کاریگەریی توندوتیژیی ناو زنجیرە دۆبلاژکراوەکان، لەسەر منداڵان

سوعاد مەلا سەعید -سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

ساڵانی رابردوو زیادبوونی رووداوەکانی توندوتیژی، شایەتی زیادبوونی ئاستی توندوتیژی دەدەن کە بەهۆی ئەو زنجیرە دۆبلاژکراوەکانەوە بووە، پیشانی منداڵان دەدرێن. ئەم توندوتیژییانە، تەنیا لە دیمەنە شەڕەنگێزەکاندا دەرناکەون، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ رەفتاری شەڕەنگێزیی جۆراوجۆر. بۆیە زۆر گرنگە لە کاریگەرییەکانی ئەم ناوەڕۆکە و چۆنیەتی گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵان تێبگەین.

 

پێناسەی توندوتیژی
توندوتیژی بریتییە، لە بەکارهێنانی هێزی جەستەیی یان دەروونی بۆ زیانگەیاندن بە کەسانی دیکە. لە چوارچێوەی زنجیرە دۆبلاژکراوەکاندا، توندوتیژی زۆر دەردەکەوێت، ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر رەفتار و تێڕوانینی منداڵان بۆ دنیای دەوروبەریان هەبێت.

هۆکارەکانی کاریگەریی توندوتیژی
چەند هۆکارێک هەن کە وا لە منداڵان دەکەن بە هۆی زنجیرە دراما دۆبلاژکراوەکانەوە، بەرەوڕووی توندوتیژی ببنەوە:
١- نەتوانینی جیاکردنەوە: منداڵانی بچووک بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە نزیکی 2 بۆ 5 ساڵدایە، ناتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان فەنتازیا و واقیعدا، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر ئامادەبن بۆ کاریگەریی بە رەفتارە توندوتیژیەکان.
٢- فێربوونی کۆمەڵایەتی: منداڵان و هەرزەکارانی تەمەنی قوتابخانە مەیلیان هەیە لاسایی رەفتاری ئەو کارەکتەرانە بکەنەوە کە سەیری دەکەن. ئەم لاسییکردنەوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی رەفتاری شەڕەنگێزی.
٣- کاریگەریی ژینگەیی: ژینگەی دەوروبەری منداڵ، وەک توندوتیژی خێزانی یان گرفتی ئابووریی، بۆی هەیە زیاتر هەستیاریان بکات بەرامبەر بە توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی.

رۆڵی پەروەردەکردنی منداڵ
پەروەردەکردنی منداڵ رۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە داڕشتنی رەفتاری منداڵان.
پەروەردەکردنی منداڵ پێویستە ئەمانەی خوارەوە لەخۆبگرێت:
- بەرەوپێشبردنی بەهاکانی لێبوردەیی: پێویستە منداڵ لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری گرنگی لێبوردەیی و رێزگرتن بکرێت.
- پەرەپێدانی تواناکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی: پێویستە منداڵان فێربکرێن چۆن بە شێوەیەکی ئاشتیانە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکاندا بکەن، ئەمەش ئەگەری بەکارهێنانی توندوتیژی کەمدەکاتەوە.

باسکردنی توندوتیژی لەگەڵ منداڵان
لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر توندوتیژی لە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان لەگەڵ منداڵاندا، دەتوانرێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە پەیڕەو بکرێت:
١- چاودێریی ناوەڕۆک: گرنگە چاودێریی ئەرێنی منداڵان و مێردمنداڵان بکرێت لەکاتی سەیرکردنی دراماکان، کە منداڵ سەیری دەکات، هەروەها دەستنیشانکردنی ئەو دیمەنانەی کە دیمەنی توندوتیژیان تێدایە.
٢- رێنمایی و گفتوگۆ: لەگەڵ منداڵەکەت قسە بکە دەربارەی دیمەنە توندوتیژیەکان و لێی بپرسە دەربارەی هەستەکانی سەبارەت بەو دیمەنانە، هانیان بدە بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان.
٣-روونکردنەوەی جیاوازییەکان: جیاوازی نێوان فەنتازیا و واقیع روون بکەرەوە، چۆن توندوتیژی چارەسەر نییە بۆ کێشەکانی ژیانی راستەقینە.
٤- بەدیلەکان دابین بکرێن: منداڵ هان بدرێت سەیری ئەو بەرنامانە بکەن کە بەها ئەرێنییەکان بەرەوپێش دەبەن و لەگەڵیدا خوێندنەوە و وەرزشیش بکات.

رۆڵی راگەیاندن
میدیا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر رەفتاری منداڵان هەیە. بۆیە دەبێت هەوڵی هۆشیارکردنەوە لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەکانەوە بدرێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی هەڵبژاردنی ناوەڕۆکی گونجاو.


لە کۆتایدا دەڵێین، کاریگەریی توندوتیژی لە زنجیرە دۆبلاژکراوەکاندا لەسەر منداڵان، تەحەدایەکە، کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی دایک و باوک و کۆمەڵگە هەیە. لە رێگەی پەروەردەکردنی دروست و چاودێریی و گفتوگۆوە دەتوانرێت کاریگەریی توندوتیژی کەم بکرێتەوە و بەها ئەرێنییەکان بەرەوپێش ببرێن. گرنگە هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و تەندروست بۆ منداڵان، کە بتوانن دوور لە رەفتاری توندوتیژی، گەشە بکەن.