سناپ چات و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان

ڕۆزا حەمە ساڵح - نووسەر و وەرگێڕ

 

لەم دوایانەدا لە وڵاتی ئەمریکا توێژینەوەیەک دەریخستووە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی، سناپ چات بەتایبەتی، زیانێکی دەروونی گەورە بە بەکارهێنەرانی دەگەیەنێت، ئەم تۆژینەوە ئەوەشی پشتڕاست کردۆتەوە کە سناپ چات لەنێو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەدان کە زۆرترین کاریگەری نەرێنی لەسەر هەڵسوکەوت و ڕفتاری گەنجان هەیە، بەتایبەتی ڕەگەزی مێینە چونکە زیاد لە پێویست بەکاریدەهێنن.

 

سناپ چات کاریگەری خراپ لەسەر بەکارهێنەرانی بەجێدەهێڵێت، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەپڵیکەیشنی بنچینەیی وێنەیە، ئەمەش بەو مانایەیە دێت کە ئاسان نییە بۆ بەکارهێنەران خۆیانی لێ بەدوور بگرن.

 

توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە ئەم ئەپڵیکەیشنە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی بەجێ دەهێڵێت، تاک بەرەو تەنیای و گۆشەگیری و خەمۆکی و دڵەڕاوکێی و دەستەمۆی و ترس دەبات. لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە ئەو کەسانەی کاتێکی زۆر لە بەکارهێنانی سناپ چات بەسەر دەبەن، وایان لێدێت کە لە ڕووخساری سروشتی خۆیان ڕازی نەبن، هەست بە کەموکوrتی بکەن، کاتێک ڕواڵەتی خۆیان بە سروشتی دەبینن و بەراوردی دەکەن بەو فیلتەرانەی لە سناپ چاتەدا هەیە پەنا بۆ نەشتەرگەری و جوانکاری دەبەن، بۆتۆكس و فیلەر دەکەن تاوەکو ڕووخساریان وەک وێنەکانی سناپ چاتی لێبێت.

 

لەم سەردەمەدا ئەم جۆرە ئەپڵیکەیشنانە تەواوی جیهانی داگیرکردووە، بەگشتی مرۆڤەکان ناتوانن خۆیانی لێ بەدور بگرن، هەربۆیە توێژەران ڕێگە چارەیەکیان پێشنیارکردووە، ئەویش بریتییە لە بیرخستنەوەی بەکارهێنەران کە ژیان لە دەرەوەی ئەم جۆرە ئەپلیکەیشنانە بوونی هەیە و دەبێت مرۆڤ کەمترین کاتی خۆی بۆ تەرخان بکات.

 

بەکارهێنانی سناپ چات لە وڵاتانی پێشکەوتوودا زۆر کەمترە بە بەراورد بە وڵات و کۆمەڵگا دواکەوتووەکان.

کۆمەڵگای کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی تاکەکانی بە ڕێژەیەکی زۆر و ڕۆژانە بەکاریدەهێنن، هەر یەک لە ئێمە لە چوار دەوری خۆماندا نمونەکان بە ڕوونی دەیبینین. لە کۆمەڵگای ئێمەدا مرۆڤەکان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی زۆر بە خراپی ئالۆدەی ئەم پێگە ئەلیکترۆنییە بوون، هێندە کاریگەری نەرێنی لە سەر دەروونیان دروست کردووە، تا ئەو ڕادەیە کە متمانەیان بە خۆیان نەماوە، دۆخێکی مەترسیدار خوڵقاوە وای لێهاتووە زۆرینەی ژنان بەبێ فلتەری سناپ چات ناتوانن وێنە بگرن، واقعی ژیان و ڕوخساری خۆیان بە تەواوی لەبیر کردووە، ژیانی تایبەتی خۆیان کردووەتە کاڵایەک بۆ ئەوەی هەمووان بیبینن، وەک ئەوەی کە تەنها ژیان بریتی بێت لە وێنە گرتن و نمایشکردنی ساختە.

 

سناپ چات سنووری خێزانەكانی بەزاندووە، لە ڕابردوودا قورس بوو بۆ مرۆڤ کە بتوانێت زانیاری تایبەتی لەسەر ژیانی خێزانەکان دەست بکەوێت، بەڵام ئێستا و بە هۆی سناپ چاتەوە ئەو کارە زۆر ئاسان بووە، خێزان بە هۆی سناپ چاتەوە تا رادەیەک ڕووت بۆتەوە و هیچ شتێکی تێدا بە نهێنی نەماوەتەوە.

