەیە"

نەسرین عەبدوڵا سەرنجی بۆ ڕۆڵی یەپەژە لە سووریای نوێدا ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە وەک شەڕڤانانی یەپەژە خۆیان وەک پێشەنگ دەبینن و ئامادەن بۆ سووریایەکی دیموکراسی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل، وتیشی: ئێستا لە ناوەڕاستی هەنگاوێکداین بۆ دروستکردنی سوپای نوێ، بە بۆچوونی من پێویستی بە گفتوگۆ هەیە. با لە پشتمانەوە بڕوانین، جاران سوپای نیشتیمانی سووریا هەبوو، بەڵام ئەم سوپایە سوپای بەعس بوو. لەسەرەتادا لەشکرێکی دروستکرد و ئەم سوپایە وەک دارێک لەسەر گەل بەکارهێنرا و سوپاکەش خۆی ڕادەستی دەسەڵات کردبوو، دۆخی کۆتاییشمان بینی کە نەیتوانی نوێنەرایەتی سوپا بکات. چونکە سوپای سووریا و پاراستنی گەلی سووریا نەبوو. بەڕاستی گەلی سووریا پێویستی بە سوپایەکی نەتەوەیی هەیە، کە وڵاتپارێز بێت، نابێت بە ئەقڵی دەوڵەت بنیاد بنرێت و ببێتە هێزی داگیرکەر، دەبێت هێزێک بێت بۆ پاراستنی گەل و جگە لەمەش پێویست بە سوپا ناکات.

 

"دەبێت هێزی ژنان لە سوپادا هەبێت"

نەسرین عەبدوڵا لە بارەی هێزی ژنانەوە دەڵێت: بینیمان ئەگەر ژن خاوەنی هێزی جەوهەری نەبێت کەسیش نایپارێزێت. نە سوپا، نە باوک و برا و هاوژین ناتوانێت بیپارێزێت، تەنها خۆی دەتوانێت خۆی بپارێزێت. ئێمە شاهیدی ئەزموونی گەورە بووین، لە سووریا و شەنگال و لە وڵاتانی تریش بینیمان کە ژنان لە چ دۆخێکدان. بۆیە دامەزراندنی سوپایەکی خاوەن ئەقڵیەتی پیاوانە قبوڵ ناکەین. لەم سوپایەدا کە من پێی دەڵێم هێزی جەوهەری، پێویستە درک بە هێزی ژنانیش بکرێت، چونکە ئێمە چارەنووسی خۆمان ڕادەستی کەس ناکەین. ئێمە بە هێزی خۆمان ژنان و کۆمەڵگە و وڵاتەکەمان دەپارێزین، کە تا ئێستاش بەم شێوەیە بەڕێوەدەچین، وڵات پێویستی بە دروستکردنی سوپایەکی پیاو نییە، دەمانەوێت سەرنج بۆ ئەم بابەتە ڕابکێشین. ئێمەی ژنانی کورد ئامادەین پێشەنگایەتی ئەم خەباتە بکەین، ئەمڕۆ هەزاران ژن بە هەموو پێکهاتەکانەوە بۆ خاک و کۆمەڵگە و ژن تێدەکۆشن. ئێمە وەک یەپەژە ئامادەین بۆ ئەمە. ئەگەر بڕیار بێت سوپای نیشتمانی دابمەزرێت، بە دڵنیاییەوە ژنان لە تەواوی پرۆسەی بیناسازیدا جێگەی خۆیان دەگرن، ئەمە بابەتێک نییە کە بە دەروونی و بایۆلۆژییەوە ببەسترێتەوە. ئەو وشانەی بەم شێوەیە پەرەیان پێدراوە هیچ مانایەکیان نییە و لەناوچووە و ناتوانرێت فریوی ژنانی پێبدرێت. ئەو تێکۆشانەی ئێمە ئەنجامی دەدەین دیارە و هەموو جیهان دەتوانێت بیبینێت.

