رۆڵی یاسا لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگەدا

وەردە ڕەشید- نووسەر

مەبەست لە چەمکی یاسا، بریتییە لە کۆمەڵێک رێسای یاسایی کە لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە دەردەچێت و ئەرکی جێبەجێکردنی دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ئامانج لە دانانی یاسا بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان تاکەکانە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە بۆ رێکخستنی پەیوەندیی تاکەکانە بە کۆمەڵگەوە،  رێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان، یەکێکی ترە لە ئامانجەکانی یاسا، بۆ ئەم مەبەستەش یاسای نێودەوڵەتی گشتیمان هەیە، لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئایا بۆئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە مامەڵەیەکی دادپەروەرانە و ئەخلاقیانە لەگەڵ یەکتردا بکەن، بەبێ بوونی یاسا ئەو ئامانجە دەپێکین؟ لە بارەی مامەڵەی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا (هۆبز) کە یەکێکە لە گەورەترین زانای فەلسەفە و قوتابخانەی ئەخلاق دەڵێت: "مرۆڤ گورگی براکەیەتی". واتە ئەم بۆچوونەی هۆبز پێمان دەڵێت، تاکەکانی کۆمەڵگە بۆئەوەی مامەڵەیەکی گونجاو و ئەخلاقیانە لەگەڵ یەکدیدا بکەن، پێویستە بە یاسا ملکەچ بکرێن لەپێناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، بۆیە پێویستە یاسا، سزای یاسایی لەگەڵدا بێت، ئەو سزایەش رووبەری پێشێلکارانی یاسا بکرێتەوە، هەربۆیە لەجیهاندا یاسایەکمان نییە سزای لەگەڵدا نەبێت تەنانەت لە یاسای ئەو کۆمەڵگەیانەشدا کە لانکەی سەرهەڵدانی مافی مرۆڤن و لەپێناوی بەدیهێنانی ئازادی خەباتیانکردووە، هەمیشە سزا دیارییکراوە بۆ پێشێلکردنی یاسا، چونکە بەبێ بوونی سزا، یاسا ئامانج ناپێکێت، هەمیشە ئەو دەوڵەتانەی یاسا تێیدا سەروەرە پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت لە هەموو بوارەکاندا.

 

 هەڵبەت پەند لەبوونی یاسادا نییە، بەڵکو پەند لە جێبەجێکردنیدایە، لەپێناوی چەسپاندنی سەروەریی یاسادا پێویستە دەسەڵات مەیلی جێگێرکردن و چەسپاندنی سەروەریی یاسای هەبێت، (ئەرستۆ) دەڵێت: "پێویسته یاسا وەک مەرگ وابێت بەیەکسانی بەسەر هەموواندا جێبەجی بکرێت"، واتە هەژار و دەوڵەمەند بێ دەسەڵات و دەسەڵاتدار هەمان چارەنووسیان هەبێت یاخود هەمان سزا بیانگرێتەوە لەکاتی پێشێلکردنی یاسادا، بۆئەوەی یاسا جێی خۆی بگرێت و بۆشاییەکان پڕ بکاتەوە لەتەواوی بوارەکانی ژیان، پێویستە دەسەڵاتی یاسادان، واتە پەرلەمان کاتێک پڕۆژە یاسایەک ئامادە دەکات، لەدوای شۆڕکردنەوەی پرۆژە یاساکە بۆ ناو زۆربەی کایەکان و وەرگرتنی رای زۆرینە، ئەوجا بڕیار بدات بە پەسەندکردنی، چونکە هەر وەک لەکۆنەوە وتراوە "دوو عەقڵ باشترە لەیەک عەقڵ، سیانیش باشترە لە دوو"، ئەرکی دەسەڵاتی یاسادانانە، واتە پەرلەمان، بەردەوام بەپێی گۆڕینی باردوخەکان و پێشهاتی نوێ، یاساکانی هەموار بکاتەوە، لەسەر ئاستی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و خێزان، زۆر گرنگە تاک لەسەربنەمای رێزگرتن لە یاسا و خۆشەویستی بۆ جێبەجێکردنی، یاسا پەیڕەو بکرێت. 


بابەتی یاسا یەکێکە لەو بابەتانەی کە زۆر پێویستە بخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە تا هۆشیاریی یاسایی لای تاک دروست ببێت، چونکە کاتێک تاکێک هۆشیارە بەو سزا یاساییەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەشێوەیەکی باشتر خۆی دەبوێرێت لە ئەنجامدانی تاوان و ئازاردانی ئەوانی تر.