بۆچی ژنانی سیاسی دەکرێنە ئامانج؟

زوڵفان غەریب - چالاکوانی کۆمەڵایەتی و بواری ژنان

لە هەر کۆمەڵگەیەکدا داگیرکاری و جەنگ ڕوویدابێت، زوڵم و پێشێلکردنی مافی مرۆڤیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، خوێنڕشتن و کاولکاری دەبێتە هۆی تێکچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵك، چەوساندنەوەش بە شێوەیەکی بەرفراوان، جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە.

 

لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو بارودۆخە ستەمکارانەیەدا هەستی بەرەنگاری و شۆڕشگێری لە دەروونی هەموواندا چەکەرە دەکات و هزری تێکۆشان و ئاڕاستەی یەكڕیزیی لە ناخی جەماوەردا زیاتر گەشە دەکات.

 

لەم میانەیەدا رۆڵی ژنان و کچان دەردەکەوێت و گرنگی بەشداریی کردنیان لە بزووتنەوەی ڕاپەڕین و شۆڕشگێڕیدا لە مەیدانی تێکۆشاندا زیاتر خۆی دەنوێنێت، دەگات بەو ئەنجامەی، کە بەبێ خەبات و چالاکی ژنان هەرگیز سەربەخۆیی و ئازادیی بەدی نایەت.

 

ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگە بەیەکەوە ڕۆڵیان نەبێت لە خەباتکردن و بە گژداچوونەوەی داگیرکاریی، مەترسی تەنها لە سەر خاک و نیشتمان درووست نابێت، بەڵکو کولتوور و زمان و ئایدیۆلۆژیا هەموویان دەکەوێتە بەر شاڵاوی داگیرکاری و زەوتکردن بەمەش وا دەکات مرۆڤە شۆڕشگێڕەکان گیانی خۆیان بەختبکەن بۆ بەگژداچوونەیان.

 

ئەمەش بەپێی سەردەمەکانی خەباتگێڕی و گۆڕانکاری لە شێوازی جەنگدا و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای ئامڕازی جەنگ گۆڕاوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی، ئاڕاستەکان بە جۆرێک ڕێچکە دەگرن کە ئەستەمە بە ئاسانی بتوانن لە دوای ئازادییش کاریان لە سەر بکرێت.

 

قوربانیی ژنانی سیاسی و شۆڕشگێڕ و بە ئامانج گرتنیان لەلایەن دوژمنەوە، بە تایبەتی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، ژنان زیاتر تووشی گرفت دەبنەوە و بە چەندەها جۆر لەلایەن داگیرکەرانەوە دەکرێنە ئامانج، چونکە بەراورد بە وڵاتانی خۆرئاوا، هەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا، تێکۆشانی ژنان ڕووبەڕوبوونەوەیەکی مەترسیدار لە بەردەم کارکردنیان درووستبووە، بەڵام ئێستا خەم و خەون و خەباتی ژنان لە هەر قۆناغێکی تری مێژوو قورسترە، چونکە لەپێناوی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵگەدا، زۆرێک لە ژنانی پێشەنگ، بوونەتە قوربانی و بەڵگە مێژووییەکانیش شایەتی ڕاستەقینەی خەباتی ژنانن

.

هەر کاتێکیش ژنان کاری سیاسی و دیپلۆماسییان کردبێت هەمیشە ڕۆڵی کاریگەرییان بینیووە، بەوەش سەرنجی گەلەکەیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشاوە، بە تایبەتی کاتێک هەستیان بە مەترسیی دوژمن کردبێت، سەرجەم تواناکانیان خستۆتەگەڕ بۆ بەگژاچوونەوەی ستەم، بەوەش خەسڵەتی ئازایەتی و توانادارییان لە خەباتدا بۆتە جێگای تێڕامان، چونکە بە شێوازێکی بەهرەمەندانەی تایبەت بە خۆیان، چالاکی سیاسی دەنوێنێت و چیتر لە چوارچێوەی ماڵەوەدا قەتیس نابن، بەڵکو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیدا خۆیان ڕێكدەخەن و ئامادەییان لە گۆڕەپانی خەباتدا دەبێت و زۆر جاریش دەبنە پێشەنگ و داهێنەر لە شۆڕشگێڕیدا و هەندێک جاریش لە شۆڕشەکاندا سیمایەکی ژنانەیان لە قارەمانی و بەرخۆداندا پێوە دیار بووە و بە پاڵپشتی هێزەکانی ناوخۆیی و دەرەکی، هەر ئەمەش لە سەرەنجامی تواناداری ژنان، ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی دەکەنە ئامانج و تیرۆریان دەکەن.

 

ئێستاش بە ئامانج گرتنی ژنانی سیاسی لە لایەن دوژمنانەوە، زیادی کردووە کە لەگەڵ ئەوەشدا چەندین رێکەوتننامە و پڕۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتی و پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە بەرپەرچدانەوە و تاوانبارکردنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە گشتی و پێداگرتن لە سەر ڕێزگرتن لە بزورتنەوەی فێمینیستی و بەرەنگار بوونەوەی ستەم و داگیرکردن و کاولکاری هەیە.