بە یەکجار تامکردنى شیرینییەکەى مریەم ناتوانىت دووبارەی نەکەیتەوە

مریەم کەریم، دەرچووى بەشی زانستە ئیسلامییەکانە، بەڵام بەهرەی خۆی لە دروستکردنى شیرینییەکاندا دۆزیوەتەوە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ژنان لە هەوڵدان بۆ ئەوەى شانبەشانى هاوژینەکانیان کار بکەن و لە خەمی پەیدا کردنى بژێوی ژیانیاندا بن، مەریەم کەریم، دەرچووى بەشی زانستە ئیسلامییەکان، یەکیکە لەو ژنانەی  لە ڕیگەی دروست کردنى شیرینی لە ماڵەکەی خۆیدا و بە گەیاندن بۆ کڕیارەکانى لە ڕێگەی پەیج و ئەکاونتەکانیەوە لە فەیس بووک و ئینستاگرام دڵی کڕیارەکانى خۆش دەکات.

مریەم کەریم  لە لێدوانێکی تایبەتىدا بۆ ژنها وتى: دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەم و دەرچووی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانى زانکۆی هەڵەبجەم، ماوەی شەش مانگە بەم کارەوە خەریکم و زیاتر کارەکانم لەسەر کێکە، بە داواکاری کێک دروستدەکەم، هەرچەند شیرینی تر دەزانم، بەڵام خواستم زۆر لەسەر دروستکردنى کێکە.

 

سەیرکردنی یوتوب و گرنگیدانی خۆم وایکرد زیاتر کارەکەم خۆشبوێت

مەریەمی خاوەن کار لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا: سەرەتا حەزی خۆم بووە و زۆر بە دوایدا دەگەڕام لە یوتیوب و پاشان پەیجێکم دانا، ئیشەکانم بڵاودەکردەوە و هەموو داواکارییەکانم لە ڕێگەى پەیجەکەمەوە بوو، خەڵک بە نامە دیزاینى دەنارد و منیش دروستم دەکرد، سەبارەت بەوەى کە چ جۆرە کێکێک دروست دەکات، وتی کێکی لەدایک بوون و هاوسەرگیری و بۆنەکان دروستدەکەم و هەندێک کەسیش هەر شێوازێکی بەدڵ بێت داوای دەکەن.

هەموو کەس بەهرەیەکى تیایە و دەتوانیت ئەو بەهرەیە بەکاربێنێت

مریەم بەدەم کارکردنەوە باسی لەوەکرد کە هەموو کەس بەهرەیەکى تیایە و دەتوانێت ئەو بەهرەیەی خۆی بدۆزێتەوە، من بەهرەی خۆم لە دروستکردنى خواردن و شیریینەوە دۆزییەوە، ئیتر پێویست ناکات چاوەڕێی حکومەت بکەین بۆ بەدەستهێنانی موچە و بژێوی ژیانمان، خۆمان هەوڵ دەدەین و خۆمان ئابوری خۆمان بەدەستدەخەین.

تاکە ڕێگر لە کارەکەم، نەبوونی پێداویستییەکانە لە هەڵەبجە

مریەم باس لە ڕێگرییەکانى دەکات لە کارەکەیدا و وتى: پێداویستی کێک دروستکردن و ماددەکانی لە هەڵەبجەدا نییە، بۆیە دەبێت بچمە سلیمانى بۆ هێنانیان، ئەو هەویری شەکرە کە بۆ دیزاینکردنى کێک بەکاریدەهێنم تێکناچیت و زیاتر دەمێنێتەوە.

 

مریەم ئەوەش ناشارێتەوە لەگەڵ ئەوەی کە حەزی خۆی بووە بۆ کارکردن، توانیویەتى بژێوی ژیانىشی دابین بکات.

 

ت.پ