لەپەراوێزی لێدانەکەی ئێراندا

دکتۆر نیکۆلا ئەشرەف شاڵی- چاودێری سیاسی

- لێدانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی تایبەتی سنوردار ئەنجامدراوە، بەئاگاداری و ڕەزامەندی ئەمریکا و بەهەماهەنگی وڵاتانی ناوچەکە.

 

- لێدانەکە سنوردارە و لەبنکە و وەگەڕخەرە ئەتۆمییەکانی (نەتەنز لە ئەسفەهان) و گەنجینەی موشەکی بالیستی دورهاوێژ دراوە، وە ئەم لێدانانە بەئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەت بەردەوامی دەبێت و بنکە ئەتۆمییەکانی تریش دەگرێتەوە لەگەڵ کارگەکانی بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستی دورهاوێژ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید ١٣٦.

 

- لێدانەکانی ئیسرائیل لەپاڵ بنکە و وەگەڕخەرە ئەتۆمییەکان، ناوەندی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵکردنی (مرکز القیادة والسیطرة) گرتۆتەوە، وە پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت بەجۆرێك هەرچی زانای ئەتۆمی و ئەقڵی وەبەرهێنانی ئەتۆمە لەناودەبرێت چ بەلێدانی سەربازی تایبەت بێت یان تیرۆری تاکەکەسی.

 

- لێدانەکانی ئیسرائیل لەچواچێوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەتی سنوردار بۆ ئێران بەردەوامی دەبێت و بەچەند شەپۆلێکی هێرش کردنی سەربازی ئەنجام دەدرێت، وە لەکاتی پێویستدا ئەمریکا خۆتێهەڵقورتاندن دەکات بۆ پشتیوانی و بەرگری لە ئیسرائیل.

 

- ئەمریکا و ئیسرائیل، هەرگیز ناهێڵن ئێران ببێت بەوڵاتێکی ئەتۆمی ڕاگەیەندراوی ئاشکرا. وە مەترسی خستنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران وا دەکات ئەو وڵاتە پەردە لەسەر موشەکە ئەتۆمییەکانی هەڵنەماڵێت کە لەئێستادا لە ڕووسیادا شاردویەتیەوە و ئەمریکاش لێی ئاگادارە.

 

- ئێران، بەکرداری توانای بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل و ئەمریکای نیە، وە لەئەگەری هەر جوڵەیەکی سەربازیدا ئەوا سنوردار دەبێت و تەنها بۆ ڕازیکردنی ڕای ناوخۆییە، بۆیە دەرەنجام دەبینین کە ئێران لەپێناو مانەوەی سستەمە سیاسییەکەی سازش دەکات.

 

- لێدانەکانی ئیسرائیل، فشارە بۆ ملکەچ کردنی ئێران. دەرەنجام سازشی ئێران دەبینین.

 

- ئەم دۆخە سەر ناکێشێت بۆ جەنگێکی ڕاستەوخۆی کراوەی گشتگیر لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بەرامبەر بەئێران.

 

- نێوەندگیری ڕووسیا لەنێوان ئەمریکا و ئێران بەبەهێزی دێتەپێشەوە، خودی سەرۆکی ڕووسیا (ڤلادمیر بوتن) ئەنجامی دەدات.

 

- شانشینی عوممان ڕۆڵی زیاتر دەبینێت لەناوەندگیری نێوان ئەمریکا و ئێراندا.

 

- ئێران دۆخی ئەمنی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ دەکاتە بیانوو بۆ سنوردارکردنی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل یان هەر ئەنجامنەدانی لەبنەڕەتدا.

 

- بەگشتی هیچ مەترسییەك لەسەر باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان) نیە و تەنانەت مەترسی جدی لەسەر ناوچەکەش نیە.

 

لەم دۆخەدا:

ئەگەر پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەسازی پێشوەختەیان بۆ گۆڕانکاری و ئەم پێشهاتانە بکردایە. ئەوا ئێستا دەرفەتی زێڕین بوو بۆ جوڵە و کاری سیاسی و تەنانەت سەربازی تائاستی گەشتن بەدامەزراندنی دەسەڵات و حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەری کوردی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

لەم ڕوانگەیەوە، هەمیشە دەموت و دەیڵێمەوە ئەم قۆناغە قۆناغی زێڕینی کوردە. چونکە ئەم قۆناغی گۆڕانکارییانە دەرفەتی زێڕینی لەم جۆرەی بۆ کورد لەکۆی بەشەکانی کوردستانی گەورە هەڵگرتووە.

پێشهاتی تری نوێ بەڕێوەن..

 

تێبینی؛

-هەروەك پێشتر وتمان، ئێران سستەمی بەرگری لێیدراوە و تەواو لاوازکراوە بۆیە توانای دیاریکردنی پێشوەخت و بەرپەرچدانەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلی نەبووە.

- زاراوە سەربازییەکان، زیاتر پسپۆرانی بواری سەربازی باشتر لێی تێدەگەن.

- شرۆڤەکانمان وەك خۆی هاتەدی.