جلوبەرگی کوردی، مێژوویەکی سێ هەزار ساڵە ...٢

جلوبەرگی کوردی مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ماددەکان، تا ئێستاش هەیە، بەڵام ئێستا بەپێی ناوچەکانی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، تا ڕادەییەک جیاوازی لە شێوازی دوورینی و پارچەکانیدا هەیە.

تەرزە تەها

 

ناوەندی هەواڵ- جلوبەرگی کوردی لە ژنان و پیاوانیش لە چەندین پارچەی جیاواز پێکهاتووە، بە دەیان جۆر جلوبەرگی کوردی پیاوان و ژنانیش هەیە، کە زۆرینەیان نزیکن لە یەکەوە و تەنها لە ڕووی دورینی یاخود قوماشەکانیانەوە جیاوازن.

 

جلوبەرگی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لانکەی هونەر و کەلتورە، زیاتر لە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان گرنگی بە پاراستنی کەلتور و جلوبەرگی کوردی دەدات، بەجۆرێک تا ئێستاش لە زۆرینەی ناوچەکانیدا جلوبەرگی کوردی بۆ ژیانی ڕۆژانە بەکاردەهێندرێت، چەندین جۆری جیاواز لە جلوبەرگی کوردییان هەیە.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین جۆر جلی کوردی ژنان و پیاوان هەیە، لەوانە جلوبەرگی ناوچەی لوڕ، موکریان، لائین، مهابادی، شکاکی و چەندین جۆری دیکە.

 

لەناوچەکانی مهاباد، شنۆ، سەقز، بۆکان و پیرانشار، ژنان جلوبەرگی مهابادی لەبەر دەکەن، کە کراسەکانیان فەقیانەی نییە، بەڵکو کراسەکانیان لە کەمەرەوە پلیسین، پشتێنێکی پانی چەند مەترییان بەستووە، لەبری هێلەک یاخود کەوا و سەڵتە، دەسماڵ لەسەر شانەکانیان دەبەستن.

 

بەڵام لە  ناوچەکانی بانە، مەریوان، بیجاڕ، سنە، قوڕە، موچش، کرماشان، هەورامان، پاوە و ڕوانسەر و جوانڕۆ پۆشاکەکانیان هاوشێوەی ناوچەکانی سلێمانی و باشوری کوردستانە.

 ژنانی ئەم ناوچەیە جگە لە کەوا، سەڵتە و هێلەک، کوڵەباڵیان هەیە، کە هەر سەڵتەیە بەڵام قۆڵەکەی کورتە و تا ئەنیشکە، هەروەها چەفتە-کۆڵواتە بەکاردەهێنن، بۆ میوانی و شوێنە تایبەتەکان لەبەری دەکەن، ژنانی کرماشان هەندێک جار مشکی دەبەستن یاخود وەک دەسماڵ بەکاری دەهێنن.

 

پیاوانیش لە ناوچەی لوڕ و بەختیاریدا کە سەر بە کرماشانن، کڵاوەکانیان لە خوری مەڕ دروست دەکرێت و لەبەشی سەرەوەیدا سێ کونی تێدایە چاکەتێکیش کە تا سەر کەمەرە لەبەری دەکەن، بەڵام لە ناوچەی موکریان شەڕواڵەکانیان زۆر پانترە و دەرلنگەکانیان تەسکە هەروەها لەبەشی سەرەوەیدا زۆر پانە، پشتێنیان نییە و چاکەتێک دەکەنە بەریان کە تا خوار ئەژنۆ درێژە. 

 

جلوبەرگی کوردی ناوچەی سەقز چۆغەکەی یەخەی کراوەیە، بەڵام لە ناوچەکانی سنە یەخەی داخراوە.

 

 جلی کوردی ناوچەی خورسان (لاین)

 ئەم جلە تایبەتە بە ناوچەکانی لاین و کوردانی خۆراسان، کە پێکهاتووە لە تەنورەیەک کە تا نزیکی قاچ درێژە، کراسێک کە تا خوار کەمەر درێژە، هەروەها هێلەکیان هەیە، لەگەڵ کڵاوێکی سێ پارچە.

