ڕێزان له‌گه‌ڵ كچه‌كانی به‌خێزانی چێشتخانهیك به‌ڕێوه‌ده‌بەن
لە شاری کۆیە ژنێک بەناوی ڕێزان خاوەنی چێشتخانەیەکەو لەگەڵ کچەکانی پێکەوە بەڕێوەی دەبەن، ڕێزان داوادەکات ژنان كاری خۆیان بکەن و چاویان له‌ده‌ستی كه‌س نه‌بێت تا هاوکاریان بکەن.

شیا كۆیی
كۆیه-ژنان کاتێک هۆشیاربوونەوە لەوەی لەلایەن عەقڵیەتی پیاوسالار‌و سەردەستەوە پەراوێز دەخرێن و لە کار دوور دەخرێنەوە، هەوڵی بەدستهێنانی کار‌و بوونە خاوەن کاریان دا، پیاوان کاریان لە ژنان قەدەغە کرد بۆ ئەوەی هەمیشە پیویستیان بەپیاوبێت و لەناو چوار دیواری ماڵەوە بن، بەڵام ئێستا ژنان خاوەن کارن و بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن، ژنان رووبەڕووی کۆمەڵگە بوونەوەو قەدەغەکاری و جیاکاری کاریان تێکشکاند.
زۆرن ئه‌و ژنانه‌ی هه‌میشه وه‌ك شاخ به‌هێزن و پیشه‌نگن له‌كاری جوانی و ده‌بنه مایه‌ی هاندان بۆ ژنانی دیكه تا له‌سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن، ڕێزان و كچه‌كانی له‌و ژنانه‌ن كه به ئیش ناڵێن ماندوویی و شەرم، له‌سه‌ر پێی خۆیان وه‌ستاون داواش ده‌كه‌ن له ژنان كه خۆیان كار بكەن و چاویان له‌ده‌ستی كه‌س نه‌بێت هاوکارییان بکەن.
ڕێزان عەبدوڵا قەرەنی، ژنێکی شاری کۆیەیەو حەزی بۆ کاری چێشتخانە وایکرد کە چێشتخانەیەک بکاتەوەو ببێتە خاوەنکار، لەگەڵ خۆیدا دوو کچیشی کاردەکەن و هەلی کاری بۆ ژنانی دیکەش رەخساندووە، سەبارەت بە بیرۆكەی كردنه‌وه‌ی چێشتخانەکەیان، وتی: لە ساڵی ٢٠٢٢ وەئەوچیشتخانەیەمان كردۆتەوە، بیرۆكه‌ی كردنه‌وه‌ی لهوهوههات پێشتر خواردنگەی كه‌بابی ڕانیەمان دانا، زۆر جار ده‌چووم بۆم پاكدهكردنهوه، چونكه هیچ ژنی تێدانه‌بوو زۆرجار ده‌مبینی پیسی پێوه دیاربوو، چونكه ئه‌و ورده‌كاریانه‌ی ژن ده‌یکات پیاو نایكات بۆیه حەزم كرد كاربكەم ئه‌وكات، هاوژینەکەم وتی خەڵك قسەدەكات، ئەوكات زۆر كرانەوە نەبوو، بەس وتم بۆخۆم خواردنگەیەك دادەنێم و ئیستا كچه‌كانم و دوو ژنی كه‌شمان له‌گه‌ڵه هه‌موومان پێكه‌وه ئیشی تێداده‌كه‌ین.
"هەموو خواردنە کوردەوارییەکانمان هەیە"
ڕێزان وتیشی: خۆم هەموو خواردنه‌كان ئامادەدهكهم و رۆژانه دۆڵمه‌و قوڕاو بریانی و قهرەخهرمان و قۆزی و ساوه‌ر هه‌مووی ئامادهدهكهم جگە لە بر‌ژاو هەموو خواردنە كوردەواریەكانمان هەیە تا سەروپێش، جیاوازی خواردنگەی پیاوان و ژنان یەكجار زۆرە، چونكه ئه‌و ورده‌كاریانه‌ی ژن هه‌یه‌تی پیاو ناتوانێت، بۆیه پیاومان زۆركه‌مه شێف بێت وخواردن دروست بكات ئه‌وه‌ی هه‌شه قه‌ت ناگاته ژن، له ڕووی پاكوخاوێنی و تاموچێژ و هه‌موو شته‌كانه‌وه. هیچ ریكلامم نەكردووە بۆخۆم باوەڕم بەوەنییە بەقسە باسی خورادنەكانت بكەی بەڵكو باوەڕم بەكردەوەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هه‌موو ڕۆژێک به‌یانیان دێتە سەر كاره‌كان ته‌واو ده‌بن وتی: ههرلێرهم چونكه كاری تێكردن و سه‌رپه‌رشتیش هه‌رخۆمم وهه‌ردوو كچه‌كانم كه زانكۆیان ته‌واوكردووه لێره ئیشده‌كه‌ن، یەکێکیان بەرخۆرو وشت دەكات و ئەوەی دیكە پەیوەندیەكان ڕێک دەخات و خواردن دادەنێت، وچوار كوڕیشمان لایە كاری برژاوه‌كان ده‌كه‌ن.
