قەیران لە لوبنان: ئەکادیمیستەکان لە لێواری هەژاریدان

لە لوبنان ئەکادیمیستەکان هەوڵ دەدەن ژیان و زانست لە هەلومەرجی سەختی قەیرانی ئابووریدا لەسەر پێ بهێڵنەوە و دەڵێن: ئێمە لە لێواری هەژاریدا دەژین.

سوزان ئەبو سەعید

 

بەیروت - قەیرانی ئابووری لە لوبنان بەهۆی بارودۆخی شەڕ قووڵتر دەبێتەوە، لەو وڵاتەدا کە بێکاری لە زیادبووندایە، زۆرێک لە کەرتەکان گەیشتوونەتە ئاستی داخستن، یەکێک لەو بوارانەش کە زۆرترین کاریگەری ئەم قەیرانە لەسەرە، زانکۆکانن. بەو پێیەی حکومەت پارەی پێویستی بۆ چالاکییە ئەکادیمییەکان تەرخان نەدەکرد، خوێندن یان ڕاگیرا یان دواخرا، ئەکادیمیستەکانیش دەڵێن: مووچەکانمان کەمە و بارودۆخی ئێستا کوالیتی خوێندن کەم دەکاتەوە.

 

"ئەکادیمیستەکان لە لێواری هەژاریدان"

علوم عەودە، ئەکادیمیست  کە ماوەی ١٦ ساڵە بە گرێبەست لە زانکۆدا کاردەکات و دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ئێمە بە گرێبەست کار دەکەین، ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان کەمە و داهاتمان کەمە، ئەم دۆخە زۆرێک لە هاوکارەکانمانی تووشی کێشەی ئابووری کردووە، ئەکادیمیستەکان لە لێواری هەژاریدا دەژین، ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەیان دابین بکەن و زۆربەی ستافی زانکۆ لە کارمەندانی گرێبەست پێکدێن. پێش قەیرانی ئابووری، مووچە بەزەحمەت پێداویستییەکانمانی دابین دەکرد، ئێستاش دۆخەکە خراپتر بووە و پێویستە لێهاتوویی پیشەیی لەبەرچاو بگیرێت.

 

"باوەڕمان بە هێز و کردارەکانمان هەیە"

سەلام نەسرەدین، مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی زانست بەشی بایۆلۆجی باسی لە کەمبوونەوەی ژمارەی خوێندکاران بەهۆی کەمبوونەوەی کوالیتی زانکۆکان و هۆکارە ئابوورییەکان کرد و وتی: زانکۆکانی لوبنان بە سیستمی خوێندنی باڵا ناسراون، بەڵام ئێستا مامۆستایان لە زانکۆکان مانیان گرتووە و قەیرانەکە کاریگەری لەسەر ئاستی خوێندن هەیە، زۆرێک لە هاوکارەکانم ناچار بوون بچن بۆ کارکردن لە زانکۆ ئەهلیەکان، ئێمە چیتر دەسەڵاتی کڕینی کەرەستەمان نەماوە، بۆیە ناچارین ڕاهێنانەکان لە تاقیگەکاندا هەڵبوەشێنینەوە یان ڕاهێنانی کردەیی بە شێوەی تیۆری بدەین و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی ڕاهێنانی خوێندکارەکان دەبێت، ئەو ئەکادیمیانەی بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا کردووە، هەڕەشەی دەرکردنیان لێدەکرێت، زانکۆکان هیچ سەربەخۆییان نییە و شوێنێک نییە بۆ پشتگیریکردنی ئەکادیمییەکان، هەر بۆیە ئێمە متمانەمان بە هێزمان هەیە بە چالاکییەکانمان، ئێمە دەمانەوێت لە ژێر بارودۆخێکی باشتردا بەردەوام بین لە زانکۆدا.