پۆشاکی ئەم ناوچەیە زۆرینەی کات لە ئاوریشم بە کاری دەستی دروستدەکرێت، ژنان خۆیان دروستی دەکەن، زۆرینەی نەخش و کاری وردەکارییە، ڕەنگی سور و جەرگی بەشێکی زۆری جلوبەرگی ئەم ناوچەییەی داگیرکر کردووە.

 

پیاوانی ناوچەی خوراسان، شەڕواڵەکانیان لە پێیانەوە تا ئەژنۆکانیان تەسکە، لەبەشی سەرەوەی پانە، کراسێک قۆڵدرێژ تا خوار کەمەریان لەبەر دەکەن، هێلەکێکی بێ قۆڵیش لەبەر دەکەن کە بە شێوەزاری خۆیان پێی دەڵێن (کولینجە)، پشتێنێکی ڕەنگاوڕەنگیش بەکاردەهێنن، هاوشێوەی پۆشاکی ژنان نەخش و نیگاری تێدا بەکارهاتووە.

 

باشوری کوردستان

لە باشوری کوردستانیش چەندین جۆری جلی کوردی ژنان و پیاوان هەیە، ئەمیش بەپێی ناوچەکان دورینی پۆشاکەکە دەگۆڕت.

 

لەناوچەکانی سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان و ڕانیە و هەولێر جلوبەرگی ژنان هاوشێوەیە، ژنان کراس و کەوا یاخود هێلەک و سەڵتە بەکاردەهێنن، نزیکن لە هەمان جۆر، لەم دوو ساڵەی ڕابردووشدا هاوشێوەی ژنان لە ڕابردوودا جەفتەیان بەکارهێناوە، ئەمەش پاش ئەوەی ساڵانێک بوو ژنان بەکارییان نەدەهێنا.

 

بەڵام لە ناوچەکانی بادینان و دهۆک و زاخۆ بەهۆی نزیکییان لە باکوری کوردستان، پۆشاکی ژنان جیاوازە، بە کراس دەڵێن (فستان)، کە پارچەیەکی درێژی بێ قۆڵە لەگەڵیدا کەوایەک دەکەنە بەریان کە فەقیانەی پێوەیە، هەروەها لە قوماشی فستانەکەیان پشتێنێک دەبەستن.

 

پیاوانیش بە گشتی جۆرەکانی ستارخانی، مرادخانی، شاڵ، قەلەوەنچە و کراس لەبەر دەکەن، بەڵام لە ناوچەکانی ڕانیە و تا دەگاتە ناوچەکانی بادینان شەڕواڵەکانیان جیاوازە، شەڕواڵەکانیان یەک قاڵبە و لە کەمەرەوە تا دەرلنگەکان بە پانی دەڕوات و هیچ تەسکبوون یاخود فراوانبوونێکی تێدا نییە.

 

لە ڕووی ڕەنگیشەوە لە بەشێک لە ناوچەکانی بادینان شاڵی بە دەست دروستکراو بەکاردێت، کە لە مووی بزنی مەرەز دروستدەکرێت، شاڵەکان خەت خەتی دوو ڕەنگن، نرخێکی گرانیان هەیە، هەیانە نرخی دەگاتە دوو هەزار و ٥٠٠ دۆلار.

 

جلوبەرگی کوردی لە هەورامان

لە ناوچەی هەورامان جلوبەرگی ژنان و پیاوان لەگەڵ ناوچەی سلێمانی جیاوازی نییە، بەڵام پیاوانی هەورامان کوڵەباڵ بەکاردەهێنن، کوڵەباڵ بووەتە مۆرکی ناوچەی هەورامان.

