چرۆ محەمەد لە ژێر چادرێکدا بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات

چرۆ ممحەمەد لە ئێستادا لە نانەواخانەکەی خەریکی دروستکردنی نانی کەرکوکی و گەرمیانییە، هاوڵاتیان پێشوازی لە بەرهەمەکانی دەکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ ژنان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان کار دەکەن، لەم ڕێگەیەوە دەبنە خاوەن ئابووریەکی سەربەخۆو بژێوی خێزانەکانیشیان دابین دەکەن، چرۆ محەمەد ماوەی چەندین ساڵە لەگەڵ هاوژینەکەی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان چەندین کاریان کردووە، تەمەنی ٣٢ ساڵەو دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا کاری میوەفرۆشی کردووە، لە ئێستادا لە شاری سلێمانی چادرێکیان بۆ کاری نانەواخانە بە ناوی " نانەواخانەی چرۆ خان" ەوە بونیادناوە، لە ڕێگەی نانەوا خانەکەیەوە بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات.

 

 ڕۆژانە لە کاتژمێر ٧ی بەیانی تا ١٢ی  نیوەڕۆ ، پاشان لە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ دەست بەکار دەکەنەوە، بە هۆکاری ئەوەی چرۆ پێشتر دانیشتووی کەرکوک بووە، لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نانی گەرمیانی و کەرکوکی بۆ کڕیارەکانی دروست دەکات، ئامانجی گەورەکردنی کارەکەیەتی، تا بتوانێت هەلی کار بۆ ژنانی دیکەی ناوچەکە بڕەخسێنێت.

 

" ئامانجم دروستکردنی کارێکی گەورەترە تا هەلی کار بۆ ژنان بڕخسێنم"

چرۆ محەمەد، خاوەنی نانەواخانەی چرۆ خان، بە ڕەچەڵەک کوردی حەویجەیە، بەڵام لە شاری کەرکووک ژیاوە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٣دا بۆ دەستپێکی ژیانێکی نوێ ڕووی لە شاری سلێمانی کردووە، خراپی بارودۆخی ئابووری لە ناوچەکە چرۆی پەلکێشی کارکردن کردووە، پاشان خولیای بۆ کارەکەی دەبێتە هۆکاری بەرەوپێشبردنی کارەکانی وتی: لەگەڵ هاوژینەکەم بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانمان چەندین ساڵە کار دەکەین، دوو ساڵ بەر لە ئێستا کاری میوەفرۆشیمان لە هەمان شوێندا کردووە، ئێستا بەهۆی نەبوونی نانی گەرمیانی و کەرکوکی لە ناوچەکەدا کاری نانەوایی دەکەین، پێشتر کاری دروستکردنی کولێرە و ناوساجی و چەندین بەرهەمی خۆماڵیم ئەنجامداوە، لە ئێستادا کاری نانەوایی و کولێرە دەکەم، چەند جۆرێکی کولێرە دروست دەکەم کە بە سادەی و بە کونجی لەسەر داواکاری کڕیارەکانم دروستیان دەکەم.

 

چرۆ محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کارکردن لە خێزانەکاندا پێویستی بە پشتیوانی و پێکەوەیی هەیە، تا بتواندرێت ژنان و خێزان بژێوی ژیانیان دابین بکەن وتیشی: لە ئێستادا بە هاوکاری منداڵ و خێزانەکەم کار دەکەم، بەردەوام کارەکانم فرۆشیان هەبووە، کڕیارەکانم بە تەندروست بەرهەمەکانم دەبینن، ئامانجم گەورەکردنی کارەکەمە لە داهاتوودا، بە ئامانجی گەورە کردنی کارەکەم و خستنە سەرکاری چەندین ژنی دەستڕەنگینی شارەکەم کار دەکەم، هیوادارم ژنان بتوانن خەونەکانیان بەدی بهێنن، هیچ کەسێک نەتوانێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانیاندا.