هونەر لە سەردەمی زیرەکی دەستکرددا: داهێنانی مرۆڤ یان بەرهەمهێنانی بێ ڕۆح؟
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیرەکی دەستکرد و کاریگەریەکەی لە بواری هونەردا، پرسیاری ڕاستی لەبارەی داهاتووی داهێنەری مرۆڤەوە هاتۆتە ئاراوە، ئایا ئەلکترۆنیەکان جێگەی هونەرمەندان دەگرێتەوە؟ چ هەڕەشە و دەرفەتێک لە پێشە بۆ هونەر و کولتوور؟.

سانیا مورادی
سنە- زیرەکی دەستکرد بە خێرای لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕکردندا پەرەدەستێنێت، خێرای و بەردەستبوونی بەردەوام و کەمی تێچووی لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەناوبانگبوونیدایە، بەڵام ئایا ئەم ڕەوتە بەو واتایەیە کە هونەری ڕاستەقینە جێگەی ئەلکترۆنی دەگرێتەوە؟
ئایا پێویستە قبووڵی بکەین کە تەرخانکردنی کاتژمێر و ڕۆژێک بۆ دروستکردنی بەرهەمێکی هونەری بێهودە و بێواتایە؟ ئایا پێویستە هونەرمەندان دەستبەرداری ململانێ داهێنەرەکانیان بن و زیرەکی دەستکرد بە نەیارێکی توند بزانن؟ یان ئەم تێڕوانینە بەراوردێکی درۆیە، و "تەنها زەرەنگەر بەهای زێڕ دەزانێت"؟ بە واتایەکی تر هونەری دەستی کە پڕە لە ڕۆح و هەستی مرۆڤ، جێگەی خۆی دەپارێزێت و ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە بەرهەمە بازرگانییە بێ ڕۆحەکان؟
لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆیەکمان لەگەڵ ئێلهام جەهانارا، گرافیک دیزاینەر و هونەرمەندی چالاک لە بوارە هونەرییە جیاوازەکاندا کرد، لە ناساندنی ڕێڕەوی هونەری خۆیدا، وتی: زیاتر لە شەش ساڵە لە بوارە جیاجیاکانی وەک شووشەی ڕەنگاوڕەنگ، ئەکریلیک، چاپی دەست، مینای، وێنەکێشان، و نەخشەی پەرتوک کارم کردوە، بەم دواییە چوومەتە ناو جیهانی هونەری دیجیتاڵی و ئەزمونم لە دیزاینی جوڵەی لۆگۆ و ئەنیمەیشن بەدەستهێناوە، تا ئێستا پێشانگایەکی گروپیم ئەنجامداوە و پەرتوکێکی منداڵانم وێنا کردوە.
"هونەر، ڕەنگدانەوەی ڕۆشنبیری و نیگەرانییەکانی مرۆڤ"
ئیلهام لە درێژەی قسەکانیدا، لە ڕوانگەی خۆیەوە سەبارەت بە سروشتی هونەر، وتی: هونەر بۆ من تەنها دروستکردنی جوانی نییە، هاوکات ئامرازێکە بۆ دەربڕینی چەمکە کولتووری و کۆمەڵایەتییە قووڵەکان، هەمیشە هەوڵم داوە نیگەرانییەکانی ژن، کێشەکانی کۆمەڵگە و شوناس، مێژوو و کولتووری کورد بە ڕاستگۆی و ڕەخنەگرانە نیشان بدەم، بەهای ڕاستەقینەی هونەر لە خێرای بەرهەمهێنان یان کاریگەرییە بینراوەکانیدا نییە، بەڵکو لە قوڵایی دیدگا و کاریگەرییە بینراوەکانی هونەرمەنددایە، لەگەڵ ئەو کاریگەریەی لەسەر بینەر هەیەتی.
زیرەکی دەستکرد، ئامرازێکی نوێ یان هەڕەشەیەک بۆ سەر داهێنان؟
بەڵام پرسیاری گرنگ لەم ڕۆژانەدا ڕۆڵی زیرەکی دەستکردە لەم هاوکێشەیەدا، ئیلهام جەهانارا هۆشداری دەدات: بە تێڕوانینێکی لۆژیکی و دادپەروەرانە، دەبێت ئەوە قبوڵ بکرێت کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت زیانێکی قەرەبوو نەکراوە بە هونەر بگەیەنێت، بەتایبەتی کاتێک جێگەی داهێنەری مرۆڤ دەگرێتەوە، زۆرێک لە بەرهەمەکانی بەرهەمهێنانی زیرەکی دەستکرد لاسای شێوازەکانی ئێستا دەکەنەوە و تاکایەتی و دیدگای هونەرمەند کەم دەکەنەوە، ئەم ڕەوتە دەتوانێت لە درێژخایەندا ڕەسەنایەتی هونەری بخاتە ژێر پرسیارەوە.
