ژینگەی هەڵەبجە گیرۆدەی پیسبوونی ئاوو هەواکەیەتی

ژمارەیەکی زۆری ماسی لە دەریاچەی سیروانی هەڵەبجە مرداربوونەوەو، باس لەوەدەرکێت کە پیسبوونی ئاوهەوای ناوچەکە هۆکاربێت، لیژنەیەکیش بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە پێکهێندراوە.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لەماسی لە کەناراوەکانی ئاوی سیروان لە ئیمامی زامن سەرنجی گەشتیاران و ڕاوچیانی بەلای خۆیدا ڕاکیشاو بووە هۆی ئەوەی بەدواداچوون بکرێت تا بزاندرێت هۆکاری مردنی لەناکاوی ئەم ماسیانە چییە؟

 

دەریاچەی سیروان بەدرێژی پردی تەنگی سەید محەمەد و پردی توەقوف و بەرەو ئیمامی زامن بو پاشان بۆ خقارو هەڵەبجە و دەربەندیخان سەرچاوەیەکی گرنگی ماسیە ، هاولاتیانیش لە چەندین لاوە لەکاتی شکاندنی قەدەغەی راوە ماسی سەردانی دەکەن بەمەبەستی ڕاوکردن، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەمسال ژمارەیەکی بەرچاو لەماسی بە هۆکارێکی نادیار مرداربوونەتەوە.

 

بۆ بەدواداچوون سەبارەت بەو پرسەو هۆکاری مرداربوونەوەی ماسییەکان کە ئایا بەهۆی پیسبوونی ژینگەو ئاووهەوایە؟ ئاژانسەکەمان سەردانی شوێنی مرداربوونەوەی ماسییەکانی کردو زانیاری نوێمان بیست کە ڕەنگە ئەو پاشەڕۆیانەی نەخۆشخانەکان کەدێنەوە سەر دەریاچەکە هۆکارێک بن.

 

" ئاوەکە پیس بووەو پاشەڕۆی نەخۆشخانەکان هەموو دێنەوە سەر دەریاچەکە"

بۆچوونەکان جیاوازن سەبارەی بەم پرسە، چوینە گوندی ئیمامی زامن و گەیشتینە سەر دەریاچەکە، بەدیعە مەحمود لەگەل هاوژینەکەی بوون و وتی : هاوژینەکەم بەلەمی هەیە بۆ ڕاوە ماسی داهاتی ئیمە لەسەر ماسی بووە ،هیچ ساڵێک وەک ئەمسال نەبووە ئاوەکە پیس بووەو پاشەڕۆی نەخۆشخانەکان هەموو دێنەوە سەر ئەم دەریاچەیەو ماسیەکان دەکوژرێن و بەرگە ناگرن، دەریاچەکە بۆنێکی ناخۆشی هەیەو بووەتە هۆی ئەوەی هەم دانیشتووانەکەی هەم گەشتیاران بێزار ببن لە بۆنەکەی و داواکارن هەرچی زووترە چارەسەر بکرێت.

 

لیژنەیەک بەمەبەستی دیاری کردنی هۆکارەکەی پێکهێندراوە

ڕۆژ بە ڕۆژ مردنی ماسییەکان روویان لە زیادبوونە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکالی هەڵەبجەو بەرێوەبەرایەتی سامانی ئاژەل لەهەڵەبجە لیژنەیەکیان دروست کرد بەمەبەستی هۆکارەکانی زیادبوونی مرداربوونەوەی ماسییەکان.

 

دڵنیا فاروق، پزیشکی ڤێرتەرنەری وتی: شێوازی مردنی ماسییەکان و بەو ڕێژە زۆرە ئەگەری ژەهراوی بوونی هەیە بەڵام دەبێت لیکۆلینەوەی ورد بکرێت لەئەنجامەکەی.

 

قانع محەمەد، بەرپرس بەشی  سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجەو ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون وتی: پاش ئەوەی لێکۆلینەوەمان کردو چوینە سەر دەریاچەکە بۆمان دەرکەوت، کە ئەو جۆرە ماسییە بە ماسی رەقە بەناوبانگەو بەرگەی کەشوهەوای گەرم ناگرێت، ماسیەکی تەمەڵەو جێگەی خۆی ناگۆڕێت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هۆکارە بۆ لەناوچونی ماسییەکان، دلنیایی دەدەین بەهاوڵاتیان کە لێکۆلینەوەمان لە ئاوەکەی کردوەو پاکەو هیچ کیشەی ژەهراوی بوونی نییە.