ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان؛ پێشەنگی ئاشتی

ئەگەر جیهان ڕۆژێکی بۆ ئاشتی دیاری کردبێت، ئەوا گەلی کورد هەموو ڕۆژێک خوازیاری ئاشتییە، ڕێبەری گەلی کورد کە هەمیشە هەوڵ بۆ ئاشتی دەدات، زیندانی کردۆتە ناوەندی بەرخۆدان و هاواری ئاشتی دەکات.

هێرۆ عەلی 

 

ناوەندی هەواڵ- ئاشتی دۆخێکی ئارام و ھێمنی دوور لە شەڕ و ئاژاوە و دڵەڕاوکێیە، لە سیاسەتی جیهانیدا چەمکی ئاشتی بەکاردێت وەکو پێچەوانەی چەمکی جەنگ و توندوتیژی و ترس.

 

لە ١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٩ جەنگی دووەمی جیهانی دەستیپێکرد کە شەش ساڵی خایاند، کە تێیدا زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن سەرباز بەشداربوون و نزیکەی ٦١ ملیۆن کەسی مەدەنی و سەربازیی تێدا بووە قوربانی کە ٢٪ی کۆی دانیشتوانی سەر زەوی بوون، سەدان ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون، هەربۆیە لە ساڵی ١٩٥٧دا ڕۆژی ١ی ئەیلول وەک ڕۆژی جیهانیی ئاشتی لەلایەن سەندیکا و گروپەکانی ئاشتی لە ئەڵمانیا دیاریکرا، بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠٠١دا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ٢١ی ئەیلوولی وەکو ڕۆژی جیهانی ئاشتی دەستنیشان کرد.

 

واتە لەجیهاندا دوو ڕۆژ وەک ڕۆژی جیهانی ئاشتی دیاریکراوە، کە ڕۆژێکیان لەلایەن پارتە چەپ و ئۆپۆزسیۆنەکان و پارتە سۆسیالیستەکانەوە دیاریکراوە، کە لەو ڕۆژەدا بەدروشمی "نا بۆ شەڕ" هەوڵ بۆ ئاشتی گەلان و جیهان دەدرێت، ڕۆژێکیشیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە، لەهەردوو ڕۆژەکەدا چالاکی جۆراوجۆر بۆ ئاشتی و نەمانی شەڕ ئەنجامدەدرێت.

 

ڕۆژی جیهانی ئاشتی لەلایەن گەلی کورد لە هەرچوار بەش، بە تایبەت باکووری کوردستان تورکیا ڕۆژی ١ی ئەیلوولە، کە  لەلایەن گەلەوە بەڕێوەدەچێت و داوای کۆتایی هێنان بە شەڕ و ململانێکان دەکەن، ساڵانە بۆنە و ناڕەزایەتی و چالاکیی بۆ داوای ئاشتی ئەنجام دەدەن، بەڵام تورکیا پێداگری لەسەر شەڕەکانی ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی دەکات.

 

لەجیهاندا هەرچەند هەوڵەکانی ئاشتی بەردەوامن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەوڵەتە زلهێزەکانی دونیا پەرە بە بەرهەمهێنانی چەکە پێشکەوتووەکانیان دەدەن، بەردەوام سیستیمی موشەکی و چەکی دوورهاوێژ و ئەتۆمی و وێرانکەر بەرهەمدەهێنن، هەروەها پەرە بە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی زەبەلاح دەدەن، ئەم چەک و فڕۆکە وێرانکەرانە بە وڵاتانی دیکە دەفرۆشن و ئەوانیش لە جەنگە ناوخۆیی و جەنگەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆیان بەکاری دەهێنن.

 

تورکیا زۆرترین چەکی کڕیووە لە ساڵانی ڕابردوودا

ئەو دەوڵەتانەی کە سوود لە شەڕ و چەک وەردەگرن لە هەموو دەرفەتێکدا بودجەی سەربازی خۆیان زیاد دەکەن و وڵاتان ناچار دەکەن چەک هەڵبگرن، ئەو وڵاتە ئیمپریالیستیانەی زۆرترین چەک دەفرۆشن، بە سووتەمەنی و ئاژاوەگێڕی، فرۆشتنی چەکیان زیاد دەکەن، وڵاتانی وەک هیندستان، سعودیە، میسر، پاکستان، تورکیا لەو وڵاتانەن کە زۆرترین چەکیان کڕیووە لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ ئامادەکاری بۆ "جەنگی ناوچەیی"، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سنوور بەزاندن نیشان دەدات کە هەنگاو دەنێت بۆ دەستپێکردنی شەڕ.