هەروەها لە ڕوانگەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەوە نیگەرانە، و بەکارهێنانی نادروستی ئەم تەکنەلۆژیایە کوالیتی بەرهەمە هونەریەکان کەمدەکاتەوە، قوڵای کولتووری بەرهەمەکان لەناو دەبات، هەروەها ڕووبەڕووی بینەر دەبێتەوە بە بەرهەمێک کە لە ڕووکەشدا سەرنجڕاکێش و سەرسامکەرن، بەڵام ڕۆح و هەستی مرۆڤ و پەیامی کۆمەڵایەتییان تێدا نییە، بۆ نموونە ئەو ئەنیمەیشنانەی کە لەم دواییانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باو بوون، ڕواڵەتێکی سەرگەرمکەریان هەیە، بەڵام نیگەرانی ڕاستەقینە دەوروژێن، و زۆرێک لەم بەرهەمانە ژنان بۆ بوونەوەرێکی بەکارهێنراو و ئامرازی کەم دەکەنەوە، پەیوەندییە ڕووکەش و بێ ئەخلاقییەکان ئاسای دەکەنەوە و لە کۆتاییدا بەها مرۆییەکان دەشێوێنن و متمانەی کۆمەڵایەتی لاواز دەکەن.
لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە، زیرەکی دەستکرد ئەو ئەگەرانەی ڕەخساندوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو خێرای بەرهەمهێنانی هونەری زیاد دەکات و ئامرازی نوێ نەک تەنها بۆ هونەرمەندان، بەڵکو تەنانەت بۆ کەسانی دەرەوەی جیهانی هونەریش دابین دەکات، بۆ نمونە بە بەکارهێنانی ئەلکترۆنیەکانی بەرهەمهێنانی وێنە یان ڤیدیۆ، دەتوانرێت بیرۆکەکان لە ماوەیەکی کورتدا تاقیبکرێتەوە یان شێوازی بینراوی نوێ بدۆزرێتەوە.
بەڵام مەترسییەکی شاراوە لەم بابەتەدا هەیە: یەکدەنگی بەرهەمەکان، زۆرێک لە بەرهەمەکانی زیرەکی دەستکرد لەسەر بنەمای داتای دووبارەبووەوەیە و ئەگەر داهێنەری مرۆڤ لە پاڵ ئەودا ئامادە نەبێت، کوالیتی و ڕەسەنایەتی کارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
لە ڕوانگەی ئابوورییەوە ئەم تەکنەلۆژیایە چەندە هەڕەشە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئەوەندەش هەل دەخوڵقێنێت، لە لایەکەوە ئامرازە هەرزان و خێراکان ڕێگەی بە هاوڵاتیانی زیاتر داوە بچنە ناو بواری داهێنەرەوە و تێچووی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە هەمان ئەم سوودە دەتوانێت فشار بخاتە سەر بازاڕی کار بۆ هونەرمەندانی پیشەگەر، چونکە زۆرێک لە کڕیارەکان لەبری هاوکاری لەگەڵ هونەرمەندان، ڕوو لە ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی خێرا و کەم تێچووی.
ئیلهام جەهانارا درێژە بە نیگەرانییەکانی خۆی دەدات، وتی: کێشەکە کاتێک ڕآستیتر دەبێت کە بینەر بۆ ئەم بەرهەمانە منداڵ و هەرزەکار بن، نەوەیەک کە ناسنامەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییان دروست دەبێت، ئەم جۆرە بەرهەمانە نەک هەر هەڕەشە لە بەها کولتووری و ئەخلاقییەکان دەکەن، بەڵکو لە ڕووی کوالیتی هونەری و پێوەرەکانی پیشەییەوە زۆر لە بەرهەمە مرۆییەکان کەم دەکەنەوە.
"ڕەسەنایەتی هونەر، میراسێک کە نابێت بکرێتە قوربانی تەکنەلۆژیا"
ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمانە هۆشیاری گشتی و وریای هونەرمەندانە، بێباکی لەم شەپۆلە بە واتای پشتگوێخستنی کاریگەری قوڵ و درێژخایەنەکانی لەسەر نەوەکانی داهاتو دەبێت.
بەهای هونەر لە ڕەسەنایەتییەکەی و ڕوانگەی مرۆی و ئەو پەیامەی کە لە دڵی کولتوورەوە دێت، شتێکە کە هیچ تەکنەلۆژیایەک هەرچەندە پێشکەوتوو بێت ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە.