شاخە ژن، چۆن لە شۆڕشی نوێدا توانیمان تابۆکان بشکێنین؟
نەرمین عوسمان- نووسەر

شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لەدوای نسکۆی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٥ بە ماوەیەکی زۆر کەم دەستیپێکرد، بەشێوەیەک دوژمنان و بەشێک لە دۆستەکانیش چاوەڕوانی هەڵسانەوەیەکی لەو شێوەیەیان نەدەکرد، بەڵکو ئەوە مام جەلال بوو مەحاڵی کرد بە گژی مەحاڵدا و بناغەی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێی بە رابەرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دانا.
نوێبوونەوە چووە ئاستی کردارەوە، جیاواز لە هەر شۆڕشێکی دیکەی تا ئەو سەردەمە لە زۆر رووەوە خاوەن تایبەتمەندیی خۆی بوو، بۆیە هەر لە سەرەتاکانەوە گەشانەوە و سیماکانی پەرەسەندنی پێوە دەرکەوت و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لە دەور کۆبوونەوە و چین و توێژە جیاوازەکان بە گوڕەوە بەشدارییان تێدا کرد.
رێکخستنەکان و بەشداریی ژنان
رێکخستنەکانی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستان لەناو شار، زانکۆ و پەیمانگە و شوێنە جیاوازەکاندا پەرەی سەندبوو، کۆڕ و کۆبوونەوە رۆشنبیرییەکان و مەسەلەی یەکخستنی خەبات و هەڵوێست تێیاندا بە بەشداریی ژنان و پیاوان و چین و توێژە جیاوازەکان چووبووە قۆناغێکی نوێوە، راستتریش بڵێم خەباتی نەتەوەیی و هزری چەپ لەوپەڕی تاوسەندندا بوو.
من وەک ژنێکی چەپ و ئەندامی کۆمەڵە، بەوپەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە بەشداربووم لەو خەباتە نهێنییەدا، لە راستیشدا بۆ ئەو سەردەمە بەشداریی ژنان و کچان هەندێک ناباو بوو، بەڵام ژنانێکیش هەبووین بێ گوێدانە ترسی بەعس و بیری دواکەوتوو شانمان دابووە بەر خەبات و وەستانەوە لە رووی ستەمی بەعسدا. لە شار ژنانی بەشدار لە رێکخستنەکاندا ئەرکی قورسیان لەسەر شان بوو، چاوی کۆمەڵگەیان لەسەر بوو، ترسی بەعس دەوری تەنیبوون، بەڵام ئازایانە ئەرکی سەرشانیان رادەپەڕاند و کەمتر لە پیاوانیان نەکردووە.
شاخ و ئەزموونی نوێ بۆ ژنان
لە سەرەتاکانی شۆڕشی نوێوە ژنان تێیدا بەشداربوون، هێرۆخان وەک تەوارێکی بەرزەفڕ لەگەڵ رەوانشاد هەڤاڵ مام جەلال لە سەرەتاکانەوە بەشداری کردووە و دواتریش زۆرینەی کاتەکانی تا راپەڕین هەر بەشدارێکی کارا بووە، ئەرشیفی وێنەیی شۆڕش بەشی زۆری ئەو خاوەنێتی و چاونەترسانە بەشێک لە داستانەکانی پێشمەرگەی تۆمارکردووە.
وردە وردە دەیان ژنی ئازا، چوونە شاخ و بوونە پێشمەرگە یان لە یەکێک لە ئۆرگانەکاندا بوونە خاوەن ئەرک و منیش بۆ خۆم یەکێکم لەو ژنانە و شانازیی ئەوەم هەبووە لە شاخ و شار بەشداریی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەکەم لە رێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بکەم.
ئەزموونی شاخ بۆ ژنان قورس و مەترسیدارتر بوو، ژیانێک بەتەواوی جیاواز لە ژیانی شار و دوور لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی ئاسایی، لە خواردنەوە بیگرە بۆ جلوبەرگ، فێنککەرەوە و گەرمکەرەوە، خانوو و شوێنی نووستن، گەرمای تاقەت پڕوکێنی هاوین و ساردیی لە رادەبەدەری زستان، هەروەها دەیان گرفتی دیکە کە مرۆڤ ئەگەر ئیرادەی بەرز نەبووایە، ئەوا ئاسان نەیدەتوانی لەگەڵ ئەو ژیانەدا هەڵبکات.
خاڵێک جێگەی سەرنجە قسەی لەسەر بکەم، ژنان بەدەیان گرفت، تابۆی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی دەور درابوون، لەبەردەم تاقیکردنەوەی ئەزموونی قورسی پێشمەرگایەتی و بەشدارییدا بوون لە شۆڕشی نوێ، زۆر کەم هاندەدران بۆ بەردەوامبوون و هەندێکجاریش سارد دەکرانەوە، بەڵام ئیرادەی ژنان، چونکە لە بڕوابوونیانەوە بە دۆزی نەتەوەکەیان و یەکسانیی نێوان ژن و پیاوەوە هەڵقوڵا بوو، توانی بەسەر بیری تەسک و تاریک و هزری پیاوسالاریدا سەربکەوێت و نموونەیەکی بەرزی خەبات پێشکەش بکات.
ئێستا کە ژنانی کوردستان بەشێکی زۆر لە مافەکانیان بەدەستهێناوە و تابۆکان لە دەور و بەربەستەکان کەمتر لە رێگەیان ماون، بەرهەمی خەباتی ژنانی شۆڕش و خەباتی یەکێتی و جیهانبینییە مرۆڤدۆستانەکانی سەرۆک مام جەلال-ن و باشترە بە شایستە سەیربکرێن و رێزی تەواویان لێ بگیرێت.
هێرۆخان بەشی زۆری ئەرشیفی وێنەیی شۆڕش ئەو خاوەنێتی و چاونەترسانەش بەشێک لە داستانەکانی پێشمەرگەی تۆمارکردووە