کەمپەینی "هەروەها منیش- me too" لە هەرێمی کوردستان و عێراق...٢

٪٣٥ ژنان لە تەواوی جیهاندا ڕووبەری دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، بەپێی کۆتا توێژینەوە ٪٧٧ ژنانی عێراق ڕووبەڕووی هەراسان کردن بوونەتەوە، سەرباری ئەوەش تا ئێستا کەمپەینی "هەروەها منیش-ME TOO" لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کارا نییە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- دەستدرێژی یاخود گێچەڵی سێکسی ئێستا لە تەواوی جیهاندا بووەتە دیاردە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ٪٣٥ ژنان لە تەواوی جیهاندا ڕووبەڕووی دەستدرێژی یاخود گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە.

 

لە زۆرینەی ئەو دەستدرێژییانەی ئەنجام دەدرێت پیاوان دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان، ئەو کەسەی تاوانەکەش ئەنجام دەدات لە زۆرینەی دۆخەکەدا کەسانی ناسراوی ژنەکەن، لە هەر ١٠ تاوانی دەستدرێژیدا ٧ لە کەسانی ناسراوی ژنەکەیە.

 

ئامارەکانی دەستدرێژی لە وڵاتانی جیهاندا

بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەنێو ئەو وڵاتانەی کە تاوانی دەستدرێژی تێیدا ڕێژەکەی بەرزە، ئەفریقای باشور و ئەمریکای لاتینە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ٪٨٣ کچانی ١٢ بۆ ١٦ساڵی لە قوتابخانەکاندا ڕووبەڕووی گێچەڵ یاخود دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، لە ئینگلتەرادا لە هەر پێنج ژنێک کە تەمەنیان ١٦ بۆ ٥٩ ساڵە ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە.

 

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکان ٪٥٥ ژنان لە ئەوروپادا ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، لە هەر ٢٠ ژنێک یەکێکیان ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە.

لە فینلەندا ٪٤٧ ئەو ژنانەی ڕاپرسیان لەگەڵدا کراوە دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، لە دانیمارکیش ٪٥٢ ژنان ڕووبەرووی دەستدرێژی یاخود هەراسانکردنی سێکسی بوونەتەوە.

 

لە وڵاتی زیمبابۆی لە هەر ٩٠ خولەک جارێکدا ژنێک دەستدرێژی دەکرێتە سەری، لە ڕۆژێکدا ١٦ ژن و لە مانگێکدا ٥٠٠ ژن، لە ئوستڕالیادا لە هەر شەش ژنێک یەکێکیان ڕووبەری دەستدرێژی سێکسی دەبێتەوە.

 

لە کەندا ساڵانە زیاتر لە ٤٦٠ هەزار ژن دەستدرێژی دەکرێتە سەریان، لە نیوزلەندا هەر دوو کاتژمێر جارێکدا ژنێک ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبێتەوە، لە وڵاتی سویدیش لە هەر چوار ژنێکدا یەکێکیان دەستدرێژی کراوەتە سەر، وڵاتی سوید یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە بەرزترین ڕێژەی دەستدرێژی سێکسی تێدا ئەنجام دەدرێت.

 

ئەفریقای باشور بەرزترین ڕێژەی بۆ دەستدرێژی کردنە سەر ژنان هەیە لە تەواوی جیهاندا، ساڵانە نزیکەی نیو ملیۆن ژن ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە.

 

لە وڵاتی هیندستانیش ڕێژەکە هێندە کەم نییە، لە هەر ٢ خولەک جارێکدا ژنێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر، ڕۆژانە ٩٣ ژن دەستدرێژییان دەکرێتە سەر کە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٣٠ ساڵدایە، لە هەر ١٠ ژنێکیش لەو ژنانەی ڕووبەڕووی دەستدریژی دەبنەوە یەکێکیان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵیدایە.

 

لە وڵاتی ئێراندا ڕێژەی دەستدرێژییەکان بەرزن، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەواڵی مرۆیی ئێران، ساڵانە نزیکەی ٥٠٠ هەزار ژن ڕووبەڕووی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دەبنەوە.

 

دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە عێراق

بەپێی کۆتا توێژینەوە کە لەلایەن کۆڕبەندی ژنانی ڕاگەیاندنکاری عێراقەوە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجام دراوە، دەرکەتووە لە ٪٧٧ ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە، ٪٥٧ ڕووبەڕووی هەراسانکردن لە ڕووی قسەکردنەوە بوونەتەوە، لە شەقام و بازاڕەکانیشدا ٪٣١ بۆ ٤٠ ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە.

 

هەر بە پێی توێژینەوەکەش ٪٢٢ ئەو ژنانەی لە کاتی کارکردندا ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە لەلایەن بەرپرسەکانیانەوە و ژنانیش ڕەتیان کردوونەتەوە مووچەکانیان بڕاوە.

 

هەروەها ٪٣٦ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی هەراسانکردن بوونەتەوە تەمەنیان لەنێوان ٣١ بۆ ٤٠ ساڵدایە، ٪٣٣ تەمەنیان لەنێوان ٢١ بۆ ٣٠ ساڵدایە،  لەبارەی کاریگەری هەراسانکردن بەسەر ژنانەوە، ئەوە خراوەتەڕوو ٪٥٨ ئەو ژنانەی هەراسانکراون تووشی قەیرانێکی دەروونی بوون، ٪٧٨ ژنان لە توێژینەوەکەدا هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی گێچەڵی سێکسییان بۆ دۆخی ئەمنی گەڕاندنەوە.

 

تا ئێستا جگە لەو توێژینەوەیە هیچ ئامارێکی دیکە بۆ ئاشکراکردنی ڕێژەی گێچەڵی سێکسی لە عێراقدا نییە، بەڵام خودی ئەم ئامارانە دەری دەخەن ڕێژەی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی لە عێراقدا لە ئاستێکی بەرزدایە.

 

لە هەرێمی کوردستان

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ١٢٥ سکاڵا بەهۆی دەستدرێژی سێکسییەوە تۆمار کراوە، لە ماوەی دوو مانگی سەرەتایی ئەم ساڵیشدا ٢٥ سکاڵا تۆمار کراوە.

 

بەڵام ئەمە تەنها ئاماری ئەو دەستدرێژییانەیە کە سکاڵا تۆمار کراوە، هیچ ئامارێک لەبەردەستدا نیە لە هەرێمی کوردستان تا چ ڕادەییەک ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی یاخوا دەستدرێژی دەبنەوە.

 

لە بەرامبەریشدا بەردەوام چالاکوانانی ژنان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان جەخت لەوەدەکەنەوە کە ئەو ئامارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بڵاو دەکرێتەوە تەواو نییە، سەدان حاڵەت هەیە کە ناچێتە لای نوسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکان یاخود ئاشکرا ناکرێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ٪٥٠ ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی توندوتیژی یاخود گێچەلی سێکسی دەبنەوە، هاوکات بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکاندا چەندین دۆسیەی دەستدرێژی کردنە سەر ژنان و منداڵانیش بڵاو دەبێتەوە، لەوانە کەیسی کچە تەمەن ٨ ساڵانەکەی هەولێر، کەیسی کچە تەمەن ١٠ ساڵانەکە، لە نوێترینیشدا کەیسی ئەو ژنە گەنجەی لە شاری کەرکوک لەلایەن باوکییەوە دەستدرێژی کرابووە سەر.

 

ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا یاساکان بۆ سزادانی دەستدرێژیکاران سزای توندی هەیە، بەڵام نەیانتوانیووە ڕیژەی دەستدرێژی کردنەکان بۆ سەر ژنان کەم بکەنەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام هەواڵی دەستدرێژی سێکسی و گێچەڵ ئاشکرا دەبن.

 

کەمپەینی "هەروەها منیش- me too" لە هەرێمی کوردستان و عێراق

کەمپەینی "هەروەها منیش- me too" لە تەواوی جیهاندا بووەتە ئامڕازێکی کارا و کاریگەر بۆ ئاشکرا بوونی دەستدرێژییە سێکسییەکان لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکانی زۆرینەی وڵاتانی جیهان، لەوانە لە کڵێساکان، کەرتی تەندروستی، قوتابخانەکان، کەرتی سەربازی و تەنانەت لە کۆنگرێسی ئەمریکاشدا.

 

بەڵام تا ئێستا ئەم کەمپەینە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا کارا نییە، تەنها لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان-      PDO هەوڵێک هەیە بۆ کاراکردنی کەمپەینەکە بەشێوەیەکی فەرمی، کە لە سەرەتایی ئەمساڵدا داوایان لە کەمپەینەکە کردووە تا ڕەزامەندییان پێبدات وەک هەرێمی کوردستان بەشداری لە کەمپەینەکەدا بکەن، بەڵام تا ئێستا وەڵامییان نەدراوەتەوە.

 

کاراکردنی کەمپەینی "هەروەها منیش- me too" لە هەرێمی کوردستان ئەرکی ڕێکخراوەکانە کە بەجدی کاری لەسەر بکەن، دەستدرێژی و گێچەڵە سێکسییەکان بۆ سەر ژنان بۆ کۆمەڵگا نیشان بدەن، پەردە لەسەر ئەم تاوانە بەرامبەر ژنان هەڵبماڵن.

 

 

ت.پ