ئاماری کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان- ٢٠٢٣

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ سەرەڕای هەوڵدان بۆ ونکردنی هەواڵی کوشتنی ژن و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، بە پێی ئەو ئامارانەی نوژنها کۆیکردووەتەوە ٨٠ ژن کوژراون و توندوتیژیان بەرامبەر کراوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- توندوتیژی و کوشتنی ژنان ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هیچ ئامارێکی فەرمی ناخاتەڕوو، جگە لەوە هەواڵی کوشتنی ژنان ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی دەکرێت و ڕۆژانە چەندین ژن دوور لە چاوی میدیاکان دەکوژرێن و هەواڵەکانیان بە نائاشکرایی دەمێنێتەوە.

 

بە پێی ئەو ئامارانەی نوژنها لە هەواڵە بڵاوکراوەکانی ساڵی ٢٠٢٣ەوە کۆی کردووەتەوە، بە گشتی ٨٠ ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، کە بەم شێوەیەیە، کوشتن ٢٨، ناچار بە خۆکوشتن ٩، سووتان ٥، مردنی گوماناوی ١٩، گیان لەدەستدان بە کارەبا ٣، خنکان ٣، گیان لەدەستدانی ژن بە غاز ٢، ڕفاندن ٣، برینداربوون ٤، ئەشکەنجەدان ١، مردن بە هۆی نەشتەرگەری هەڵە ١، هەڕەشەکردن ٢.

 

مانگی کانوونی دووەم/١

٣ی کانونی دووەم، ژنێکی گەنجی خوێندکاری پۆلی ١٠ی ئامادەیی، لە گەڕەکی گژەبەرانی شاری دهۆک بە خنکاندنی گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات.

 

هەمان ڕۆژ، ٣ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکى سیروانى شارۆچکەی کەلار، بە ڕووداوێکى هاتوچۆ، ئۆتۆمبێلێکى جۆرى میتسۆبۆشی بارهەڵگر، لە ژنێک دەدات و برینداری دەکات، دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەست دەدات.

 

٥ی کانوونی دووەم، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵان بە ناوی "ئارینا یاقوب"، لە گەڕەکی کانی سپیکەی شاری سلێمانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ژنە گەنجەکە فێرخوازی پۆلی نۆی بنەڕەتی بووە، بەهۆی خراپی باری دارایی ماڵەوەیان نەیتوانی بوو بۆ ماوەی دوو مانگ کرێی پاسی خوێندنگەی بدات بەمەش توشی حاڵەتی دەروونی ببوو، لە ئەنجامدا فیشەکێکی ناوە بەسەرییەوە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

 

٦ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی موفتی شاری هەولێر باوکێک کچەکەی بە ناوی "ڕەها" تەمەن ١٥ ساڵ کوشت و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهات، ئەو ژنە گەنجە بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن باوکییەوە کوژراوە وەک باسدەکرێت، نینۆکەکانی دەرهێندراوە و ڕووخساری شێوێندراوە، پاشان بە پانكەی ماڵەكەیاندا هەڵواسراوە، تا لە کۆتایدا گیانی لەدەستداوە.

 

١١ی کانوونی دووەم، ژنێکی گەنجی خوێندکار، تەمەنی ١٧ ساڵە، بە ناوی "دیلان غەریب" لە شارۆچکەی حاجیاوای سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.

 

١٩ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی تسعینی کەرکوک، ژنێک بەدەستی ئەو پیاوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، کوژرا، بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو کەسە خەڵکی بەغدا بوون و بە سەردان چوونەتە کەرکوک، بووەتە دەمەقاڵێیان و لە ئەنجامدا پیاوە بکوژەکە هاوژینەکەی کوشتووە، کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ و خەڵکی بەغدا و لە نەتەوەی عەرەبە.

 

١٩ی کانوونی دووەم، لە شارەدێی تەکیەی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ بەهۆی گڕگرتن و تەقینەوەی بوتڵی غازەوە، ژنێک بریندار بوو، چەند بەشێکی لاشەی سووتاوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.

 

٢٢ی کانوونی دووەم، لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی گەڕەکی ئۆردوگای چۆمانی شارەدێی چوارقوڕنە لە دەڤەری ڕاپەڕین ژنێک گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان ژنەکە ناوی "ئــ ، مـ ، خـ" و تەمەنى ٢٥ ساڵ بووە، ھۆکاری ئاگرەکەوتنەوەکە بە ھیتەری کارەبایی بووە، لە ئەنجامدا شۆرتى کردووە و ئاگرکەوتووەتەوە.

 

٢٤ی کانوونی دووەم، لە گوندی گربیش-ی سنوری شارۆچکەی ئاکرێ کچ و کوڕێکی گەنج کوژراون. 

 

٢٤ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی خێلەکێ لە ناوەندی شارۆچکەی بەردەڕەش مامۆستایەکی ژن بەهۆی فشار خستنەسەری لە بابەتی هاوسەرگیری کردن، پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبات و دواتر گیان لەدەستدەدات.

 

مانگی شوبات/٢

لە بەرواری ١٨ی شوبات لە شارۆچکەی قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر ژنێک لەلایەن هاوژینی پێشویەوە لەسەر کێشەیەکی کۆنی نێوانیان بە گولە لێیدراوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا، ژنەکە ناوی (شاجوان سەباح) تەمەنی ٢٢ ساڵ بووە، هاوژینی پێشویشی ناوی (م. و. ا) تەمەنی ٢٦ ساڵە.

 

مانگی ئادار/٣

٦ی ئاداردا، لە شارۆچکەی سۆران، تەرمی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی "ڕەیان تاریق"ە رەوانەی نەخۆشخانەی سۆران کراوە کە گولە بە جەستەیەوە بووە، خێزانەکەی دەڵێن خۆکوژی بووە.

 

١٠ی ئادار و لە شارۆچکەی کەلار دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی ژنێک دەستگیر کراون.

 

١٠ی ئادار، لە شارۆچکەی کفری لە دەڤەری گەرمیان، ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدا، ژنەکە لەدایکبووی ١٩٩٦ و بە وتەی کەسوکارەکەی لە ماڵی خۆیان بە دەمانچە فیشەکی بەخۆیەوە ناوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.

 

٦ی ئادار، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە، ژنێک بەناوی "سوره" تەمەن ٢٨ ساڵ، گولەیەک بەر سەری کەوتووە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت لەلایەن برایەکی کە تەمەن ٣٢ ساڵە کوژراوە.

 

مانگی نیسان/٤

٨ی نیسان، لە گەڕەکی عەدەنی شاری کەرکوک، تەرمی ژنێک لەناو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، ژنەکە بەتەنها ژیاوە و تەمەنی ٥٨ ساڵە، لەناو ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە و پێدەچێت خنکێندرابێت. 

 

١٠ی نیسان، لە حاجیاوا لە دەڤەری ڕاپەڕین، ژنێک لە ڕووداوێکی گوماناویدا بە هۆکارێکی نادیار کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، ئەو ژنە دەرچووی زانکۆی کۆیەیە، هاوسەرگیری کردووە دەستگیراندار بووە، لە پاش خۆکوشتنی نامەیەکی جێهێشتووە تێیدا ئەوە دەردەکەوێت کە ئەو ژنە گەنجە لەژێر فشارێکی دەروونی زۆردا بووە، داوای لێبوردنی لە دایک و باوکی کردووە.

 

١٤ی نیسان، میهران عەبدولکەریم، ١٧ ساڵ، دانیشتووی شارەدێی رزگاری سەر بە شارۆچکەی خەبات بوو، درەنگانی شەوێک لە سەربانی ماڵی خۆیان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، دوای مانەوەی بە سووتاوی بۆ ماوەی ١٣ رۆژ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، شەوی ١٤ی نیسانی ئەمساڵ بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەی گیانی لەدەست دا.

 

١٧ی نیسان، ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بەناوی "شلێر فەتحوڵا"، لە نزیک پردی حافیز لە نێوان شارۆچکەی ڕەواندز و چۆمان، کەوتە ناو ڕووبار و خنکا، شلێر فەتحوڵا دایکى دوو منداڵە و ماڵیان لە نزیک ڕووبارەکە دایە، بەهۆی خلیسکانەوە کەوتبووە ناو ڕووبارەکە. 

 

١٨ی نیسان، ژنێکی گەنج بە ناوی "لارا عەلی ڕەزا" دانیشتووی ڕانیە بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و وترا بەهۆی بەركەوتنی فیشەكەوە بووە.

 

١٩ی نیسان، ژنێکی بە تەمەن و هاوژینەکەی لە گەڕەکی ئەسرا و مەفقودینی کەرکوک کە بەتەنیا ژیاون، بەهۆی لێچوونی گازەوە لە خەودا گیانیان لەدەستداوە، بەپێی زانیارییەکان ژن و پیاوەکە کوردن و ژنەکە تەمەنی ٧١ ساڵە.

 

٢٠ی نیسان، لە گوندی بەدریكێ-ی سەر بە شارەدێی گردەسێنی سنووری شارۆچکەی ئاكرێ، ژنێکی گەنج بە ناوی "ڤ، ش" بە گوماناویی گیانی لەدەستدا.

 

٢٦ی نیسان، ژنێکی گەنج بە ناوی "هۆزان مستەفا سەعید"دانیشتووی گوندی لێلکان لە سنووری شارۆچکەی سیدەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و بەپێی وتەی کەسوکارەکەی بۆ پۆلیس، لە کاتی ئامادەکردنی خواردنی ئێوارە غازی پێدا تەقیوەتەوە.

 

٢٦ی نیسان، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵ لە قەڵادزێی سنوری ئیدارەی ڕاپەرین بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستداوە.

 

مانگی ئایار/٥

لە بەرواری ٨ی ئایاردا، ژنێکی گەنج لە گوندی کێلەسپی ئاکرێ بە گوماناوی گیانی لەدەستدا، بەپێی لێکۆڵێنەوەکان، لە کاتی پاککردنەوەی چەکدا براکەی بە هەڵە کوشتوویەتی، ژنە گەنجەکە تەمەنی ٢٦ ساڵ بووە.
 

١٠ی ئایار، باوکێک لە دۆخی "سەرخۆش"ی لەژێر کاریگەری ماددەی کهولیدا تەقەی لە منداڵێکی کچی تەمەن ٧ ساڵانی خۆی کردووە و بە سەختی برینداری کردووە، تاوانەکە لە گەڕەکی دۆمیزی باشووری شاری کەرکوک ڕوویداوە.

 

لە ١١ی ئایاردا، کچێکی تەمەن ١١ ساڵ لەلایەن باوەژنی و خوشکی باوەژنی لە ڕووباری زێی بچوک خنکێنراوە، هەردوو تۆمەتبارەکەش دەستگیر کراون.

 

١٧ی ئایار، لە شارۆچکەی کۆیە، پیاوێک دەستڕێژی گولـلەی لە خێزانەکەی کرد و چوار کەسی کوشت، کە سیانیان هاوژین و دوو کچی خۆی بووە، کوڕەکەشی بریندار کردووە.

 

٢٢ی ئایار، لە گەڕەکی کەلاری کۆنی شارۆچکەی کەلاری منداڵێکی کچ بە ناوی "ماریا ئیسماعیل"، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٩، بە گوماناویی گیانی لەدەستدا، لە پاش لێکۆڵینەوە ئەو منداڵە کچە لەگەڵ برا حەوت ساڵانەکەی، ناکۆکی لەنێوانیاندا دروستبووە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

 

مانگی حوزەیران/٦

١ی حوزەیران، لە شوقەکانی گوڵی شار لە شاری سلێمانی، تەرمی ژنێک بە هەڵواسراوی لە شوقەکەی خۆی دۆزرایەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، ڕووداوەکە خۆکوژی بووە، هەروەها بەپێی زانیاریەکان ژنەکە تەمەنی لەنێوان ٢٧-٣٠ ساڵ بووە، هاوسەرگیری کردووە، بەڵام جیابووەتەوە و لەگەڵ دوو کوڕی ژیاوە.

 

٤ی حوزەیران، ژنێکی گەنج کە خوێندکاری زانکۆی سۆرانە لە نهۆمی چوارەمی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆکەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە و بە سەختی برینداربووە.

 

١٦ی مانگ، ژنێکی بە رەگەز کورد بەناوی (ا. ع. ح) کە چەند مانگێکە هاوسەرگیریی کردووە و دانیشتوی کۆمەڵگەی نیشتەجێبونی وان سیتییە لە شارۆچکەی خانەقین، ڕفێندرا و سۆراخی نەماوە.

 

٢٠ی حوزەیران لە گەڕەکی گوڵانی شاری ھەولێر کەسێک دەستڕێژی گولـلە لە ھاوژینەکەی و خوشکی ھاوژینەکەی دەکات و بەهۆیەوە ژنەکە کوژراوە و خوشکەکەشی بریندار بووە.

 

مانگی تەمموز/٧

٩ی تەمموز بە تۆمەتی ئەشكەنجەدانی ژنێک و دەستبەسەركردنی منداڵەكانی تۆمەتبارێک لە شاری سلێمانی دەستگیر كرا، تۆمەتبارەكە ئەشكەنجەی ژنێكی داوە و لەگەڵ سێ‌ منداڵەكەی لەماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەری كردوون.

 

١١ی تەمموز، دوو خوشک بەناوەكانی "شایستە و ماردین" کە تەمەنیان ١٣ و ١٤ ساڵان بوو، ڕۆژی ٩ی تەمموز لە زێی بچوک لەگەڵ باپیریاندا بوون و هەرسێکیان خنكان.

 

١٩ی تەمموز، لە گەڕەكی زانكۆ لە دهۆک لەسەر شەقام تەقە لە ژنێکی ٣٢ ساڵ كرا و كوژرا، ژنەکە دایكی سێ منداڵ بوو وە لە یەكێک لە ماركێتەكانی شاری دهۆک كاری دەكرد. 

 

٢٤ی تەمموز، لە شاری هەڵەبجە ژنێک بە ناوی شەونم فەیسەل مەجید تەمەن ٤٨ ساڵ، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر بە گوماناوی گیانی لەدەستدا، شەونم تەمەنی ٤٨ ساڵە و لە ڕۆژی ٢٣ی تەمموز لە سەربانی ماڵەکەیان کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. 

 

٢٤ی تەمموز، ژنێکی گەنجی تەمەن ۱٥ ساڵ لە کەلار بە خنکان و گوماناوی گیانی لەدەستدا، بەوتەی کەسوکارەکەی "بە پەت خۆی هەڵواسیوە".

 

٢٩ی تەمموز، لە سۆران پیاوێک کە دوو ژنی هەبووە هەردوکیانی کوشتووە، تۆمەتبارەکە راستەوخۆ دوای ڕووداوەکە خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە.

 

مانگی ئاب/٨

٢ی ئاب، کچێکی ١١ ساڵ ڕزگار کرا، کە لەلایەن كوڕێكەوە بەرەو سنوری هەولێر‌ و دهۆک ڕفێندرابوو، كچەكە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارەکە تۆمار کردووە، لە قسەکانیدا باسی لەوە كرد، تۆمەتبارەكە بە زۆر ڕفاندوویەتی و هەڕەشەی كوشتنی لە خۆی ‌و باوكی ‌و براكەی كردووە، ناچاری كردووە كە بڕێک پارەش لە ماڵەوە بهێنێت بە نیازی ئەوەی كە دەچنە دەرەوەی دەڤەر.

 

٣ی ئاب لە گەڕەکی کەرامەی شاری کەرکوک پیاوێک بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە دەچێتە سەر ماڵی خەزووری، بە دەستڕێژی فیشەک، هاوژینەکەی و دایک و باوکی هاوژینەکەی دەکوژێت.

 

٦ی ئاب، لە شارەدێی ڕزگاری سەر بەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی گەرمیان، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی "نور عەقیل" بە گوماناوی گیانی لەدەستدا، بەپێی وتەی دایک و باوکی، کچەکەیان چووەتە ژوورێکەوە و دەنگی تەقە هاتووە و هیچ کێشەیەکیشی نەبووە پێشتر، ئەو چەکەی بەکارهاتووە بێ مۆڵەت بووە.

 

٧ی ئاب، لە گەڕەکی شارەوانی هەڵەبجە بەهۆی لێچوونی غازەوە ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە، دایکێک و کچەکەی بە سەختی سووتان و برینداربوون، دایکەکە ناوی نەزیرە حسێن حەمە ساڵح تەمەن ٤١ ساڵان و کچەکەی بەناوی ئارینا تاریق عەزیز تەمەن ١٨ ساڵانە.

 

٨ی ئاب لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی ژنێک بە چەقۆ بریندار کراوە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان ژنەکە تەمەنی ٢٣ ساڵە.

 

١٠ی ئاب، لە گەڕەکی پەنجا عەلی و لە نزیک ڕێگای پشتێنەی کەرکوک و لە نزیک مەلەوانگەی باباگوڕگوڕ دەستڕێژى گولـلە لە ژن و پیاوێک کرا و بەهۆیەوە بریندار بوون، بەپێی زانیارییەکان، ژنەکە ناوی عەزرا منهل نەجمـە و تەمەنی ٢٤ ساڵە، پیاوەکەش ناوی سامی شکورە و تەمەنی ٣٩ ساڵە.

 

١٠ی ئاب، لە گەڕەکی ئاشتی لە شارۆچکەی قەڵادزێ، ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ لەلایەن براکەی خۆیەوە، کە تەمەنی ٣٥ ساڵە بە فیشەک کوژرا.

