ئەزموونی تەڤگەری ژنان لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی - ٢

ماوەی سێ دەیە تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان لە کوردستان مۆدێلێکی شۆڕشگێڕانەی بۆ ئاشتیسازی و دیموکراتیک داناوە، کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بنەماکانی ئازادی و یەکسانی دامەزراوە.

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

 

ناوەندی هەواڵ- ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ماوەی ٣٢ ساڵدا، لە هەموو دەستپێشخەری و هەوڵەکانیدا ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی و ئاشتی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆڵێکی ستراتیجی بە خەباتی تەڤگەری ئازادی ژنان بەخشیوە، لە ساڵی ١٩٩٣ و دوای ڕاگەیاندنی یەکەمین ئاگربەست، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەردەی لەسەر سوپای ژنان لادا وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەلسەفی و پەیوەندیدارەکانی ئاشتی، ساڵی ١٩٩٥ یەجەکە وەک تەڤگەریەک بۆ ڕزگاری ژنان لە کوردستان لە کایەی سەربازی و کۆمەڵایەتی و سیاسی دامەزرا و دووهەمین ئاگربەست ڕاگەیەندرا، لە ساڵی ١٩٩٨ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنانی ڕاگەیاند و ڕێگەی خۆشکرد بۆ پێکهێنانی پارتی ژنان و سێیەمین ئاگربەستی ڕاگەیاند، لە سەردەمی ئیمرالیدا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر بنەمای مۆدێلی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی ئیکۆلۆژی و خواستەکانی ژنان بۆ ئازادی، لە ڕوانگەی گۆڕانی ستراتیژی لە چوارچێوەی تەڤگەری ئازادیەوە، بەرپرسیارێتیەکانی ڕێبەرایەتیکردنی تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان و خەباتدا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە هەڵسەنگاند.

 

ئەم ئەرکانە کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کۆبوونەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٢دا بە کورتی وەک نوسینی مێژووی ژنان و جێبەجێکردنی شۆڕشی ژنان و گەیشتن بە هاوپەیمانیەکی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان باسی کرد، ئەرکە فیکری و سیاسی و ئەخلاقیەکان لەخۆدەگرێت، لە لایەک هەنگاوەکانی دامەزراندنی سیستەمی کۆنفیدراڵی ژنان لە ڕێگەی پڕۆژەی وەک دامەزراندنی ماڵی ژنانی ئازاد، بناغەی ژنانی ئازاد، هاوکاری، پارک، شارەکانی ژنانی خستەڕو. بەم شێوەیە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەرکێکی پێشەنگانەی بە تەڤگەری ئازادی ژنان بەخشی،هەروەها بونیادنانی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کە لەسەر بنەمای بەرگری لە ژنان، پەرەپێدانی سیاسەتی دیموکراتی لە کۆمەڵگەدا، بونیادنانی ئابووریەکی بەکۆمەڵ، پەروەردە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کە بەردەوام تەوەری نوێی بۆ گۆڕانی دیموکراتی و گۆڕینی عەقڵیەتی پیاو و کۆتایی هێنان بە کلتوری دەستدرێژی و جینۆساید دژی ژنان و کۆمەڵگە و سروشت دادەڕشت، جگە لەوەش دامەزراندنی ژنۆلۆژی و چەمکی پێکەوەژیانی ئازاد بوو بە بنەمای ڕێنوێنی بۆ قوڵکردنەوەی خەبات بۆ ئازادی ژنان وەک بناغەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، بوو بە ستراتیژ و ئامانجی خەباتەکەمان.

 

لە لایەکی دیکەوە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چوارچێوەی هاوکێشەی"دەوڵەت + دیموکراتی" خەباتی کرد بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری دیموکراتی لە عەقڵیەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا و هەوڵی شکاندنی سیاسەتەکانی نکۆڵی و لەناوبردنی دژ بە گەلی کورد دەدا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ چارەسەرێکی دیموکراتی و ئاشتیانە خۆش بکات کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات، بانگەواز و نەخشەڕێگای داڕشت و گفتوگۆی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەت ئەنجامدا، هاوکات پێشەنگایەتی گرنگی بە کارنامەی ماف و ئازادیەکانی ژنان و پەرەپێدانی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی یەکسانی ژنان لە چالاکیە سیاسی و دیپلۆماسیەکان دا.

 

ئەگەر ئەنجامی کار و خەباتی ٣٢ ساڵەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی هەڵسەنگێنین، دەبینین هەنگاوەکانی بۆ ئاشتی، بە نەتەوەیی بوونی پەکەکە و هاوپشتی ژنان و پێگەی ڕێکخراوەی ژنان لە سیاسەتی یاسای و دامەزراندنی ئۆتۆنۆمی دیموکراتیش بوو.

 

تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ پێشەنگایەتییان کرد و تەڤگەی ئاشتییان ڕێکخست لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کە شەڕی تورکیا لە توندترین ئاستدا بوو. دەستپێشخەری و هەڵمەتەکانی وەک "هێرش مەکەنە سەر هاوڕێ و دۆستەکانم" (١٩٩٣)، "دایکانی شەممە" (١٩٩٥)، "دایکانی ئاشتی" (١٩٩٦)، "کۆبوونەوەی ژنان بۆ ئاشتی" (٢٠٠٤)، و "کات بۆ ئاشتی" (٢٠٠٥)، کە کاریگەریەکی بەرچاویان لەسەر ئەم پرۆسانە هەبووە، نمونەی ئەم خەباتەن، دایکانی ئاشتی کە لەلایەن دایکانی کوردەوە دامەزراون و دایکانی شەممە کە بەردەوامن لە چالاکیەکانیان بۆ گەڕان بەدوای کەسانی ونبوو و گەیشتن بە دادپەروەری، ئەکتەرێکی گرنگن لە سیاسەتی کۆمەڵایەتی لە تورکیادا.

 

لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە دەستپێشخەری ژنانی ئاشتی "BİKG" چالاکی و هەوڵەکانی ژنان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای تورکیا ڕێکدەخات و خەباتی ژنان بۆ ئاشتی وەک خەباتێکی ستراتیژی کۆمەڵایەتی، ئایدیۆلۆژی و سیاسی پێناسە دەکات، ئەم ڕێکخراوە جۆراوجۆرانە کە لەسەر بناغەی خەباتی ئاشتی دامەزراون، بەردەوامن لە چالاکیەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە و پتەوکردنی هاودەنگی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی میتۆدەکانی وەک خۆپیشاندان، گردبوونەوە، ڕێپێوان، کۆبوونەوە، و هەڵمەتی واژۆکردن.

 

لە دانوستانەکانی ئاشتی کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە ئیمرالی دەستی پێکرد، نوێنەری ڕاستەوخۆی تەڤگەری ژنان بۆ یەکەمجار بەشداری شاندی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"ی کرد، لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجومەنی ئازادی ژنان "KÖM" بە ئامانجی هاوبەشکردنی تەوری ژنان و گەیاندنی داواکاری کۆمەڵایەتی بۆ سەر مێزی دانوستان لە ڕێگەی نوێنەری تەڤگەری ژنانەوە دامەزرا.

 

ئەنجومەنی ئازادی ژنان "KÖM" کە ئەنجومەنێکی هاوبەشی ژنان و چالاکوانان و ژنانی کوردە لە ڕۆژئاوای تورکیا، بڕیار بوو لە پڕۆسەی دانوستانی ئاشتی فەرمیدا دیدگایەک سەبارەت بە ڕزگاری ژنان پێشکەش بکات، بەڵام هەر لەو ساڵەدا دەوڵەت دەستبەجێ دانوستانەکانی ئیمراڵی هەڵپەسارد و جارێکی دیکە شەڕ هەڵگیرسا، لەم پڕۆسەیەدا فشاری توندی دەوڵەت گەورەترین بەربەست بوو لە بەردەم خەباتی ژنان بۆ ئاشتی، دەوڵەت بە تێکدانی مێزی دانوستان و پشتگوێخستنی ئیرادەی ژنان، شەڕ و ناسیۆنالیزم و سێکسیزمی هەڵگیرساندەوە، دوای چەند مانگێک لە کۆتای هاتنی دانوستانەکان، داوای ئاشتی بوو بە تاوانێکی گەورە.

 

ژنانی تورکیا و کوردستان بە سپۆنسەری ژنانی ئاشتی BİKG کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەزمونی ژنان لە سەرانسەری جیهان بۆ دڵنیابوون لە بەشداری چالاکانەی ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا، هەروەها نمونەی ڕۆڵی ژنان لە ئاشتەوای کۆمەڵایەتیدا وەک ئاماژە هێنرانەوە، بە دروشمی "کۆتای بە شەڕنییە بەبێ ئاشتی لەگەڵ ژنان" هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی یەکسانی ژنان لە پرۆسەی دانوستانەکاندا درا، کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆکردنەوەی بۆچون و پێشنیارەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ ئاشتیەکی دادپەروەرانە و ڕاستەقینە و دانانی لە بەرنامەی کاردا پلانی بۆ دانرا، بەتایبەت هەوڵەکان بۆ هەموارکردنی ئەو یاسایانە درا کە چاوپۆشی لە پێداویستی و داخوازیەکانی ژنان دەکەن.

 

بەم پێیە لە چوارچێوەی بەکگدا پێنج لیژنە پێکهێنران.، یەکەمیان کۆمیسیۆنی ڕاستی ژنان بوو بۆ ئاشکراکردنی تاوانە جەنگیە جۆراوجۆرەکان دژی ژنان. دووەمیان کۆمیسیۆنی یەکسانی ڕەگەزی و دەستوور بوو بۆ تاوتوێکردنی هەموارکردنی یاسای بە ئامانجی دەستەبەرکردنی یەکسانی جێندەری و قەرەبووکردنەوەی تاوانەکانی جەنگ دژی ژنان. سێیەمیان کۆمیسیۆنی چاکسازی ئاسایش بوو بۆ دیاریکردنی ڕێساکانی ئاسایشی مرۆی و ڕێگریکردن لە تاوانەکانی دژی ژنان. چوارەمیش کۆمیسیۆنی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن بوو بۆ ئەوەی ڕوانگە و داواکاریەکانی ژنان بۆ ئاشتی بخاتە بەرنامەی کار. لێژنەی کۆتایی بریتی بوو لە کۆمیسیۆنی پەیوەندیەکان و بەدواداچون بۆ چاودێریکردنی چالاکانەی پرۆسەی چارەسەرکردن و هەڵسەنگاندنی پرۆسەکە لە ڕوانگەی ژنانەوە و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو گروپە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەت گروپەکانی ژنان و هەموو لایەنەکان بۆ دیاریکردنی چاوەڕوانی و تێڕوانینی هاوبەشی ژنان بۆ ئاشتیەکی بەردەوام.

 

کاتێک پڕۆسەی گفتوگۆ گۆڕا بۆ دانوستان، زۆر پێویست بوو ژنان لەگەڵ داواکاریە کۆنکرێتیەکانی خۆیان لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن و بەو پێیەش خۆیان ڕێکبخەن، هەر بەم هۆیەشەوە تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان لە ساڵی ٢٠١٤ لە ژێر ناوی کۆنگرەی ژنانی ئازاد "کەژەئا" ڕێکخستەوە، بۆ بونیادنانی ژێرخانی هاوپەیمانیەکی کۆمەڵایەتی نوێ، لیژنەکانی پێشو بۆ ڕونکردنەوەی پێداویستی و داخوازیەکانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دامەزران، هەروەها کاری ئامادەکاری لەسەر بابەتی جۆراوجۆر ئەنجامدرا، لە ئابووریەوە تا دیپلۆماسی، لە ژینگەوە تا یاسا، لە سیاسەتەوە تا بەرگری لە خۆ.

 

شاندی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" سەرەتا لە ژنێک و دوو پیاو پێکهاتبوون، بۆ ماوەیەکی زۆر دەوڵەت ڕێگەی نەدەدا نوێنەری تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان بچێتە ناو شاندەکەوە، بەڵام ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نوێنەرایەتی تەڤگەری ژنانی وەک بنەمایەک لە پڕۆسەی دانوستاندا پاراست و خەباتێکی گەورەی بۆ دەستەبەرکردنی کرد، لە کاتی پڕۆسەی دانوستانەکاندا، ئێستا شاندەکە لە دوو ژن و سێ پیاو پێکهاتوە، بەشداری ئەندامێکی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ڕزگاریخوازی ژنان هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ئیرادە و داخوازیەکانی ژنان.
 

هەروەها ژنان نەخشەڕێگایەکیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی داڕشت، کە لەسەر چوار بنەما:

١- پێناسەی دروست: پێویستە پرسی ژنان بە دروستی پێناسە بکرێت، پرسی ژنان تەنها پرسێکی ڕەگەزیە نییە، کێشەیەکی دێرینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کێشەیەکی بنەڕەتیە کە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، ئەخلاقی و سیاسی هەیە، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پرسی ئازادی ژنانیش ئامراز و شێوازەکانی چارەسەرکردنی ئاشکرا دەکەن.

 

٢- دەربڕینی یاسای: دەستووری ئێستا نە بوونی و شوناس و مافی ژنان دیاری ناکات، هەروەها پرسی ئازادی و ئامرازەکانی چارەسەرکردنیشی دیاری ناکات، لە زۆرێک لە ماددە و یاسا جۆراوجۆرەکاندا بە پلەی یەکەم ئاماژە بە ژنان دەکرێت وەک قوربانی، لە کاتێکدا لە یاسای خێزان و مەدەنیدا گرنگی بە دانپێدانی خێزان دەدرێت، ئەم پرسانە دەبێت لەسەر بنەمای ئازادی ژنان پێناسە بکرێن و چارەسەر بکرێن.

 

٣- بەشداری یەکسان و ڕێکخراو لە سیستەمی کۆنفیدڕاڵیدا: پێویستی هەڵسەنگاندن و پێناسەکردنی کۆی سیستەمی ژنان هەیە و لە ئاکامدا پێگە و بەشداری ژنان لە سیستەمی کۆنفیدڕاڵیدا، گرنگە ژنان بەشداریەکی یەکسان و ڕێکخراویان هەبێت، لە بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتیەوە تا بەرگریکردن لە خۆ، خۆڕێکخستن و بوارەکانی تری ژیان.

 

٤- یەکسانی و ئازادی لە خێزاندا: ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ژن و پیاو، یاساکانی هاوسەرگیری، تێڕوانینی هاوسەرگیری، پرسی جیابوونەوە، ئیرادە و مافی ژنان بۆ منداڵبوون و بەخێوکردن، پێناسەکردنی کاری ناوماڵ و ڕۆڵی پێشەنگیان تێیدا، دابەشکردنی یەکسانی موڵک و ماڵی، ڕێبازەکانی خوێندن، و چەندین بابەتی دیکە، بە بەشداریی ئیرادە و بیرۆکەکانی ژنان.

 

لە چوارچێوەی ئەمڕۆدا گرنگە ئەم بنامایانە نوێ بکرێتەوە و کارەکانی پێنج لیژنەکە زیندوو بکرێتەوە، هەروەها گرنگە ئەزمونی ژنان ئاڵوگۆڕ بکرێت و گفتوگۆی هاوبەش لەسەر پرۆسەکانی دانوستان و چارەسەری لە باکووری کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام بدرێت.

 

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥، تەڤگەری ئازادی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆڵێکی پێشەنگانەی بینی لە بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، لە شەڕی بەرگریکردن لە شۆڕش لە بەرامبەر هێرشەکانی نەسرە و داعش، هەروەها لە سیاسەت و دیپلۆماسیدا، جگە لەوەش ژنان ڕێکخراو و دامەزراوەی سەربەخۆی خۆیان دامەزراند، بۆ نمونە ئەنجومەنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک میکانیزمێکی بڕیاردان و ئیرادەیەکی هاوبەش بۆ ژنان لە هەموو باکگراوندەکانەوە دامەزرا.

 

هەروەها ئەنجومەنی ژنانی سووریا لەگەڵ ژنان لە هەموو باکگراوندەکانەوە کاریان کرد بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و گۆڕانکاری دیموکراتیک لە سووریا و داڕشتنی دەستورێکی نوێ و دیموکراتی بۆ سووریا، جگە لەوەش کۆنگرە و چالاکیەکانی ژنان بۆ یەکڕیزی ژنانی کورد و دامەزراندنی تۆڕی هاوپشتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەنگی ژنانی لە خەباتی ئاشتی و دیموکراتی و ئازادیدا بەهێزتر کرد.

 

لە لایەکی دیکەوە ژنان خەباتیان کرد بۆ دامەزراندنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان و دامودەزگاکان و میکانیزمەکانی بڕیاردان لە بوارەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکدا، هەروەها ژنان لە کاری یاسادانان و ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیدا پێگەیەکی یەکسان و کاریگەریان هەبوو. ژنان لە ڕێگەی کاری کۆمەڵایەتی و پەروەردەوە دەستکەوتی بەرچاویان لە گۆڕینی بیری تاکڕەوانە بەدەستهێنا، بەڵام کەموکورتیەکان لە گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا ماون کە بە بەشداری و ئیرادەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە پشتبەستن بە دیموکراتی ڕاستەوخۆ، ئابووری کۆمەڵ، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ژینگە و ئازادی ژنان خۆی بەڕێوە دەبات، سەرچاوەی ئەم کەموکوڕیانە بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە کەموکوڕیەکانمانەوە لە بونیادنانی عەقڵ و کەسایەتی و ژیان بەپێی مۆدێلی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنان. دواخستن و دوودڵی ئێمە لە تێگەیشتن و جێبەجێکردنی بۆچوونەکانی ڕێبەری گەکی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئێمەی گەیاندوەتە ئەو ڕاستیەی کە ئێستا لە دۆخێکی قەیراناویداین، هێشتا نەمانتوانیوە ئەو دەرفەتانە بەدی بهێنین بۆ چارەسەری سیاسی و ئاشتی کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ئیمرالیدا خەیاڵی کردبوو.

 

ئەزمونەکانی ١٥ ساڵی ڕابردو گرنگی بەهێزکردنی ڕێکخستن و هاوسەنگی هەوڵە ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانمان و بەشە هاوبەشەکانیان نیشان دەدەن، بەڕێوەبردنی میکانیزم و ڕێکخراوە سەربەخۆ و گشتیەکان لەسەر بنەمای دیموکراتی ڕاستەوخۆ بە بەشداری ئیرادەی کۆمەڵگە، و بە شێوەیەکی بونیادنەر بەشداریکردنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و پێکهاتە و بازنە سیاسیە جیاوازەکان لە پرۆسەکەدا بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا دەبێت لەسەر بنەمای دەسەڵاتی ڕێکخراوی تەڤگەری کۆمەڵایەتی ژنان بێت، بە داننان بەوەی کە "ئازادی ژن بناغەی هەموو ئازادیەکانە"، دەبێت وریا بین لە بەرامبەر ئەو ڕێبازانە کە وتیان: ئێستا کاتی پرسی ژن نییە، بەڵکو کاتی پەرەپێدانی ڕێوشوێنی یاسای و کۆمەڵایەتی بۆ بەرگریکردن لە خۆمان لە بەرامبەر هەڵاواردنی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵکوژی دژی ژنان.

 

بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیە سیاسی و ئەخلاقی و ڕۆشنبیریەکانمان لەم پرۆسەیەدا بە تەواوی جێبەجێ بکەین، پێویستە پێکەوە ئەزمونەکانمان شیبکەینەوە و نەخشەڕێگایەک بۆ سیاسەتە کۆمەڵایەتیەکانی ژنان دابڕێژین. سەبارەت بە سیاسەتی کۆمەڵایەتی، زۆر گرنگە ژنان لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بەشداری بکەن لە گفتوگۆ و پرۆسەی بڕیاردان، ڕێکەوتنەکانی پەیوەست بە بنەما و سیاسەت و ستراتیجی تایبەت بە ژنان دەبێت لەسەر بنەمای خواست و پێگەی هاوبەشی ژنان لە کۆمەڵگەدا بن، ئەگەر ئەمە ڕونەدات، مەترسی ئەوە هەیە کە سیاسەتی نوخبەی نوێ دابمەزرێندرێت، چالاکیەکانی وەک کۆنگرە و کۆبوونەوەکانی ژنان گرنگیەکی سەرەکیان هەیە، بۆیە پێویستە لە ڕێبازێکی فەرمی و کورتخایەن تێپەڕین و بە پرۆسەیەک بۆ گەیشتن بە ئیرادە و بڕیارێکی هاوبەش بزانین، پێویستە هەموو بەشداربووان بڕیارەکانی کۆنگرە پەیڕەو بکەن و جێبەجێ بکەن، هەروەها گرنگە گفتوگۆ و پێشهات و ئاڵەنگاریەکانی ئەم پرۆسەیە لەگەڵ تەڤگەر و چالاکوانی ژنان لە وڵاتانی جیاوازەوە هاوبەش بکرێت بۆ ئەوەی هاودەنگی نێودەوڵەتی ڕێکبخرێت.