ڕووحێکی ئاسوودە و بەهێز لە جەستەیەکی نەخۆشدا

خەندە ١٣ ساڵە گورچیلەکانی بە باشی کار ناکات، لەگەڵ ئەوەی نەخۆشە و بەردەوام لە سەر جێگایە بەڵام خاوەنی ئیرادەکی بەهێزە و ڕوحی لە جەستەدا ئاسودەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

خەندە تەمەنی ٣٥ ساڵە  لە تەمەنی ٩ ساڵیدا دەرکەوت گورچیلەکانی بە باشی کار ناکات، هەرچەندە چەندین پزیشکیان پێکردووە بۆ چاندنی گورچیلەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بەڵام پزیشکان پێیان وتووە نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە لە جەستەی خەندەدا سەرکەوتوو نابێت لەبەرئەوە ماوەی ٢٦ ساڵە ئازاری گورچیلە نەیانهێشتووە بە ئارامی بخەوێت.

پاش چەند ساڵێک گورچیلەکانی خەندە توانای کارکردنیان زۆر کەم دەبێتەوە جۆرێک ماوەی ١٣ ساڵە ناتوانێت میز بکات، ناچار هەفتەی سێجار شۆردنی دەست کردی بۆ دەکرێت، خەندە بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە وازی لە خوێندن هێناوە، لەگەڵ ئەو هەموو ئازارەکانی ئومێدی لە ژیان نەبڕیوە و دەڵێت" تا ڕادەیەکی زۆر نەخۆشیەکەم قورسە و ناڕەحەتی زۆرم تووش دەبێت بەڵام تا ئێستاش زۆر لە نەخۆشیەکەم گەورەترم و بەهێزم، دڵیشم بە ژیان زۆر خۆشە".

خەندە پەیامی خۆی پێشکەشی ئەو کەسانە کرد کە لەشیان ساغە و لە ژیان ناڕازین بەهۆی کێشەکانیانەوە، لە ڕێگەی ژنهاوە پێیان دەڵێت "ئەگەر لەشتان ساغ بوو ئەوا کێشەکانی تر چارەسەری هەیە".

ئەندامانی ئەم خێزانە هەموویان هاوکارێکی باشن بۆ خەندە، ئاڤانی خوشکی خەندە کە بەردەوام بە دەوری خوشکەکەیەوە بوو یارمەتی ئەدات  ئاماژەی پێدا خزمەتکردنی خوشکەکەی بەزەیی نییە بەڵکو ئەرکی سەرشانی خۆیەتی بۆ هەر کەسێک کە پێویستی پێیبێت.

قومریە دایکی خەندەیە، لەو بارەیەوە دەڵێت "خەندە هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ منداڵەکانی دیکەم و هەستیش بە جیاوازی ناکات چونکە هەموومان خزمەتی دەکەین و لەگەڵیاین، هەرچەندە فرمێسکی میهرەبانی بە چاوەکانی قومریە خان دەهاتە خوارەوە باسی لەوەش کرد زۆر ئازار دەکێشیت کاتێک لە بۆنەکاندا کچەکەی ناتوانێت بەشداریان بکات.

لە کاتی سەردانکردنمان بۆ ماڵی خەندە باوکیشی بۆمان دوا و داوای لەو کەسانە کرد کە منداڵی نەخۆشیان هەیە بە باشی خزمەتیان بکەن چونکە پێی وایە ئەمە تاقیکردنەوەیە لە لایەن خوای گەورەوە.

 

بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ١٨٦٧٤ غەسلی گورچیلە کراوە بە تە نها لە شاری سلێمانی.

 

ت.پ