مەستورە لەبەر بارودۆخی خراپی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور کارەکانی نمایش دەکات و دەفرۆشێت
مەستورە مورادی، لەشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەردانی باشووری کوردستان دەکات کارەکانی لە باشوور بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی دەفرۆشێت.

شیا کۆیی
کۆیە-ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی پەراوێزخستنیان و نەبوونی هەلی کار، تووشی بارودۆخی سەختی ئابووری دەبن، هەندێکیان ناچارن کاری قورس بکەن، وەک "کوڵبەری"، گواستنەوەی کاڵا بەسەر شاخەکاندا بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن وتی: سەرەڕای مەترسییە گەورەکان، جگە لەوەش ژنانی ئەوێ ڕووبەڕووی جیاکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە مافەکانیان سنووردار دەکات، وەک مافی جیابوونەوە و گەشتکردن و کارکردن، سەرەڕای ئەمەش لەڕێگەی بەشداریکردنیان لە ناڕەزایەتییەکان و چالاکییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەرخۆدانێکی بەهێز نیشان دەدەن و رۆلی كاریگەریان هەیە لە پێناو گۆڕانکاری و دادپەروەریدا.
مەستورە مورادی تابڵێی ژنێکی میهرەبان و دەستڕەنگینە وبەدەم خەندەوە مامەڵە لەگەڵ کڕیارەکانی دەكات، وەک خۆی ئاماژەی پێکرد سات بەسات دەژمێرێت تا زوو بگەڕێتەوە لای منداڵەکانی، مەستورە سێ منداڵی هەبووە دوو كوڕو كچێك، لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، كوڕێكی لەدەستداوە ئێستا تەنیا كچێك وكوڕێكی ماوە.
"ژنان لە ڕۆژهەڵای کوردستان لە بارودۆخی ئابووری سەختدان"
مەستورە لەبارەی کارەکەی بۆ ئاژانسەکەمان وتی: ئێمە ١٥ ڕۆژە لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتووین بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵەكانمان پەیدا بكەین لەگەڵ هاوژینەکەم، چەند رۆژ لەهەولێر بوین لەوێ هەندێک شتەكانمان فرۆشت و هاتوین بۆ پاركی مهناز لەتەقتەق تا شتەكانمان ساغ كەینەوە، کچەکەم شوێنی فێستیڤاڵەكانمان بۆدەدۆزێتەوە و پێیان دەڵێت كەی گەشت بكەین بۆ باشوور، كەنیشكەكەم گوشی لەدەستەوە ئاگاداری گروپەكانە زوو پیمان دەڵێت گەر شتێك هەبێت، سێ ساڵە دێین بۆ باشووری کوردستان، زۆربەی شارەكانمان كردووە تەنانەت چووینەتە عێراقی.
مەستورە مورادی كەلوپەلی ئیكسسوارت و هەندێ جۆری خورادەمەنی و كاری دەستی دەفرۆشێت وتی: هەموو شتەكان لە سنەوە هاوردە دەكەین، هەروەها دەبێت خێزانەكان قەدر و ڕێزی ژن بزانن كە كاردەكەن، من ئیستا دوو كارم لە ئەستۆیە كاری ماڵەوە و كاری دەرەوە، هاتوومەتە ئیرە تا كاربكەم دەبێت قەدرم بزانن، لەبەر چی من هاتووم بۆ ئێرە تا سنوورم بڕیوە، چونكە فشارەكانی ژیان زۆرن لەسەرمان پێویستە كاربكەین.
مەستورە هۆكاری گەران بەدوای كار لە باشووری كوردستانی گەراندووە بۆ خراپی باری دارایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان وتی: دوكانمان هەبوو كرێكەی زۆر زیاد كرا لەسەرمان، ئێمەش نەمانتوانی بەردەوام بین و دوكانەكەمان هەڵگرتەوە، تا ئیستاش قەرزارین، ئەو ئیكسسوارات و شتانەمان نەتوانی لەوێ بیفرۆشین وهێنامان لێرە لە پیشانگاكان ساغی بكەینەوە، دۆخی ژنانی رۆژهەڵات خراپە و زۆربەی لەماڵەوە دانیشتوون، بارودۆخی ئابوری تابڵێی خراپە لای ئێمە و وزۆربەی ژنەكان لەماڵەوەن، بێ كارن وهەندێكیان وەك من كاردەكەن، گەر بارودۆخ باش بوایە نەدەهاتم بۆ ئێرە شت بفرۆشم، چونكە لەوێ ناتوانی كاربكەی.
سەبارەت بەو شەڕەی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ ١٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، مەستورە مورادی وتی: شەڕ لەهەركوێ بێت ماڵ وێرانیە وزیانی بۆهەموان هەیە، زۆر دڵم لای منداڵەكانمە، سات بەسات دەژمێرم تا بگەمەوە لای منداڵەكانم و دەڵێم دەبێت كەی دەبێت بچمەوە لایان، بەردەوام دڵم خێرا لێدەدات بۆیان چونكە من لەو دنیایە تەنیا ئەو دوو منداڵە شك دەبەم و خەریكە پەڕ دەركەم تا بگەمەوە لایان، كچەكەم زۆر هاوكارمە.