بەڕێوەچوونی دووەم ڕۆژی پێشەنگای بەرهەمی خۆماڵی

براند بازار، پێشەنگایەکی تایبەت بە بەرهەمی خۆماڵیە کە ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشدارییان تیایدا کردووە و بەرهەمە خۆماڵییەکانیان پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کارگەی جگەرەی شاری سلێمانی پێشەنگایەکی تایبەت بە فرۆشتنی بەرهەمە خۆماڵیەکان بەڕێوە دەچێت بە بەشداری ٨٠ براند  کە لە ٪٧٨ براندەکان کاری دەستی و بەرهەمی خۆماڵین، پێشەنگاکە لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی تا ٩ ی شەو کراوەیە بە ڕووی هاوڵاتیاندا و بۆماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمرۆش لە دووەم ڕۆژیدایە.

 

ماڵی دایکم بۆ بەرهەمی خۆماڵی

نازەنین سەعید خاوەنی ماڵی دایکم، یەکێکە لە بەشداربووانی پێشەنگاکە بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی، و ماوەی ١٢ ساڵە بەردەوامە لە دروستکردنی بەرهەمی خۆماڵی و ئاماژە بەوە دەکات لەپێشتردا خەڵکی وەک ئێستا گرنگیان بە بەرهەمی خۆماڵی نەدەدا و دەشڵێت: "لە دوای بایکۆتکردنی بەرهەمە تورکیەکان خەڵکی بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوویان کردە بەکارهێنانی بەرهەمی خۆماڵی، گرنگی دان بە بەرهەمی خۆماڵی هۆکارە بۆ باشبوونی ئابووری وڵات"، هەروەها ئاماژەش بەوە دەکات کار کردنی ژنان هاوکاریەکی باشە بۆ باشتر بەڕێوە چوونی خێزانەکانیان و بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان بە دەستی خۆیان.

 

"کوردستان خاکێکی دەوڵەمەندە و پێویستە پەرە بە بەرهەمە خۆماڵیەکان بدرێت"

خۆشی شەوقی مامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و بەشداربوویەکی تری پێشەنگاکەیە بۆ ژنها دەدوێت و دەڵێت: "بە هۆی نەبوونی دەوام لە مانگی ٢ ی ساڵی پارەوە و بەهۆی کەرەنتینەوە دەستم کرد بە دروستکردنی سابوون و کرێم، سەرەتا بۆ خۆمان و خزم و هاوڕێکانمم دروست دەکرد، بەڵام لە ئێستادا بۆ فرۆشتن دروستیان دەکەم، بەرهەمەکانم هەمووی خۆماڵین و خەڵکی بە شێوەیەکی زۆر باش سودیان لێ بینیوە"، هەروەها دەشڵێت دروستکردنی ئەم جۆرە بەرهەمانە هەوڵ و ماندوبوونی دەوێت و دەبێت زانیاری تەواوت لەسەری هەبێت، ئاماژەش بەوە دەکات کوردستان خاکێکی دەوڵەمەندە و پێویستە پەرە بە بەرهەمە خۆماڵیەکان بدرێت.

 

لە بەشێکی تری پێشەنگاکەدا هەبوونی بەشێک تایبەت بە کتـێب سیمایەکی جوانی بە پێشەنگاکە بەخشیوە، هەروەها بەشداریکردنی ژنان لە پێشەنگای لەم شێوەیەدا بە بەرەوپێشچونێکی باشی کۆمەڵگا دەبینرێت.

 

"پێویستە ژنان خاوەن داهاتی خۆیان بن"

ڕۆژان جەزا  ئەندامێکی گروپی پەشمینەیە و بەشداری لە پێشەنگاکەدا کردووە دەڵێت" ئێمە زیاتر لەچکی ژنان دەفرۆشین، ئیشکردنی ژنان گرنگی زۆری هەیە و پێویستە ژنان خاوەن داهاتی خۆیان بن و پشت بە خۆیان ببەستن، مەرج نیە کارێکی گەورەت هەبێت دەکرێت لە ئیشێکی بچوکەوە ژنان دەستپێبکەن تا دواجار دەبنە خاوەن پیشەی تایبەتی خۆیان".

 

"داواکارم ژنان پەرە بە تواناکانیان بدەن"

شیرین غەنی ماوەی ١٨ ساڵە بە دروستکردنی خواردنی کوردەوارییەوە سەرقاڵە، لە ماوەی کارکردنیدا خواردنی بۆ چەندین دامەزراوەی ئەهلی و حکومی دروستکردووە، خولیای شیرین بۆ دروستکردنی خواردن وایکردووە خێزانەکەشی بەوپەڕی توانایانەوە هاوکاری بکەن، شیرین بە خواردنە کوردەوارییەکانی بەشداری لەم پێسانگایەدا کردووە و خواردنە بەچێژەکانی پێشکەش بە سەردانکەرانی دەکات، دەشڵێت: "زۆر ئاسوودەم کە کار دەکەم و خواردن دروست دەکەم، جێگەی شانازییە لە پێشەنگایەکی لەم شێوەیەدا کار بکەم، داواکارم لە ژنان، هەر ژنێک بەهرەیەکی تێدا هەیە پەرەی پێبدات".

 

پێشەنگای براند بۆ بازاڕ لە لایەن کۆمپانیای شارپ لاین بە هاوکاری یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، لە پێشەنگاکەدا چەندین بەرهەمی وەک بەرهەمی شیرەمەنی، خواردەمەنی کوردەواری، هەنگوین و بەرهەمەکانی جوانکاری خانمان، پۆشاک و جلی کوردی ، کاری هونەری، وێنەکێشان و کاری دەستی لەخۆدەگرێت، هەروەها لە پیشەنگاکەدا چەندین بەرهەمی سروشتی، گیایی و بەرهەمی تری خۆماڵی تێدایە.

 

ت.پ