ژنان بە چنینی مەعاوز قۆرخکاریی پیاوان تێدەپەڕێنن

سەمیرە عەزعەزی جەختی لەوە کردەوە کە ژنان توانای ئەنجامدانی زۆرێک لەو ئەرک و لێهاتووییانەی هەیە کە پیاوان قۆرخیان کردبوو، بە چنینی مەعاوز ئەو قۆرخکارییە تێدەپەڕێنن.

رانیا عبدوڵا

 

یەمەن-چنینی مەعاوز یشە و بەرهەمێکی نەریتی کۆنە لە یەمەن، بە پیشەیەک دادەنرێت کە تایبەتە بە پیاوان، بەڵام هەندێک لە ژنان توانای خۆیان سەلماندووە بۆ بەشداریکردن لەم پیشەیەدا، کە پیاوان بۆ دەیان ساڵە قۆرخیان کردووە و بازرگانییان پێوەکردووە.

 

چنین بە دەستی ژنان

سەنا ئەسبحی لە ڕێگای یەکیەتیی ژنانی یەمەن لە شاری شەمایتان، لە گوندەکانی شاری تەعز، خولی پەروەردەی لەسەر چنینی مەعواز کردووە، ئەم پیشەیە بووە تاکە سەرچاوەی داهاتی دوای تەواوکردنی زانکۆ و نەیتوانی کارێک دەستەبەر بکات کە پێداویستییەکانی خۆی و خێزانەکەی دابین بکات.

 

مەعاوز "پارچە قوماشێکی چوارگۆشەیە کە بە کەمەردا دەپێچرێتەوە، دەکەوێتە ژێر ئەژنۆکانەوە" یەکێکە لە بەناوبانگترین جلوبەرگی نەریتی پیاوان و پیشەسازی قوماشی نەریتییە، مەعوازە تەقلیدییەکە شێوەی جیاواز و نەخشە سەرنجڕاکێشەکانی خۆی پاراستووە، بە بەراورد بەو مەعوازەی کە لە چینەوە هاوردە دەکرێت بە ئامێری دروستکراو، دانیشتوانی ناوچەکە شانازی بە مەعاوزە دەستکردەکانیانەوە دەکەن، کە لە ڕووی شێوە و ئەو تارانەی کە لە چنینیدا بە بەکاردەهێنرێن، بە باڵاتر و خۆشگوزەرانی دادەنرێت.

 

سەنا ئەسبحی، یەکێکە لە پەروەردەکراوانی چنینی مەعاوز وتی: پێش ئەوەی پەروەردەی چنین بکەم، بێکار بووم و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتم نەبوو، دوای ئەوەی مەشقی چنینەکەم کرد، ئێستا سەرچاوەی داهاتم هەیە، هەرچەندە کەمە، بەڵام سەرەتای بەخششێکە، کارەکەشم ناسراوە.

 

سەبارەت بە بەشداری لە پەروەردەی چنیندا وتی: لە هاوڕێیەکمەوە بیستم کە یەکێتی ژنانی یەمەن خولی جۆراوجۆری مەشق و پەروەردەی ئەنجامداوە، سەرنجم ڕاکێشا بۆ خولی پەروەردەی چنینی مەعاوز، بەو پێیەی بۆ کۆمەڵگە تازە بوو، هەستم دەکرد شتێکم دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت سوودی بۆ من هەبێت، هەرچەندە دوای تەواوکردنی زانکۆ گەیشتبووم بە خاڵێکی بێ هیوای و کارێکم نەدۆزیبووەوە.

 

ڕۆژێکی نوێ

هەموو بەیانییەک لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر، سەنا ئەسبحی خۆی بۆ دەستپێکردنی ڕۆژێکی نوێ ئامادە دەکات. دوای وەرگرتنی خولی پەروەردەی و وەرگرتنی نمرەی "نایاب"، بوو بە ڕاهێنەر بۆ ئەو ژنانەی گوندەکان کە لە بارەگای یەکێتی ناویان تۆمار کردبوو، جگە لەوەش مەعاوزەکەی بە شێوەی ئۆنلاین دەخاتە بازاڕەوە، چونکە فرۆشگایەکی نییە بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانی، ئەو وتی: هەست بە شانازی دەکەم کە ئاڵەنگاریم گرتە ئەستۆ و سەرکەوتوو بووم، ئێستا هەم ڕاهێنەرم و هەم بەرهەمهێنەرم، هیوادارم خەونەکەم بەدی بهێنم کە کارگەیەکی گەورە بکەمەوە و مەعاوزەکەمان بەسەر بازاڕدا دابەش بکەم.

