"کارەکەمم خۆشدەوێت و بۆ بژێوی خێزانەکەم کاردەکەم"

نەرمین لە سەیدسادقدا بە تەنها دوکانێکی کولێرە بەڕێوە دەبات، لە پێشتردا چەندین کاری دیکەی ئەنجام داوە، دوکانێک بۆ دروستکردنی کولێرە دواین کاریەتی کە لە ئێستادا دەیکات.

نەرمین لە سەیدسادقدا بە تەنها دوکانێکی کولێرە بەڕێوە دەبات، لە پێشتردا چەندین کاری دیکەی ئەنجام داوە، دوکانێک بۆ دروستکردنی کولێرە دواین کاریەتی کە لە ئێستادا دەیکات.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- نەرمین ژنێکی ٥٩ ساڵە، دانیشتووی سەیدسادقە و دایکی چوار منداڵە، بۆ دابینکردنی بژێوی خۆی و خێزانەکەی کاردەکات، وەک خۆشی دەڵێت وەک هاوکارییەک بۆ هاوژینەکەی کە کاری کرێکاری دەکات ماوەی دوو ساڵە دوکانێکی کولێرەی بە ناوی "کولێرەی ساڤیا" کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە زۆر ماندوو دەبێت بەڵام نەرمین دەڵێت "کارەکەمم خۆشدەوێت"، دادە نەرمین لە ڕۆژانی ئاسایدا کاتژمێر ٥:٠٠ی بەیانی دەستبەکار دەکات و تا ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت، لە ڕەمەزانیشدا لە دوای بانگی عیشا تا کاتژمێر ١:٠٠ لە دوکانەکەیدا کولێرە دروست دەکات.

 

زۆر کاری دیکەی کردووە

نەرمین چەندین کاری دیکەی کردووە، ماوەی ٥ ساڵ دوکانی مریشک فرۆشتنی داناوە، بەڵام بەردەوام نەبووە و لە دواتردا دوکانی کولێرەی داناوە، ماوەی دوو ساڵیشە لەم دوکانەدا خەریکی کارکردنە، کولێرەی ساڤیا بە ڕۆژانە دوکانەکەی کراوەیە بە ڕووی کڕیاراندا. بەڵام لە ئێستادا بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە، نەرمین شەوان دوکان دەکاتەوە و کولێرەکانی دروستدەکات.

 

ئەو ژنە ڕەنجدەرە دەربارەی کڕیارەکانی دەڵێت هەندێک لە کڕیارەکانم تایبەتن و هەمیشە دێن بۆ لام و باسی یەکێک لەو ژنانە دەکات کە داواکاری تایبەتی کولێرەکەیەتی وەها دەیگێڕێتەوە: کە دایکم  نەخۆش بوو من لە نەخۆشخانە لەلای دەمامەوە، لەو ڕۆژانەشدا دوکانم نەکردەوە یەکێک لە کڕیارەکانم هات بۆ لام و وتی دوێنێ شەو کولێرە و ماستەکەی تۆم نەبووە، پارشێوێکی باشم نەکردووە.

 

لە کاتی قسەکردن لەگەڵ نەرمیندا یەکێک لە کڕیارە تایبەتەکانی کولێرەی ساڤیا بە ناوی شاخەوان والی هاتە دوکانەکەی و لەسەر داوای نەرمین لێدوانێکی بۆ ژنها دا، ئاماژەی بەوەدا: لە سەرەتای کردنەوەی ئەم کولێرەیەوە بەردەوام دێینە ئێرە و کولێرە دەکڕێن، کولێرەکەی دادە نەرمین زۆر جوانە و هاوکارێکی باشیشە بۆ ئەو خێزانانەی خۆیان نان یان کولێرە ناکەن، لە قسەکانیشیدا دەستخۆشی لە دادە نەرمین کرد و هیوای بەردەوامی بۆ خواست.

کولێرەکانی بە ڕۆن و ئاو دەکات

دادە نەرمین باس لە کارەکەی دەکات و دەڵێت: ئەم ئیشە لە زستاندا خۆشە، شەوان هەویر دەشێلین و تا بەیانی دایدەنێین و خراپ نابێت، بەڵام هاوینان دەبێت بەیانی زوو بیشێلین بۆ بەیانی، ئەگەر وا نەبێت دەترشێت، دەشڵێت لە کاتی ئامادەکردندا خومرە بەکارناهێنم.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دادە نەرمین باس لەوە دەکات جگە لە کولێرە چەورە، نانی هەورامی، نانی تیری و جارجاریش نانی لەواشە دەکەم، چۆنێتی ئامادەکردنی کولێرەکەی بۆ ژنها باس دەکات و دەڵێت: دوای شێلانی هەویرەکە دایدەنێم تا جوان هەڵدێت، پاشان دەیکەمە گونک و بە ڕۆن کولێرەکە دەکەمەوە، ئەوانەشی نەخۆشن یان بە ڕۆن حەز بە کولێرە ناکەن، بە ئاو بۆیان دروستدەکەم.

 

زۆر کەس پێی دەڵێن کە تەنوری گڵ بەکاربهێنێت، بەڵام نەرمین باسی لەوەکرد بەهۆی ئەوەی تەنوری گڵ زوو سارد دەبێتەوە، دەبێتە زەرەر بۆم، لەگەڵ ئەوەشدا تەورەکەی گۆڕیوە و دەشڵێن هەمان تامی تەنوری گڵەکەی هەیە.

 

ت.پ