 

شەوی ١٧ی ئاب، لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، ژنێکی بە ڕەگەز عەرەب کە دەوترێت دایکی چوار منداڵە تەرمەکەی بە خنکێندراوی دۆزرایەوە.

 

٢١ی ئاب، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە شاری ڕانیە کە ماوەی چوار ڕۆژ بوو بێسەروشوێن بوو، تەرمەکەی لە ئاوی دەربەندی ڕانیە دۆزرایەوە.

 

٢٤ی ئاب، لەسەر ڕووباری خازر و لە نزیک گوندی خەلیلكان-ی سەر شارەدێی گردەسێن تەرمی دوو ژنی گەنج لە ڕووبارەکە دۆزرایەوە، ئەو دوو ژنە گەنجە لە ڕووبارەکە خنکاون ناویان 'حەنان رەمەزان عەبدۆ' تەمەن ٢٣ساڵ و 'خەڵات شەعبان خەلیل' تەمەن ٢٠ ساڵە.

 

مانگی ئەیلول/٩

٣ی ئەیلول، لە شارۆچکەی سەعدییەی سەر بە خانەقین بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە دایکێک و سێ منداڵەکەی سووتان و گیانیان لەدەستدا.

 

٥ی ئەیلول، ژنێکی دووگیان بە ناوی عائیشە عەبدۆ کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن و ماوەی پێنج ساڵە لە دەڤەر دەژین و تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، لە کاتی نەشتەرگەری منداڵبوون، بەهۆی بچڕانی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

 

٨ی ئەیلول، لە کەلار ژنێکی تەمەن ۲۲ ساڵ بە ناوی (خ. ق) بەخنکان گیانی لەدەستدا، ژنەکە دانیشتووی شارەدێی رزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلارە و لەدایکبووی ۲۰۰۱ە و لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و مناڵێکی هەیە.

 

١٤ی ئەیلول، ژنێکی گەنج تەمەن (١٥ بۆ ٢٠) ساڵ لەسەر پردی پەڕینەوەی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی بە شێوازێکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە. 

 

١٦ی ئەیلول، لە شارەدێی خەلیفان سەر بە ئیدارەی سۆران کچێکی سیانزە ساڵ بەناوی (یوسرا غەفار) بە خنکان گیانی لەدەست دا، بە پێی زانیارییەکان تەرمی کچەکە لەنێو ماڵەکەیان بە خنکاوی دۆزراوەتەوە.

 

٢٥ی ئەیلول، پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر سكاڵای ژنێک کەسێکیان بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئەو ژنە دەستگیر کردووە.

 

٢٦ی ئەیلول، لە گوندی پیرداودی نزیک هەولێر ژنێکى تەمەن ٣٥ ساڵ کوژراوە و دایکی پێنج منداڵ بووە، بەپێی وتەی کەسوکارەکەی هاوژینەکەی ئەنجامدەری تاوانەکەیە.

 

٢٦ی ئەیلول، لە قەڵادزێ تۆمەتبارێک هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی لە ژنان کردووە دەستگیرکرا.

 

٢٧ی ئەیلول، لە شارۆچکەی کەلار ژنێک کە پێشتر سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کردووە، بە گوماناوی گیانی لەدەستدا، ژنەکە تەمەنی ٤٠ ساڵە و ناوی (ن.غ.م) دانیشتووی گەڕەکی سیروانە، ژنەکە پێشووتر لەلایەن هاوژینەکەیەوە توندوتیژیی دەروونی بەرامبەر کراوە و هاندراوە بۆ خۆسووتاندن.

 

مانگی تشرینی یەکەم/١٠

شه‌وی ١١ی تشرینی یەکەم، له‌ گه‌ڕه‌كی سێتاقانی هه‌ولێر، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی پیاوێک‌ شه‌ش فیشه‌كی به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ دەنێت، چواری به‌ركه‌وتووه‌ و بەهۆیەوە گیانی له‌ ده‌ستداوه.

 

١٥ی تشرینی یەکەم، لە سنووری پارێزگای سلێمانی سێ‌ تۆمەتباری هەڵهاتوو لەسەر ڕفاندنی ژنێکی گەنج دەستگیر کران.

