ژنێک بەهۆی قەیرانەکانەوە واز لە خوێندن دەهێنێت و کاری گوڵ فرۆشی دەکات

خراپی دۆخی ئابووری لە ئێران وایکردووە گەنجان ڕووبکەنە کۆچکردن، بەشێک لە گەنجان کۆچ ناکەن و دەستیان کردووە بە کاری سەربەخۆی خۆیان

شەبنەم تەوەکولی

 

تاران- بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئێران، کۆمەڵێک گەنج لە نێوان کارکردن و درێژەدان بە خوێندن ماونەتەوە، کاتێک خوێندن هەڵدەبژێرن بەهۆی خراپی دۆخی ئابووریانەوە دۆخیان بەرەو خراپی دەڕوات لە داهاتووشدا ڕووبەڕووی بێ کاری دەبنەوە، کاتێکیش کار دەکەن دوور دەکەونەوە لە بەدەستهێنانی بڕوانامە.

 

خراپی دۆخی ئێران وایکردووە دیاردەی کۆچکردن لەناو گەنجاندا زیاد بکات، بەتایبەتش گەنجانی ناو زانکۆ و پەیمانگاکان ڕوو لە کۆچکردن دەکەن، هەرچەندە ئەو گەنجانە داهاتووی کۆمەڵگەن بەڵام خراپی دۆخی ئابووری تەنگی پێ هەڵچنیون و ئەزموونی چەندین ساڵەیان دەکەنە خزمەتی وڵاتانی دیکەوە، هەندێک لەو گەنجانەی توانای کۆچکردنیان هەیە کۆچ دەکەن، ئەوانەی توانایان نییە ڕوودەکەنە بازاڕەکان بۆ کارکردن، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی کارکردنی منداڵان و گەنجان.

 

مریەم.ب یەکێکە لەو ژنە گەنجانەی تەمەنی ١٧ ساڵە و سەرقاڵی فرۆشتنی گوڵە، وتی: بۆچی خوێندنەکەم تەواو بکەم لە کاتێکدا دەرچووان بێ کارن، بۆیە پێم باشە کار بکەم و بژێوی ژیانی خۆم و خێزانەکەشم دابین بکەم، هەرچەندە لە کارەکەم ڕازی نەبووم چونکە ئامانجم خوێندن بوو بەڵام ئێستا هەست بە سەربەخۆیی دەکەم.

 

لە درێژەی قسەکانیدا مریەم باسی لەوەکرد، نزیکەی دوو ساڵە گوڵ دەفرۆشێت، هەندێک کات شارەوانی ڕێگری لێدەکات، بەڵام کاتێک سەرقاڵی گوڵەکانی دەبێت و دەیدات بە کڕیارەکان، خەمەکانی بیردەچێتەوە، هەندێک لە ڕۆژەکان وەک ڕۆژی دایکان گوڵ بە بێ بەرامبەر دەداتە خەڵکی بۆ ئەوەی دڵی دایکیان خۆش بکەن.

 

مریەم.ب لە کۆتایدا داوا لە هاوڵاتیان دەکات، بێ هیوا نەبن و دۆخەکە تێدەپەڕێت، دەشڵێت: خێزانەکان گرنگە هەمیشە گەشبین بن، هەوڵ بدەن بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان، هیوادارم ڕۆژێک دوکانێکی گوڵ فرۆشتن تایبەت بە خۆم بکەمەوە و دڵنیام دەتوانم بەدەستی بهێنم.