سەندیکای ڕستن و چنین لانەیەک بۆ کۆکردنەوەی ژنانی دەستڕەنگین

سەندیکای ڕستن و چنین لە هەڵەبجە توانیوویەتی ژنانی دەستڕەنگین کۆبکاتەوە و کار و چالاکییەکانی لە پێناو خزمەتکردن بە ژنان بەڕێوەدەبات.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- سوزان شەعبان، سەرۆکی سەندیکای ڕستن و چنین لە هەڵەبجە، تایبەت بە ئاژانسی نوژنها باسی لە سەندیکاکە کرد کە چەندین بەش و لقی هەیە، وەک بەشی گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ ، بیناسازی و جوانکاری، سوزان سەرپەرشتی کارە دەستییەکانی وەک ئێکسسوارات و چنین و درومانە.

 

ساڵانە لە کوردستان چەندین ڤیستیڤاڵی خۆراکی و جلو بەرگ و بەروبوومی خۆماڵی بەڕێوەدەچێت، ژنانیش چالاکانە بەشداری فێستیڤاڵ و چالاکییەکان دەکەن و کاری دەستی و چنینەکانیان نمایش دەکەن، سەبارەت بە ئەندامبوونی ژنان لە سەندیکاکەدا، سوزان وتی: لە هەر جێگەیەکی کوردستان فێستیڤاڵ بکرێت بە ڕێنماییکردنی سەندیکا بەشداری فێستیڤاڵەکەیان پێدەکەن، چونکە هەڵەبجە شارێکی بچوکە و ئەو کەسانەی کە دەستڕەنگینن لە ماڵەوە کاردەکەن، بۆیە لەلایەن سەندیکاوە پەیوەندیان پێوە دەکرێت و هەرجارە و ژمارەیەک ئەندامیان بەشداری پێدەکەن.

 

ماوەی مانگێکە بووەتە سەرۆکی سەندیکاکە

سوزان شەعبان، سەرۆکی سەندیکا باس لەوەدەکات ماوەی مانگێکە بووەتە سەرۆکی سەندیکا، خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە ژمارەیەکی زۆر ژن لە سەندیکاکەدا کاردەکەن "هەر ژنێک ببێتە خاوەن کار، هەست بە سەربەرزی و ئاسوودەیی دەکەم".

 

ئاماژەی بەوەشدا لە کار و چالاکییەکان بەردەوام دەبێت و خولی بێبەرامبەر بۆ ژنان دەکاتەوە کە خولەکان ماوەی ١٥ ڕۆژ دەخایەنێت، وتیشی ژنان دەتوانن لە ڕێگەی ئەو خولانەوە ببنە خاوەن بڕوانامە و باجی خۆیان، دەشتوانن ببنە خاوەنی کار و فرۆشگای خۆیان دابنێن.

 

ت.پ