 

بەپێی داتاکانی دامەزراوەی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، هەناردەکردنی چەکی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٣ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٨دوو هێندە زیادیکردووە، هەروەها دەریشیخستووە کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا هەناردەکردنی چەک لە ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢٤ بە ڕێژەی ١٠٣% زیادیکردووە، ئەمەش وایکردووە تورکیا ببێتە ١١هەمین هەناردەکاری چەک لە سەرانسەری جیهاندا.

 

دانیمارک، ئێرلەندا، نیوزلەندا و نەمسا لەو وڵاتانەن کە ئاشتی تێیدا بەرقەرارە، ئەفغانستان بۆ هەشتەمین ساڵ لەسەریەک بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەندرێت کە ئارامی تێدا نییە و لە دوای ئەویش یەمەن، سووریا، عێراق، باشووری سودان و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دێن، ئەم وڵاتانە زۆربەی ساڵەکان لە جەنگ و نا ئارامیدا بوون، بە هۆی جەنگەکانەوە وڵاتەکانیان وێران بوون و هیچ سیمایەکی جوانیان تێدا نەما، خەڵکەکان پەرتەوازە بوون و لە ماڵەکانی خۆیان ناچارکران بڕۆن، بەمەش هەر وڵاتێک جەنگی تێدابێت، ئاشتی تێیدا بەرقەرار نابێت.

 

گەلی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا ٣٢ ساڵە دستپێشخەری ئاشتی کردووە

سەبارەت بە کوردیش، دابەشکردنی ئیمپرایۆریەتی عوسمانی و ڕێکەوتننامەی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠ ئاسۆیەکی گرنگی دا بەکورد کە بە مافەکانی شادبێت، بەڵام لە ڕێکەوتننامەی لۆزانی ١٩٢٣ لە هەموو ئەو بەڵێنانە پەشیمان بوونەوە کە بەکوردیان دا، لێرەوە نەهامەتیەکان دەستی پێکرد و کوردو کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی ناکۆک و ناتەبا دابەشکرا، هەر ئەم دابەشکاریە کاریگەرترین گورزەبوو بەر کوردستان کەوت، دواتریش هەر کوردبووە هەمیشە هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتیداوە لە هەرچوار پارچەی کوردستان، کە لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ ساڵی ٢٠١٥ چەند هەنگاوێك بۆ پرۆسەی ئاشتی نراون، قۆناغی یەکەم لە ساڵی ١٩٩٣ لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا نرا، قۆناغی دووەم لە ساڵی ١٩٩٦ لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا نرا، قۆناغى سێیەمى هەوڵى چارەسەرى کێشەى کورد لە ساڵی ٢٠١٣ وە تا ساڵی ٢٠١٥ لەسەردەمى ئاک پارتى دەستیپێکرد، بەڵام هەنگاوەكان ئاشتییان بەدوای خۆیاندا نەهێنا هەرچەندە چەند ساڵێك چەكەكان بێدەنگ كران.

 

 دواتر دەوڵەتی تورکیا دوای دەیان ساڵ لە شەڕ تێگەیشت کە پرسی کورد بە چەک چارەسەر ناکرێت و تەنها لە ڕێگەی ئاشتی و گۆڕانی سیستەمی تورکیا بۆ وڵاتێکی دیموکرات چارەسەر دەکرێت، ئەوەبوولە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە كۆبوونەوەی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا وتی، "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت"، دواتر وەفدی دەم پارتی كە پێكهاتبوون لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر، لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، سەردانى ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان لە ئیمڕاڵی کرد و پاش کۆبوونەوە پەیامێكیان بڵاوكردەوە .

 

لە پەیامەکەدا هاتووە کە ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جەختی لە "خوشک و برایەتی نێوان کورد و تورک" کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "بەهێزکردنی خوشک و برایەتی تورک و کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژوویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان، بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیەش گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن و بونیادنەرانە هەنگاو بنێن و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن."

 

لە جاسەنە ئاشتی دەنگی دایەوە

دواتریش ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا لە ئیمڕاڵییەوە پەیامی سەدەی بە ناونیشانی "پرسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ڕاگەیاند، بە ئامانجی ئاشتی گەلان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پاشان بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ١٢یەمین کۆنگرەیی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە ڕۆژانی ٥-٧ی ئایاری ٢٠٢٥دا، لە دوو گۆڕەپانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجام درا، لە کۆنگرەکەدا بڕیاری کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری درا، پاشان بۆ ئەنجامدانی نیازپاکی پەکەکە، ١٥ ژن و ١٥ پیاوی شەڕڤانی پەکەکە، لەمیانی مەڕاسیمیکی شکۆمەندانە، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٥دا، لە ئەشکەوتی جاسەنە لە شاری سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند، ئەمەش نیازپاکی و ڕەگوڕیشەی سەرهەڵدانی پرسی ئاشتییە بەڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجالان.

 

هەبوونی پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مێژوویەکی گرنگ بۆ کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار دەکات، شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا لە لایەکی دیکەشەوە شەڕی نێوان ئیسڕائیل و غەزە و لوبنان، هەموو ئەوانە بەڵگەن کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە کە بە جەنگی جیهانی سێیەم ناودەبرێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەم گۆڕانکارییەدا پێگەیەکی لاوازی هەیە و ڕۆژئاوای کوردستانیش پێگەیەکی ستراتیجی و گرنگی لە ناوچەکەدا هەیە، هەربۆیە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی درێژکردۆتەوە بۆ دەستێوەردان لە سوریادا.

 

 

 داواکارییەکانی کوردیش هەموو کاتێک ڕەوابوونە، کورد نەتەوەیەکە داوای سەلماندنی هەبوونی دەکات، ئەمەش مافێکی سەرەتایی مرۆڤایەتییە هەموو گەڵاڵە نێودەوڵەتییەکان سەلماندوویانە کە هەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە لە زمان و کولتووری خۆی بەهرەمەند بێت و مافی سیاسی، کولتووری، گەشەپێدانی پێ بدرێت، بۆیە ئەگەردەوڵەتی تورکیا بەڕاستی لەو پرۆسەیە بەرەو ئاشتی و بە دەنگەوەچوونی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاستگۆ بێت ئەوە سەرەنجام دۆخەکە لە قازانجی هەردوو نەتەوەی کورد و تورک دەبێت.

 

گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستانیش زۆرترین چاوەڕوانیان لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتییە لە باکووری کوردستان و تورکیادا هەیە، بۆ ئەوەی هێرشەکانی تورکیا بوەستێت، چونکە ئەگەر کێشەی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت، بێ گومان کاریگەری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانیش دەبێت کە تا ئێستا یەکێک لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە ڕێگە نادات کورد بەشداری لە چارەسەری سیاسی سووریادا بکات، دەوڵەتی تورکیایە، تاوەکو ئێستاش وتارەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا سەبارەت بە ئاشتی نکۆڵی لە بوونی خۆبەڕێوەبەری لە سووریا دەکەن.

 

لە کاتێکدا لە ١٥ی ئاداری ساڵی٢٠١١دا، گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دژی ڕژێمی سووریا دەستیان بە شۆڕش کرد، دواجار لە ١٩ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٢، بەهێز و ئیرادەی گەل ئەو ڕاپەڕینە بوو بە شۆڕشێکی هاوچەرخ و نوێ بۆ گەلی کورد و گەلانی سووریا.

 

کاتێک گەلانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، لە دژی ڕژێمی ئەسەد ڕاپەڕین، لە شاری کۆبانێ و لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢دا، یەکەم زەنگی شۆڕش لێدرا، کوردانی شارەکە دارودەستەی ڕژێمیان ڕاماڵی و مژدەی ئازادکردنی شارەکەیان ڕاگەیاند، ئەگەرچی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، شەنگال و موسڵیش بوونی هەبوو، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان بوو بە لانکە و شوێنی شۆڕشگێڕان و پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی گەلان لێرەوە بەردی بناغەی خۆی دانا.

 

ئەمە بووە زەمینەی دامەزراندنی سیستمێکی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەرجەستەکردنی شۆڕشێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی، هەروەها دامەزراندنی سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، کە یەکێکە لە پایە هزرییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئەم سیستمە بنەما و پێوانەکانی ئازادی ڕەگەزی و دیموکراسی ڕاستەوخۆ و پاراستنی ژینگە و ئازادی ژن و نەتەوەی دیموکراتیک لەخۆدەگرێت، کە توانیویەتی ئامێز بۆ هەموو جیاوازییەکان بکاتەوە و دروشمی پێکەوە ژیان بخاتە جێی توندڕەویی و نەژادپەرستییەوە.

 

کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، سیستمێکی دەوڵەتی نییە، بەڵکو سیستەمێکی دیموکراسی نادەوڵەتیی گەلە، سیستمێکە کە تیایدا هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی ژنان و گەنجان، ڕێکخستنی دیموکراسی خۆیان دروست دەکەن و سیاسەت بە ئازادی دەکەن و هەمووان تیایدا بەشدارن.

 

شۆڕش لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامی هەیە و گەلانی سووریا و ئازادیخوازان توانیان لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێنن و کۆتایی بەدەسەڵاتەکەی بهێنن، بەڵام ئەوەش نەبووە هۆکاری ئاشتی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و هەتاوەکو ئێستاش بەردەوامن لە بەرخودان بۆبەدەستهێنانی ئاشتی.

 

بۆیە پرۆسەی ئاشتی و چەكدانان نەك تەنها لە بەرژەوەندیی كوردە لە باكوور، بەڵكو لە بەرژەوەندیی كوردە لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان بەتایبەت ئەو شوێنانەی لە رابردوودا توركیا زۆرترین فشاری لەسەر دروستكردوون بە بیانووی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە، هەروەها لە رۆژئاواش كاریگەری لەسەر كورد دەبێت.

 

بەڵام سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت، بەڵام هێشتا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان بەردەوامن، کە بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی سی پی تی بڵاویکردوونەتەوە، تورکیا لە١ی کانوونی دووەمەوە تا ٣١ی تەمموزی ٢٠٢٥، بە شێوەیەکی گشتی هەزار و٦٩٦جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

 

بۆیە ئەمڕۆ زیاتر لە جاران ئاشتی پێویستە، شەڕ و ململانێ خەریکە وێرانکاری و هەژاری و برسێتی زیاد دەکات و دەیان ملیۆن کەسیش لە ماڵەکانیان دوور خراونەتەوە، بۆیە چارەسەری پرسی کورد لە باکور، دەبێتە گۆرانکاری بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پارچەکانی تری کوردستان، باشوور، ڕۆژهەڵات ڕۆژئاوا.

 

دەوڵەتانی زلهێز کاراکتەری سەرەکی ناسەقامگیری ئاشتین لە جیهاندا، هەمیشە بۆ زیادبوونی هێز و بەرژەوەندییەکانی خۆیان، لە وڵاتانی جیهاندا ئاشتی تێکدەدەن، باشترین نموونە وڵاتی ئۆکراینایە کە زیاتر لە ساڵێکە لە شەڕێکی نامرۆڤانەدایە لەگەڵ ڕووسیادا، هەموو ئەمەش بە پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا و هێزی ناتۆ دەستیپێکرد، بەڵام نە ناتۆ و نە یەکێتی ئەوروپا نەیانتوانی ژیان و ماڵی ئۆکراینی و ڕووسییەکان بپارێزن و لە دوورە چەپڵەیان لێدەدا، ئەم شەڕە لە بواری کەرتی گاز و دانەوێڵەدا زیانی لە وڵاتانی ئەوروپا دا و وڵاتێکی وەک و ئەڵمانیا، کە یەکێكە لە زلهێزەکان، بەدەست گرانی و کەمبوونەوەی سوتەمەنییەوە گیرۆدە ببوو.

 

ئەمە جگە لە کوردستان کە چەندین ساڵە لەژێر هەژموونی داگیرکاری دایە، لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ناتۆ، کە دەوڵەتی تورکیا ئەندامە تێیدا،  دەتوانێت داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی کوردستان ڕابگرێت، بەڵام لێی بێدەنگە و هەموو جارێک گڵۆپی سەوزی هێرشی بۆ هەڵدەکات، بەمەش ئاشتی جیهانی لە کوردستان ناسەقامگیر کراوە و بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانیشی بۆ وڵاتانیی ڕۆژئاوایییە.