کارگەی لیلیت جلوبەرگی کولتووری کوردی بە زیندوویی دەهێڵێتەوە

نورهان عەبدوڵا، دیزاینەری کارگەی لیلیت، کە هەموو جۆرە جلوبەرگێکی کولتووری کوردی دروست دەکات، وتی: ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم کارگەیە زیندووکردنەوەی کولتووری جلوبەرگی کوردییە.

زەینەب عیسا

 

قانیشلۆ- لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە شۆڕشی ژنان بەرەو ١٢ەمین ساڵ هەنگاو دەنێت، ژنان بوونی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا نیشانداوە، نورهان عەبدوڵا، دامەزرێنەری کارگەی لیلیت بۆ ئاژانسەکەمان سەبارەت بە کارگەی لیلیت و ئەو کارەی کە ژنان لە کارگەکەدا دەیکەن قسەی کرد.

 

"جلوبەرگی کولتووری کوردی زیندوو دەکەینەوە"

نورهان عەبدوڵا لەبارەی مەبەستی کردنەوەی کارگەی لیلیت قسەی کرد و وتی: من ئەندازیاری جلوبەرگم لە کارگەی لیلیت، جلوبەرگ دەبڕم و ژنانی دیکەش دروستی دەکەن، نزیکەی پێنج ساڵە ئەم کارگەیەمان کردووەتەوە، مەبەستی کردنەوەی کارگەکەمان زیندووکردنەوەی جلوبەرگی کولتووری کوردییە، لەبەر ئەوەی پێشتر جلوبەرگی کولتووری کوردی تەنها لە ئێوارەی ساڵی نوێدا لەبەردەکرا، ئەمڕۆ کوردەکان لە هەموو ئاهەنگەکانیاندا جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەن، پێش ئەوەی کارگەکەمان لە قامیشلۆ بکەینەوە، کارگەیەکمان لە ناوچەی عامودا کردەوە، جلوبەرگمان بۆ کوردەکان و پێکهاتەکانی سووریا و کوردانی ئێزیدی دووریوە.

 

"دەستەی کولتوور پشتیوانی لێکردین"

نورهان عەبدوڵا ئاماژەی بە کێشە سەرەتاییەکان کرد و وتی: لە سەرەتادا کێشەمان هەبوو، ویستمان فرۆشگەیەکی گەورە بکەینەوە بۆ ئەوەی جلوبەرگەکانمان پێشکەش بە خەڵکەکە بکەین، بەڵام ئەوەندە دەرفەتمان نەبوو، لە هەمان کاتدا، ویستمان یەک فرۆشگە بکەینەوە کە خەڵک جلوبەرگەکانیانی لێ وەربگرن، بەڵام ئەوە نەبوو، دوای ماوەیەک، دەستەی کولتووری یارمەتی داین و کارگەی لیلیتمان گەشە پێدا.

 

"١٠ ژن لە کارگەکەدا کار دەکەن"

نورهان عەبدوڵا لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەیەکی نوێ دەستپێدەکەن و فرۆشگەیەک بۆ پارچە خاوەکان دەکەنەوە و وتی: ١٠ ژن لە کارگەکەدا کاردەکەین، پێنج لە ئێمە کاری دوورین دەکەین و پێنج ژنیش کاری دەستی دەکەن، لێرەدا جلوبەرگی کولتووری کوردی و جلوبەرگ و کراس ە دروستی دەکەین و دەیدەین بە فرۆشگەکانی دوورین لە بازاڕدا، پڕۆژەیەکمان خستووتە پیش خۆمان بۆ ئەوەی پارچەکان لە دەرەوە بێنین، زۆر ژن دەبینم کە کارەکانیان جوانە بەڵام کار ناکەن، ژنانی زیرەک دەبێت هێز و دانایی خۆیان بەکاربهێنن بۆ دەرخستنی بەهرەکانیان.