ژینگەی هەرێمی کوردستان بەرەوکوێ دەچێت؟...٢
ژنان لە بارەی تێکدانی ژینگەوە دەڵێن: ژینگە و ژیانی مرۆڤەکان لەبەردەم مەترسی لە ناوچوندایە، بڕینی شاخ و دارەکان مرۆڤەکان بەرەو مردن دەبات، بەڵام دەسەڵات بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆی بەر بەو کێشەیە ناگرێت.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لەگەڵ ئەوەی گۆرانی کەشوهەوا لە جیهاندا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگەو تەندروستی دروستکردووە، لە هەرێمی کوردستانیش دیاردەی وشکەساڵی بەدەرکەوتووەو ڕێژەی ئاو ڕوو لە کەمبوونە، سەڕەرای ئەم کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایە، بە دەستی دەرەکی و ناوخۆییش کار بۆ تێکدانی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کەمبوونەوەی سەوزایی شارەکەی بەرە وشک بوون و نیمجە بیابان بوون بردووە، لەسەر سنوورەکانی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە بڕینەوەی دارەکان بووەتە هۆی گۆرانی دیمۆگرافیای دارستانەکان، هەروەها لە ناوخۆشدا بۆ ڕازیکردنی سیستمی سەرمایەداری کەوتوونەتە برینەوەی دارەکان و تێکدانی شاخەکان و تەخت کردنیان، ئەمەش لە ساڵانی داهاتوودا لێکەوتەکانی بە تەواوی دەردەکەون کە چؤن دەستبراوە بۆ تێکدانی ژینگەی ناوچەکەو هەناسە لە باشووری کوردستان بە تایبەت شارەکان دەبڕێت.
لە ئێستادا لە شاری سلێمانی بڕینی شاخی گۆیژە هەیە کەبەناوی پرۆژەو سەوزکردنەوە دیمۆگرافیای شارەکە تێکدەدرێت، چەند ژنێک بۆچوونی خۆیان دەربڕی.
"لە ناوبردنی ژینگە بەدەستی مرۆڤەکان مەترسیدارترین جۆری جینۆساییدکردنی ناوچەکەیە"
نەرمین محەمەد، فەرمانبەری قایمقامیەتی سلیمانی باسی لە دروستکردنی باڵەخانە و تێکدانی ژینگە و بڕینی شاخەکان کرد کە ژیگەی ناوچەکە بەرەو لەناوچوون دەبات وتی: لە ناوبردنی ژینگە بەدەستی مرۆڤەکان مەترسیدارترین جۆری جینۆساییدکردنی ناوچەکەیە، بڕینی شاخ و دارستانەکان، کاریگەری تێکچوونی سروشت بەدوای خۆیدا دەهێنێت، سەرەڕای گۆڕینی دیمۆگرافیایی ناوچەکە، لە کارخستنی هەناسەی شارەکان، لە ناویاندا ئاژەڵەکان ڕوبەڕووی کوستن و تێکچوونی سروشتی ژیانکردنیان دەبنەوە، ئاژەڵ و باڵندەکان بێ لانە دەکرێن، کاتێک دارەکان دەبڕدرێنەوە چۆلەکەو باڵندەکان هێلانەکانیان لە ناودەچێت، بڕینەوەی شاخەکانیش ئاژەڵەکانی دیکە بێلانە دەکات، لە ڕێگەی هاتنیان بۆناو شارەکان لە سروشتی ژیانکردنیان دەردەچن، هەروەها بڕینی شاخەکان و بونیادنانی باڵەخانەکان تێکدانی دیمەنی شارەکانی لێکەوتۆتەوە، بەرزی باڵەخانەکان بۆتە ڕێگر لەبەردەم ڕوناکی تیشکی خۆر بۆ ناو ماڵەکانمان، بەڵام بۆ ڕازیکردنی سیستمی سەرمایەداری و پڕکردنی گیرفانەکانیان هیچ ڕێگری و بەربەستێک بۆ دروستکردنی باڵەخانەکان داناندرێت، لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسە لە ڕێگریکردنی لەناوبردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات مرۆڤ، ئاژەڵ و زیندەوەرەکان لەناو دەبەن، بێباکی دەسەڵات لە بەرامبەر خاک بەردەوامە، پێویستە هاوڵاتیان بەرگری لە ماف و ژیانێکی تەندروست بکەن.