 

مەعاوزی یەمەن بە شێوەی جۆراوجۆر و ڕەنگی گەشاوەی تایبەتمەندە، هەروەها بە جۆرە جیاوازەکانیش دێن، لەوانە لاحجی، حەزەرمی، حەدیدی، شەبوانی، بەیزانی، لەنێو ئەوانی تردا. ڕوونە کە هەر مەعاوزێک نرخێکی هەیە، بەپێی دیزاینە جیاوازەکانی و جۆری نەخشەکەی، بەناوبانگترین و گرانترین جۆری چنینی مەعوازی سوڵتانییە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی سەنعا، ژنان بوونەتە بژێوی سەرەکی لە سەردەمی شەڕدا. زۆرجار پڕۆژەی نوێیان لەناو ماڵدا دامەزراندووە، هەندێک پیشەیان گرتۆتە ئەستۆ، یان بازرگانییان لە بازاڕەکانی دەروازەی شار و گوندەکاندا کردووە- پیشەیەک کە پێشتر پیاوان زاڵ بوون تێیدا.

 

پیشەیەکی نوێ بۆ ژنان

١٠٠ ژنی هاوڵاتی گوندەکانی تەعز، لە پارێزگای شەمایتان، لە بواری چنین و مەعوازی پیشەیی خولی پەروەردەییان پێکرا، یەکیەتیی ژنانی یەمەن لە ناوچەی شەمایتان لە تەعزی باشووری ڕۆژئاوای یەمەن ڕۆڵی هەبوو لە خولی پەروەردەی ئەوان لەم پیشەیەدا کە بۆ ماوەیەکی زۆر دۆمەینی تایبەتی پیاوان بووە، سەمیرە عەزعەزی، پێشەنگی یەکێتی ژنانی یەمەن لە ناوچەی شەمایتان، وتی: ئێمە لە ناوەندەکە چەندین خولی پەروەردەیمان دەستپێکردووە بۆ شایستەکردن و بەهێزکردنی ژنان، کاتێک بیرمان لە خولی پەروەردەی ژنان لە بواری مەعاوز کرد، نەمانتوانی ڕاهێنەرێکی ژن بدۆزینەوە بۆ خولی پەروەردەیەکە، ناچار بووین ڕێکەوتن لەگەڵ ڕاهێنەرێک بکەین، دوای خولی پەروەردەی ئەو ژنانە، باشترینی هەندێکیانمان بۆ دەرکەوت، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکە خولی پەروەردەییان پێبکەن، بەشی یەکەم لە ٢٥ ڕاهێنراو پێکهاتبوو، پاشان هاوکارەکانیان ڕاهێنانیان بەوانی تر کرد و ئێستا خاوەنی ئەو لێهاتووییە و سەرچاوەی داهاتن.

 

خولی پەروەردەی ژنان لە بواری پیشە دەستییەکان بەس نییە بۆ پێدانی مافەکانیان و پڕکردنەوەی بۆشایی ڕەگەزی. لە ساڵی ٢٠١٧ کۆماری یەمەن لە ڕیزبەندی دواهەمین بۆشایی ڕەگەزیدا بوو، سەنا ئەلئەسباحی و زۆرێک لە ژنانی دیکە ئاواتەخوازن پڕۆژەکانیان لە بازاڕەکانی دەوروبەریاندا گەورە بکەن.

 

ئەم هەڵبژاردنە لە گۆڕانکاری بەرەو پیشەسازی تاڕادەیەک نوێ سەرچاوە دەگرێت، سەمیرە عەزعەزی وتی: هەوڵماندا پسپۆڕییە تایبەتمەندەکان هەڵبژێرین کە سوودی بۆ ژنان هەبێت، وەکو چنینی مەعاوز کە پیشەیەکی نوێیە بۆ ژنان، ڵەگەڵ پاراستنی وزەی خۆر و ئامادەکردنی بەهارات.