 

٢٣ی تشرینی یەکەم، منداڵێکی کچی بریندار بە ناوی "س،ع،ا" تەمەن ٩ ساڵ دانیشتووی گەڕەکی دابان لە شارۆچکەی حاجیاوا، کە شوێنەواری فیشەک بە لەشیەوە هەبووە، براوەتە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە بەهۆی سەختی برینەکەی لەڕێگا بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. 

 

٢٤ی تشرینی یەکەم، سەنگین قادر ئیبراهیم، تەمەن ٢٥ ساڵ، دانیشتووی شارەدێی حاجیاوا سەر بە دەڤەری ڕاپەڕین، بە شێوەیەکی گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات.

 

٢٦ی تشرینی یەکەم، یەکێک لە مامۆستا وانەبێژە ناڕازییەکان بەناوی “جیهان تەها”، لە گوندی هەڤنکا لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە شێوەیەکی گوماناوی ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و ئاگری گرت، بەو هۆیەشەوە جیهان تەها گیانی لەدەستداوە، جیهان تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، جیهان تەها یەکێک بوو لە مامۆستایانی ناڕازی کە چەند ڕۆژێک بەر لە گیان لەدەستدانی، لە بەرنامەی یەکێک لە تەلەفزیۆنەکانی سەر بە دەسەڵات باسی لە دۆخی مامۆستایان ناڕەزایەتییەکانیانی کرد.

 

مانگی تشرینی دووەم/١١

١١ی تشرینی دووەم، لە شارەدێی لەیلانی پارێزگای کەرکوک، ژنێک بە دەستڕێژی گولە کە لەگەڵ براکەیدا بوو، کوژرا، ژنەکە تەمەنی ٢٨ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلیی شاری کەرکوک، ساڵێک لەمەوبەر هاوژینەکەی کوژراوە.

 

١٧ی تشرینی دووەم، ژنێکی گەنج لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووی ٥ نهۆمی لە شاری هەولێر هەڵدرایە خوارەوە و بە پێی لێدوانی پۆلیسی هەولێر، بە سەختی برینداربوو. 

 

مانگی کانوونی یەکەم/١٢

٤ی کانوونی یەکەم، ژنێک بە ناوی دەروون کاوە، دایکی دوو منداڵە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە ئەشکەنجەدرا و سووتێنرا.

 

٦ی کانوونی یەکەم، لە سلێمانی لەسەر 'دەمەقاڵە' پیاوێک ژنەکەی بە چەقۆ کوشت و پاش تاوانەکەش دەستگیرکرا، ژنەکە بەناوی (ئ،م) تەمەنی ٢٣ ساڵ بوە و پیاوەکەش بەناوی (ب،ن)ـە ماوەی سێ ساڵ بوو و هاوسەرگیریان کردبوو.

 

٢٦ی کانوونی یەکەم، لەبەردەم پەیمانگای تەکنیکی کەرکوک، ژنێکی گەنجی ٢٠ ساڵ بە ناوی دونیا ئەمین عومەر، پیشەی خوێندکار، ئۆتۆمبێلێک لێیدا. 

ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری کیایی سپۆڕتاج بووە، دوای ئەوەی خوێندکارەکە دەکات بە ژێرەوە، هەڵدێت، بەهۆی بریندارییەکەوە دونیا ئەمین عومەر دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک گیانی لەدەستدا.

 

٢٧ی کانوونی یەکەم، دوو تەرم، کە یەکێکیان ژن بوو، لە کەندەڵانێکی گوندی چنارێن سەر بە شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر، دۆزرانەوە، کە بە شێوەیەک شێوێندرابوون ناتوانرا بناسرێنەوە و ناسنامەیان نائاشکرا بوو، پۆلیس تەرمەکەی گواستەوە بۆ پزیشکی دادی هەولێر.

 

٢٧ی کانوونی یەکەم، دەڤەر دڵشاد، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی تەقتەق ڕایگەیاند، ژنێكی تەمەن ٢٥ ساڵ، بە ناوی "س. م. س" و فەرمانبەری تەندروستی كەركوك، لەلایەن باوكییەوە لەناو بازاڕی تەقتەق دەستڕێژی گولـلەی لێكرا و سێ فیشەکی بەرکەوتووە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی كەركووك كراوە.

 

٢٧ی کانوونی یەکەم، لە گەڕەکی ئەسراو مەفقودینی پارێزگای کەرکەک بەرامبەر نەخۆشخانەی شیفا  ئۆتۆمبێلێک گڕی گرت و بەهۆیەوە دایکێک و دوو منداڵی سووتان و گیانیان لەدەستدا.