 

"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەورەترین ڕووڕەشییە"

نەسرین عەبدوڵا فەرماندەی یەپەژە بەبیری هێنایەوە کە کاتێک ڕژێمی بەعس ڕووخێنرا، گەل چاوەڕێی دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراسی بوو و تیشی: هەزاران کەس لە ژیانێکی سەختدا بوو و قوربانییەکی زۆریان دا، بەڵام پابەندبوونیان بە ئازادییەوە نەشکاند بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە بێتە ئاراوە. بێ گومان هزر و خەونەکان ڕاست بوون و ئەمە دیالێکتیکی ئەو گەلەیە کە هەمیشە لە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەدایە. ڕژێمی بەعس ڕووخێنرا، بەڵام ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هێرشی جیاواز دەبینەوە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەورەترین ڕووڕەشییە، هێرش دەکرێتە سەر کێ و چی ڕزگار دەکەیت و چی ئازاد دەکەیت؟ ئەمانە پرسگەلێکی کێشەدارن. پێش ئێستا دەگوترا ڕژێمی بەعس لەناو دەبەین و وڵات ڕزگار دەکەین. کەواتە ئێستا باسی چی دەکەیت و دەتەوێت چی بکەیت؟ بۆچی هێرش دەکەیتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و خۆت بە سوپای نیشتمانی ناودەبەیت، نوێنەرایەتی کێ دەکەیت؟ لە کاتێکدا ئێوە پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیاتان کردووە و کۆمەڵکوژی بەسەر گەلی سووریادا ئەنجام دەدەن.

 

"ئێمە دەزانین دابەشکردنی خاکی سووریا چۆن بەڕێوەدەچێت"

نەسرین عەبدوڵا وتیشی: ئێمە دەزانین دابەشکردنی خاکی سووریا بە چ ئەقڵێک بەڕێوەدەچێت، مادام خۆتان کردووەتە سوپای نیشتیمانی، ئێستا ئەرکی خۆتان ئەنجام بدەن، هێرش مەکەن و کۆمەڵکوژی ئەنجام مەبەن، پێویستە خزمەتی ئەم گەلە بکەن. پێویستە بزانرێت دەوڵەتی تورک ئێوە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت و دەیەوێت خاکی ئێوە داگیر بکات. ئەو کەسانەی لە سووریاوە هاتوون پێویستە بە وردی بیربکەنەوە و بڵێن ئێمە چی دەکەین. گەلی سووریا ئەمە دەبینن و شایەتحاڵی ئەوەن. گەلی سووریا وەک جاران نییە، باوەڕ بەو وتارانە ناکەن کە لەژێر ناوی شۆڕشدا دەوترێت و کۆمەڵکوژیش دەکات.

 

"با هێزەکانمان لە سووریا یەکبخەین"

فەرماندەی یەپەژە جەختی لە دۆخی ناوچەکە کردەوە و وتی: کاتێک سەیری دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین، ئەم ناوچەیە بۆ ساڵانێک ئارامترین شوێن بوو بۆ هەموو گەلان، دەیان کامپی ئەو کۆچبەرانە هەبوون کە لە ڕژێمی بەعس هەڵاتوون و لەم ناوچەیە نیشتەجێ بوون. چونکە ئەم گەلە دەزانن لێرەدا مافەکانیان پێشێل ناکرێت، بەڵام هێرش دەکرێتە سەر ئەم ئاشتییە. داوا لە لایەنەکان دەکەم بە زووترین کات لەو تەڵانە ڕزگاریان بێت کە دەوڵەتی تورکیا دایناوە، ئێوە هیچ بەرژەوەندییەکتان لەم شەڕەدا نییە کە دەیکەن. با هێزەکانمان لە سووریا یەکبخەین. گەلەکەمان ئامادە نییە بۆ ئازاری نوێ و ئێستا گەل پێویستی بە ئازادی هەیە، ئێمە بۆ ئەمە تێکۆشان دەکەین و نابێت ببینە قوربانی سیاسەتی دەرەوە.