 

ژنان هەر لە کۆنەوە پیرۆزی خۆیانیان هەبووە، بەرپرسیارێتیان هەڵگرتووە، بنچینە و بڕبڕەی ڕاگرتنی خێزانەکانیان بوون، نهێنییەکانی ناو خێزانەکانیان پاراستووە، بەو هۆیەشەوە کێشە و گرفتەکانی ناو خێزان کەمتر بوون. بەڵام لە ئێستادا ژنان بە گشتی کەمتر لە خەمی خێزاندان، کەمتر بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن، ئەوان زۆرترینن کە ئەم پێگە ئەلکترۆنیە بەکاردەهێنن، ڕۆژانە لە پێشبڕکێدان بۆ نمایشکردنی ژیانی تایبەتی خۆیان، چوونە دەرەوەیان، پەیوەندییەکانیان، جلو بەرگەکانیان کە دەیپۆشن، چێشت و خۆرادنەکانیان کە ڕۆژانە لە سناپ چات دایدەنێن، لەم ئەپڵیکەیشنەدا ژنان ژیانێکی پڕ لە ڕۆمانسیەت و خۆشەویستی دەژین، بەڵام ڕەنگە ڕاستییەکە تەواو پێچەوانە بێت و هەوڵێک بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکورتییەکانی ناو ژیانیان.

 

لە ئێستادا پێوەرەکان ئەوە نیشان دەدەن کە تا چەند ژنان بەدەست تێکچوونی دەروونی و نەبوونی متمانەوە دەناڵێنن، ئەمەش بە کۆمەڵێک نیشانە دەستنیشان دەکرێت، کە گرنگترینیان فێڵەکانی بەرگریکردنە لە خۆیان، خۆشەویستی بۆ خۆنمایشکردن و شانازیکردن لەبەردەم کەسانی دیکەدا، تیشک خستنە سەر ژیانی تایبەتی خۆیان و تایبەتمەندیەکانیان، تەنانەت ئەگەر بێماناش بن.

 

کەواتە ئەو خۆدەرخستن و خۆنمایشکردنە کە لە ڕێگەی سناپ چاتەوە دەکرێت چێژ وەرگرتنێکی کاتییە، کێبڕکێی نێوان مرۆڤەکان و ئامرازێکە بۆ وروژاندنی ئیرەیی لە نێوان خۆیاندا، ئەم جۆرە کاردانەوانە دەرخەری ئاستی نزمی هۆشیارییە، کە پەیوەندی بە پەروەردەوە نییە، بەو پێیەی زۆرینەی بەکارهێنەرانی خوێندەوارن و زۆربەیشیان دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکانیشن، بەڵام خاوەنی هۆشیارییەکی بەرز نیین .

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و سناپ چات بەتایبەتی دزەیان کردۆتە ناو ماڵەکانمانەوە، ئەم پێگە ئەلکترۆنیانە وایان لە بەکارهێنەرانیان کردووە کە بکەونە پۆلی ئالوودەبوون و پەیوەندی بەردەوامیان بەم تۆڕانەوە هەبێت و لە واقیعی ژیانی خۆیان داببڕێن و دوور بکەونەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها نەهێشتنی تایبەتمەندی تاک و هەنگاونان بەرەو ژیانێکی ڕووکەشیانە.

 

گومانی تێدا نییە کە بڵاوکردنەوەی تایبەتمەندی و داگیرکردنی ژیانی تاک شتێکی نەخوازراون بۆ هەمووان، کارێکی نامۆ و ڕەفتارێکی نەشیاوە، بەتایبەت لەناو کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا. دەبینین دۆخێک خوڵقاوە زۆرێک لەو چەمکانەی کە پەیوەستن بە ڕێز و حورمەت و خۆپاراستن و هێڵە سوورەکان خەریکە نامێنێت، ئەوەی لە ڕابردوودا قەدەغە بووە، هەنوکە ڕێگەپێدراوە و لەم تۆڕە کۆمەڵایانەدا بڵاودەبێتەوە، ئەم پێگانە وەک ڤایرۆسیان لێهاتووە و مرۆڤ هیچ بەرگرییەکی لەبەرامبەریدا نەماوە. لەناو کولتووری تەواوی کۆمەڵگاکاندا، شتێک بوونی هەیە کە پێی دەوترێت عەیبە، زیادەڕەوی لە هەر شتێکدا دەبێتە مایەی عەیبە و شەرمەزاری، ئیدی چ ژن بێت یان پیاو، دەبێت ئێمەی مرۆڤ لە دەروازە ڕاستەکان بەدوای راستەقینەی خۆماندا بگەڕێین، ڕفتار و هەڵسوکەوتەکانانمان سنوردار بکەین، ئەگەر هاتوو چەمکی شەرم لە نێوان تاکەکانی ناو کۆمەڵگادا بوونی نەما، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە بەرەو دارمان دەڕوات، بەها جوان و پیرۆزەکان نامێنێت و ڕێز و شکۆی مرۆڤەکان دەڕوخێت.