"ئەگەر ڕیشیان هەبێت یان بۆینباخیان بەستبێت، هەمان بیرۆکەی دژە مرۆییان هەیە"
سابا شاهین سەبارەت بە چارەنووسی ئەفغانستان و سووریا وتی: "داعش، تەحریر شام، نوسرە، ئەل-قاعیدە، ناوییان هەرچییەک بێت، بیرۆکەکانیان وەک یەکە" و داوای خەباتی هاوبەشی کرد دژی سیاسەتەکانی دژ بە ژنان .
بەهاران لاهیب
نەنجەرهار- ئامانجی ئەو شەڕانەی کە هێزە ئیمپریالیستەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان پێکردووە، بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان و زاڵبوونە بەسەر دەوڵەمەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیزاینکردنەوەی جیهانە، جگە لەوەش شەڕ دەرفەت دەدات بە زلهێزە ئیمپریالیستەکان کە چەکەکانیان بە لایەنە ناکۆکەکان بفرۆشن، بۆ ئەمەش پاڵپشتی زۆربەی گروپە چەتەییەکانی وەک داعش و نوسرە و قاعیدە دەکەن، زلهێزە دەسەڵاتدارەکان کە نەیاندەویست ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بێت، بوونە هۆی مردن و ئاوارەبوونی هەزاران ژن و منداڵ و پیاو و بەساڵاچوو لە ڕێگەی ئەو شەڕانەی کە خوڵقاندیان.
هەروەک ئەفغانستان، سووریاش لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە درا بە چەتەکان، دەوڵەتی تورکیا و ئیسرائیل هەوڵ دەدەن ئەم دەرفەتە لە سووریا بقۆزنەوە و پشکێک وەربگرن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکەپە هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ ئەو چەتانەی کە پاڵپشتییان دەکات زیاتر کردووە و خەڵک ناچار دەکات کۆچ بکەن و کۆمەڵکوژی دەکات، بەڵام بارودۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاوشێوەی ئەفغانستان و ناوچەکانی تری سووریا نییە، چونکە لەوێ بەرخۆدان هەیە و گەل بەردەوامە لە خەبات بۆ خاک و ئازادی خۆی.
"من چارەنووسی گەلی سووریا وەک وڵاتی خۆم دەبینم"
سابا شاهین، یەکێک لە داکۆکیکارانی مافی ژنان لە ئەفغانستان، باسی لەوەکرد کە ڕووداوەکانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ەوە هاوشێوەی ئەفغانستانە و وتیشی: کاتێک شەڕ و ناسەقامگیری لە سووریا دەستیپێکرد، هەمیشە لە کۆبوونەوەکانمدا لەگەڵ هاوڕێکانمدا دەمگوت: من کە خەڵکی سووریا دەبینم، هەستدەکەم چارەنووسی ئەو وڵاتە وەک وڵاتەکەی من بێت، وڵاتانی ئیمپریالیست بە پتەوکردنی بناغە ئایینیەکان و ڕێکخراوەکانی وەک ئیخوان موسلیمین هەوڵی چەوساندنەوەی خەڵک دەدەن، وڵاتەکەم لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتی تاڵیباندا ڕووبەڕووی ئیسلامی توندڕەو بووەوە، لە دوای داگیرکردنی ئەفغانستانەوە، بە هاوکاری ئابووری و سەربازی ئەمریکا، پاکستان، سعودیە و ئێران، پارتە ئاینییە توندڕەوەکان دامەزراون و گەلییان کردووەتە قوربانی، بەتایبەتی ژنان، هەروەها هەزاران ڕۆشنبیری وڵاتەکەمیان لەناوبردووە.
"ئەگەر ڕیش یان بۆینباخیان هەبێت، بیرکردنەوەکانیان وەک یەکە"
سەبا شاهین ئاماژەی بەوەشکرد، هەمیشە دەڵێن کە گەلی ئەفغانستان خۆی حوکمڕانی تاڵیبان و بارودۆخی ئێستای دەوێت، بەڵام مێژووی دوور و درێژی خەباتی ژنان و پیاوانی ئەفغانستان لەبیر دەکەن، لە شاژنە سۆرایا تا بزووتنەوە خۆبەخۆکانی ژنان و بوونی ژنانی ئەفغانستان.
هەروەها لە کۆتایی وتەکانیدا وتی: پێویستە گەلی سووریا زۆر باش ئەمە بزانن، لە بنەڕەتدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئیسلامی توندڕەو و ئیخوان موسلیمیندا نییە، داعش، یان هەر گروپێکی تر گرنگ نییە چۆن دەردەکەون، ئەگەر ڕیشیان هەبێت، یان بۆینباخیان بەستبێت، هەمان بیرۆکەیان هەیە تەنها ڕووخساری ئەوان گۆڕاوە و دەبێت پێکەوە دژی بیرۆکە دژە مرۆییەکانیان بجەنگین بۆ لەناوبردنیان.