 

"ئێمە بڕیارمانداوە هێزێک بین بۆ پاراستنی گەل و ژنان"

نەسرین عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، جەخت لە پاراستنی خاک دەکەنەوە و خیانەت لە ئیرادەی گەل ناکەن، وتیشی: ئەو ڕێسایانەی کە لە سەرەتای شۆڕشەوە پەیڕەومان کردووە، تا کۆتایی پێیەوە پابەند دەبین، ئێمە بڕیارمانداوە وڵاتێکی ئازاد بنیاد بنێین، هێزێک بین بۆ پاراستنی گەل و ژنان. ئەو پێکهاتانەی کە لەم هەرێمەدا هەڵوێستەکانیان ڕوون کردووەتەوە. پاراستنی شەرەف لێرە بەڕێوەدەبرێت و جیهان شاهیدی ئەوە بووە. هەندێک لە هەڤاڵەکانمان بە دیل گیران، ئەوەی بەسەریاندا هات، جارێکی تر بە بیریان هێناینەوە کە مامەڵەکانیان مامەڵەی داعشی بوو، بە ئەقڵ و ئامانجی داعش مامەڵەیان لەگەڵ دیلەکاندا کرد، بێ حورمەتییان بە جەستەیان کرد، ئاڵای داعشمان لەسەر ئۆتۆمبێلەکان بینی و جارێکی تر خۆیان نمایش کردەوە، کەچی خۆیان بە سوپای نیشتمانی بە ناو دەکەن. مامەڵەیان بەرامبەر بە دیل و شەهیدەکانمان کاریگەری نەرێنی لەسەر ئێمە نییە، بە پێچەوانەوە بڕیارمان بەهێزتر دەکات.

 

"نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێک بێت لەو پێشێلکارییانە"

نەسرین عەبدوڵا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەشێک نەبن لەو پێشێلکارییانەی دەکرێت و وتیشی: با بڵێین ئەگەر پشتیوانی دەکرێت و لەلایەکیشەوە ئەم کردەوانە ئەنجام دەدرێت، واتای ئەوەیە زلهێزە نێودەوڵەتییەکانیش هاوبەشن لەو کارانەدا. ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە. ئەگەر چەمکی تیرۆر پێناسە بکەین، تیرۆر چییە؟ ئەگەر ناسنامە لەناوببرێت، ڕێگری لێبکرێت، ئەگەر ئازادی لە بارببرێت ئەوە دەبێتە تیرۆر، کۆمەڵکوژی لەسەر گەل بەڕێوە دەچێت، ئایا ئەمە تیرۆر نییە؟ ئەگەر هەموو مافەکانی ژنان لەناوببرێن، ئایا ئەمە تیرۆر نییە؟ هێرش بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت، ئایا تیرۆر نییە؟

 

بانگەواز بۆ ژنان و گەنجان

نەسرین عەبدوڵا فەرماندەی یەپەژە داوای لە سەرجەم ژنان و گەنجانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، ئەو دەستکەوتانە بپارێزن کە بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بەدەستهاتوون و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە هەمووان لە دەوری هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە کۆببنەوە، داوا لە هەموو گەل و ژنان دەکەم هەڵوێستیان هەبێت و دەنگتان بەرز بکەنەوە دژی ئەم تیرۆرەی کە پەرەی پێدەدرێت. ئەمڕۆ دەیانەوێت کۆبانێ بکەنە ئامانج. کۆبانێ شوناسێکە بۆ هەموو گەلان لەسەر ئاستی جیهان، نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تێکۆشانی ئێمە لە هەموو شوێنێک وەک کۆبانێ دەبێت. ئێمە لێرەدا هەڵوێستێکی ڕوونمان هەیە. هەروەها دڵنیاین کە شەڕی ئێمە دژی تیرۆر بۆ پاراستنی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکان و ژنانە. با هەمووان بزانن سەرکەوتن سەرکەوتنی هەمووان دەبێت، شکست شکستی هەمووان دەبێت. ئێمە جەخت لە سەرکەوتن دەکەینەوە، بۆ ئەمەش پێویستە هەموو کەسێک لە کاتی خۆیدا ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. داوا لە گەنجانی سووریا دەکەم لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا هۆشیار بن، دەبێت پەیوەندی بە هێزی جەوهەرییەوە بکەن و بەشداری قەسەدە بن. ئێمە خاکەکانمان دەپارێزین، گەلەکەمان دەپارێزین. ئەمە کاتی ئەوەیە گەنجان ئەرکی پاراستنی خۆیان بۆ نیشتمان و کۆمەڵگەکەیان بەجێ بگەیەنن. وەرن و ئێوەش بەشداری بکەن، تا بتوانین ببینە وەڵام بۆ ئەم پڕۆسەیە.