 

هەروەها پیاوان لە باشوری کوردستان چەند جۆرێک مشکی و جامانە بەکاردەهێنن، لەوانە جامانەی سور و ڕەش، هەروەها مشکی بەکاردەهێنن، کڵاویش بەکاردێت، لەوانە، کلێتە کە لە مووی بزن دروستدەکرێت و گڵۆنکەی پێوەیە، تەپلە کە وەک شەپقە وایە و لە کاتی خۆر و کاری کشتوکاڵ بەکاردێت بۆ خۆپاراستن لە تیشکی خۆر.

 

پشتێن، لەلای پیاوان لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، کەرکوک پارچەیەک قوماشی درێژە، درێژییەکەی دەگاتە دوو بۆ سێ مەتر، بەڵام لە ناوچەکانی هەولێر و بادینان درێژیەکەی دەگاتە ٨ مەتر، کە گرێی تێدەکەن، پانیەکەی لە سینگ بۆ سەر ناوک دەبێت.

 

جلوبەرگی ئێزدییەکان

 

ئێزدییەکان بەهۆی جیاوازی ئاینەکەیانەوە لەگەڵ زۆرینەی کوردانی باشوری کوردستان، پۆشاکەکەیان تا ڕادەیەک جیاوازە، ڕەنگی ڕەش و سپی زۆر بەکاردێت، کەمتر ڕەنگاوڕەنگی لە پۆشاکەکەیاندا بەدی دەکرێت.

 

ژنانی ئێزی فستانێکی سپی یاخود ڕەش لەبەر دەکەن، دواتر سەڵتەیەک دەکەن کە ڕەنگی ڕەشە و سەرپۆشێکی سپی دەکەنە سەریان، کڵاوێکی نیو بازنە دەکەنە سەر سەرپۆشەکەوە و کە تا ڕادەییەک لە جۆرەکانی دیکەی سەروکڵاوی ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان جیاوازە.

هەروەها پارچەیەکی لاکێشە هاوشێوەی جەفتە بەکاردێنن، بەڵام لەجیاتی ئەوەی لە پشتیانەوە بێت، لەسەر شانی چەپیانەوە دەچێتە ژێر قۆڵی ڕاستیان و دواتر دەچێتەوە سەر شانی چەپ و لە یەکتر دەبەسترێت کە ڕەنسگی سپی یاخود بێجییە.

 

پیاوانیش شەڕواڵێکی هاوشێوەی ناوچەکانی بادینان لەبەر دەکەن، بەڵام ڕەنگی سپییە، کراسێک لەژێرەوە لەبەر دەکەن، سەڵتەیەک کە قۆڵدارە و تا نزیکی ئەژنۆ درێژە لەبەر دەکەن، کە ڕەنگی سپییە، پشتێنیکی ڕەشیش لە کەمەرییان دەبەستن، زیاتر جامانەی سور بەکاردەهێنن.

 

ڕۆژئاوای کوردستان

لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەلایەن ڕژێمی سوریا و دەسەڵاتەکانی ڕابردوویدا هەوڵی تواندنەوەییان دراوە، لەبەرئەوە کەمتر گرنگی بە پێشکەوتنی پۆشاکی کوردی دراوە.

بە گشتی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان هاوشێوەی جلوبەرگی کوردی ناوچەی بادینانە، فستانەکانیان بێ قۆڵ و فەقیانەیە، کەواکانیان فەقیانەی پێوەیە، پشتێکنێکیش لە قوماشی فستانەکەیان دەبەستنن.

 

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان پیاوان بەشێکیان هاوشێوە باشوری کوردستان ڕانکوچۆغە، مورادخانی، ستارخانی و جۆرەکانی دیکە لەبەر دەکەن، بەشێکیشیان شێوازی دورینیان کەمێک جیاوازە.

 

کە شەڕواڵەکانیان لە دەرلنگەکانیانەوە تا ئەژنۆ تەسکە، دواتر فراوان دەبێت، هەروەها کراسێکی قۆڵدار لەبەردەکەن، هێلەکێک لەبەر دەکەن، پشتێنێک دەبەستن، بەگشتیش جەمانەی سور بەکاردەهێنن.