ڕێزان نه‌شیشارده‌وه كه تا ئەوساڵانەش ژن به لاواز سه‌یرده‌كرێت، وتی: هیچ جیاوازیه‌ك نیه و گرفتێك نابینم له‌كاری ژنان له‌ده‌روه به‌ڵكو ژنان ئازاتریشن له پیاوان له‌زۆربه‌ی ئیشه‌كان، بۆیه تا ئه‌وساڵانه‌ش شەرم بوو ژن بێتە دەرێ بۆ هەندێک ئیش بەڵام ئیستا خەڵك رۆشنبیرە و ئه‌و بیرۆكانه ئاسایی بۆته‌وه، بۆیه داواده‌كه‌م ژنان خاوه‌ن كاری خۆیان بن ومن دەڵێم نابێت ژن هەر لەژوورەوە بێت وچاوەڕێی دەستی پیاو بێت، چونكە جیاوازی نییە لەنێوان نێرومێ بەڵكو ئیشی ژنان زۆر سەركەوتوو ترە، هه‌موومان وه‌ك خێزانێی یه‌كگرتوو كارده‌كه‌ین و خواردنگه‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ین.
راژان ساڵح، كچی شێف ڕێزان ده‌رچووی زمانی ئینگلێزیه ئێستا مامۆستای په‌یمانگایه له كۆیه وتی: جگه له كاری ده‌ره‌وه‌م له‌گه‌ڵ دایكم كاری چێشخانهش ده‌كه‌م، كاتێك ئەم چێشتخانەیە داندرا هیچ ژنێك له شاری كۆیه له چێشتخانه كاری نه‌ده‌كرد، هه‌ندێك شوێن هه‌بوون به‌ڵام به‌م شێوەیە نه‌بوون كه ژن كاری تێدابكات خواردنه‌كانی ئامادە بکات، به‌تایبه‌تی وه‌ك خواردنه كورده‌واریه‌كان، بۆیه ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ دایكم و خوشكه‌كانم بڕیارمان دا كاربكه‌ین هاوكاری باوکم بكه‌ین وبه‌ڕێوه‌ی ببه‌ین، ئیستا ئه‌وه سێ ساڵه هه‌موومان وه‌ك خێزانێی یه‌كگرتوو كارده‌كه‌ین و خواردنگه‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ین، ئیستا ئه‌وه نه‌ماوه ژنان هه‌رله‌ماڵه‌وه بن، هه‌رچه‌نده جوانن ئه‌و ژنانه‌ی ژنی ماڵه‌وه‌ن و خزمه‌تی ماڵ‌و منداڵی خۆیان دەکەن، به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه ژنان لە دەرەوە ئیش ده‌كه‌ن به‌تایبه‌تی وه‌ك ئه‌و ڕێستۆرانته‌ی ئێمه كه خێزانییه و كه‌سی بێگانه‌مان تێدانیه.
لە کۆتایی قسەکانی ئاماژەی بەوەشکرد، دایكی زیاتر كاره‌كان ده‌كات وخواردن ئاماده‌ده‌كات وتی: ئێمه‌ش هاوكاری ده‌كه‌ین، به‌ڵام وه‌ك ئیشی سه‌ره‌كی خۆم به‌ڕێوه‌بردنی ئاماده‌كاری كۆر‌و سمیناره‌كان ده‌كه‌م و موقەبیلات "بەرخۆر" ئاماده ده‌كه‌م، و هه‌رچی دێته ئێره شلنازی به‌وه ده‌كه‌ن كه‌من زانكۆم ته‌واو كردووه لێره‌ش كارده‌كه‌م، خۆشم قه‌ت ناڵێم من مامۆستا‌م ولێره ئیش ناكه‌م بۆیه هه‌ردوو كاره‌كه به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌كه‌م و شانازی پیوهدهكهن.