١٠ ساڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر ٩ بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک...٦؛ ئابووری

بەڕێوبەری لیژنەی ئابووری ژنان لە کۆنگرەی ستار ڕۆژئاوا، ئارمانج محەمەد، هەڵسەنگاندنی بۆ ئابووری ژنان لە ماوەی شۆڕشی ١٠ ساڵەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.

 حەسەکە

 

لە هەموو شۆڕش و وڵاتێکدا پایەی بنەڕەتی ئابوورییە، شۆڕشی ڕۆژئاوا کە لە ساڵی ٢٠١٢ دەستیپێکردووە و ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، لەسەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک بەڕێوەدەچێت. یەکێک لە پایەی سەرەکی ئەم شۆڕشە بواری ئابووریی کۆمەڵایەتییە. لیژنەی ئابووری ژنان لە کۆنگرەی ستار کە لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە، کاری زۆری کردووە.

 

ئابووری سەربەخۆ لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا

بەڕێوبەری لیژنەی ئابووری ژنان لە کۆنگرەی ستار ڕۆژئاوا، ئارمانج محەمەد باسی لە ناوەندەکانی هاوکاری ژنان کرد و وتی: ئابووری بەشێکی بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ سیسته‌می نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیکدا، ئامانجی ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ کۆمەڵگە له‌سه‌ر خۆی كار بكات و ئابووری به‌كاربهێنێت بۆ خزمه‌تكردنی خۆی، کۆمەڵگە لەسەر بنەمای گەشەسەندنی ئابووری شانبەشانی پەروەردە و پاراستن و دادپەروەری پەرەی پێدەدرێت، ئاواتمان ئەوە بوو کە لەگەڵ چەند ژنێک پرۆژەی بچوک و گەورە دروستبکەین، ئامانجی سەرەکیمان ئەوە بوو کە نابێت ژنان دەست بۆ پیاوان پان بکەنەوە و ملیان نەچەمێننەوە، بۆ ئەوەی ئابوورییەکی سەربەخۆمان هەبێت، ویستمان ژن لە کاریگەری دابونەریتی کۆمەڵایەتی ڕزگاری ببێت.

 

هەروەها لە قسەکانیدا خستیەڕوو لەگەڵ شۆڕشدا لە باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا شۆڕشێکی ئابووریش بەڕێوەبراوە، "له‌م شۆڕشه‌دا ژنان توانیان شۆڕشی ئابووری بەڕێوەببەن، توانییان خۆیان لە دەسەڵاتداری پیاو ڕزگاربەکەن و ئابووری سەربەخۆیان بنیادنا، بێگومان دابونەریتی کۆمەڵگە هێشتاش زاڵە بەسەر ژندا، بەڵام خەباتەکەیان کۆتایی نەهاتووە، لەناو ماڵەکانیاندا لەگەڵ دەسەڵات و هزری پیاودا شەڕ دەکەن، لەلایەکی دیکەوە، ئەو پەروەردانەی دەدرێن ڕۆڵێکی کارا دەگێڕن تا ژنان بەرەنگاری عەقڵییەتی کۆیلایەتی ببنەوە و بچنە سەر ڕێگای ئازادی".

 

٦٢ ناوەندی هاوکاری ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراون

ئارمانج محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای سەختی و ناخۆشیەکان هەنگاوی باش نراوە و جەختی لەسەر قسەکانی کردەوە: "ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی رۆژهەڵاتدا دەژین، بەدڵنیاییەوە بەربەست و سنووردارکردن زۆرە لەسەر ژنان، خەباتی ئەو ژنانە دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوون لە دابونەریتی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای ئەو هەموو سەختی و بەربەستانەی پێیدا تێدەپەڕین، ژمارەیەکی زۆر باش لە ناوەندی هاوکاری دامەزراون، ژمارەی ناوەندی هاوکاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بازرگانی و پیشەیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگاتە ٦٢ ناوەند و هەزاران ژنیش تێیدا ببەشدارن، ئەو پڕۆژانەی کە ئێمە دروستمان کرد دەتوانن هەڵاوسانی بازاڕەکان بشکێنن".

 

"ساڵ لە دوای ساڵ، پڕۆژەکان بەرەو پێشەوە دەچن"

ئارمانج محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هیوامان ئەوەیە لە ساڵی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٣ ژمارەی ژنان زیاد بکات و ئارەزووی کارکردنیان زیاد بکات، بەپێی ئەو دۆخەی هەرێمەکەمان پێیدا تێدەپەڕێت، گرنگی بە پڕۆژەی پێویست دەدەین، بە پرۆژەی کشتوکاڵ دەستمان پێکرد، بەڵام لەوێ سنووردار نەبووین، ساڵ بە ساڵ پڕۆژەکانمان پەرەی سەند و ژنان زیاتر لێرە سەربەخۆیی خۆیان دەبینی و هەستیان پێدەکرد.