 

جلوبەرگی کوردی لە باکوری کوردستان

لە باکوری کوردستانیش هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان ژنان و پیاوان لە زۆرینەی ناوچەکان جلی کوردی لەبەر دەکەن، بەڵام لە هەندێک ناوچە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

 

لە ناوچەکانی دەڤەری بۆتان  ئەو جۆرە پۆشاکە بەکاردێت کە ئێستا پێی دەوترێت، جلی گەریلا، لە بنەڕەتدا تایبەتە بە ناوچەی بۆتان، بەڵام لە ناوچەکانی ئامەد پۆشاکی پیاوان شەڕواڵەکانیان دەرلنگەکانیان تەسکە، لەسەر پشتێنەکانیان چەکبەند دەبەستن.

 

ژنانیشیان بەشێکی زۆری قوماشی جلوبەرگەکانیان ئەستوورە، هەروەها پێش ماڵ بەکاردەهێنن، کە بە تایبەت لە کاتی چاندنی تۆو و کشتوکاڵدا بەکاردێت، سەروبەندەکانیشیان ڕەنگاوڕەنگە و بە لیرەی زیو و زێڕ ڕازێندراوەتەوە، هەندێکیشیان کراسەکانیان کورتە و تا خوار ئەژنۆییانە.

 

ئەگەر چی جلوبەرگی کوردی مێژوویەکی ڕەسەن و هەزاران ساڵەی هەیە، بەڵام بێ بەش نەبووە لەو گۆڕانانەی بەسەر جلوبەرگەکاندا هاتووە، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا هەندێکیان تەواو گۆڕابوو، کە تا ڕادەییەک ڕەسەنایەتی پۆشاکەکەی لە دەستدا بوو، لەم چەند ساڵەی دوایدا جارێکی دیکە پۆشاکەکان گەڕاونەتەوە بەرەو شێوازە ڕەسەنەکە و ژنان و پیاوانیش هەوڵدەدەن وەک کەڵە ژنان و پیاوانی ڕابردوو جلوبەرگ لەبەر بکەن.

 

هەروەها ژنان سەروبەند لە سەرجەم ناوچە و پارچەکانی کوردستاندا بە چەندین شێواز بەکاردەهێنن، بە لیرەی زیوی و زێڕ و گوڵینکە دەیڕازێننەوە، بەڵام ئێستا تەنها لە هەندێک بۆنەی تایبەتدا بەکاردێت، وەک ڕابردوو بەشێکی سەرەکی نەماوە لە جلوبەرگی کوردی.

 

ژنان جوانکارییان بۆ جلە کوردییەکان بەکارهێناوە

ژنانی کوردستان گرنگییەکی زۆرییان بە خشڵ بۆ جلی کوردی داوە، لەوانە ژێرچەنە، گۆبەرۆک، دوگمە و دۆڵاب، پشتێنی لیرە، ناوچەوان، ئاشقبەند و چەندین جۆری دیکە.

 

لە هەرێمی کوردستانیشدا، تا ئێستا هیچ یاسایەک بۆ پاراستنی جلوبەرگی کوردی و دیاریکردنی جۆرێکی دیاریکراو وە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی نییە، لەبەر ئەوەشە کە بەشێک لە مێژوونوسان و دیزاینەرانی جلی کوردی بەردەوام باس لە تێکچوونی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی دەکەن، هەروەها دەڵێن ئەو نوێگەرییانەی کە هەیە لە جلوبەرگی ئێستادا تەنها لە ڕووی ڕازاندنەوەوەیە، بەڵام جلوبەرگە ڕەسەنەکە مۆرکی کوردی خەریکە تەواو لە دەستدەدات.

 

لە کۆتایدا ماوەتەوە بڵێین جلوبەرگ پێناسەی هەر نەتەوەیەک دەکات، مێژوو و شارستانییەتی ئەو نەتەوەیە نیشان دەدات، لەبەر ئەوە پاراستنی ئەو پێناسەیە ئەرکی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانە.

 

ت.پ