" بەدەستی دەرەکی و ناوخۆیی هاوڵاتیان و ژینگەی ناوچەکە بەرەو لە ناوچوون دەبرێت "
کۆچەر محەمەد ڕەشید، مامۆستا ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک باس لە ژینگەی هەرێمی کوردستان دەکرێت هەست بە دڵنیایی دەربارەی پاکی ژینگەو تەندروستییەکی باش ناکرێت، کێشە دروستکراوەکانی ژینگە دڵنیایی تەندروستی بە هاوڵاتیان نادات، وتیشی: لە ڕێگەی دروستکردنی ئەو کێشانەی دەسەڵات بۆ هاوڵاتیانی دروستکردووە، بیانووی بۆ لە ناوبردنی ژینگە دروستکردووە، لە ڕێگەی پێنەدانی نەوت بە هاوڵاتیان، ناچاری داربڕینەوەیان دەکات و پاشان ژینگەیان پێ لەناودەبات، هەروەها ڕێگە بە دەوڵەتانی داگیرکەر دەدات، تا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دارەکان بۆ بازرگانی کردن و لە ناوچوونی دیمۆگرافیایی ناوچەکە ببڕنەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی سەرەکی بۆ لەناوبردنی سروشتی هەرێمی کوردستان هەیە، ڕێگری لە دەوڵەتانی دراوسێ ناکرێت، پاشان لە ناوخۆدا بۆ قازانجی سەرمایەداری ڕێگری لە بڕینی شاخەکان و دارەکان ناگرێت، هەروەها نەبوونی هۆشیاری دەربارەی لە ناوچوونی ژینگە و زیانەکانی بۆسەر تەندروستی، هۆکارێکی دیکەی بێدەنگبوونی هاوڵاتیانە بەرامبەر ئەو بارودۆخە ژینگەییەی کە ڕودەدات لە هەرێمی کوردستاندا، نەبوونی پاک و خاوێنی ژینگەی لە ناو شار، بازاڕ، و سەیرانگاکان بەڕوونی دەبیندرێت، پێویستە تاک هۆشیاری ژینگەی پێبدرێت، تا پاک و خاوێنی هەرێمی کوردستان ڕابگیرێت، پاشان لایەنی پەیوەندیدار هاوکاری و هەماهەنگی خۆی بۆ پاراستنی ژینگە بدات، نەک ئاسانکاری بۆ دەوڵەتانی داگیرکەر و سەرمایەدارانی ناوخۆ بکات، تا ژینگەی ناوچەکە تێکبدەن، پێویستە لە ڕێگەی باج لە پێناوی پیسنەکردنی شارەکان لە هەرکەس کە هۆکارە بۆ پیسبوونی ژینگە وەربگرێت، تا بتواندرێت هاوڵاتیان بە ژینگەوە ببەستێتەوە، پاشان ئەو بڕەپارەیە بۆ باشترکردنی ژینگە دابینبکات.
" نەوەی داهاتوو بە داکۆکی لە ژینگەو خاکی هەرێمی کوردستان، تەندروستییەکی باش بۆ خۆیان دەستەبەرد دەکەن"
لیا وەسفی، خوێندکار جەختی لەوەکردەوە، نەتواندراوە ژینگەیەکی پاک و پارێزراو بۆ باشووری کوردستان بونیادبنرێت، و نەتواندراوە ڕێکارە چارەسەرییەکان بگیرێتەبەر، تا ژینگەیەکی تەدروست بونیاد بندرێت، وتی: هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕوو لە پیسبوونی ژینگەی دەکات، هاوڵاتیان پارێزگاری لە خاک و ژینگەی خۆیان ناکەن، لە ناوبازاڕدا خاشاکێکی زۆر دەبیندرێت، لە کاتیکدا سەلەیخۆڵ لە ناو بازاڕەکاندا هەیە، بەڵام فڕێی دەدەنە سەر زەوییەکە، پاشان دارەکان و شاخەکان دەبڕدرێنەوە، سەرەڕای هەموو پیسبونەکان دروستکردنی کارگەکان لە نزیک شارەکان کارەساتیکی گەورەی ژینگەیی و مرۆییە، ئەو گازانەی تێکەڵ بە هەوادەبن، جاریکی دیکە زیان بە ئێمەی مرۆڤ دەگەیەنێت، واتە تەواوی ئەو بارودۆخەی خوڵقێندراوە بۆ ژینگە، کاریگەری تەندروستی مەترسیدار بۆ هاوڵایان دروستدەکات، پێویستە بەر بەوکێشانە بگیرێت، لە ڕێگەی لایەنی پەیوەندیدار و داکۆکیکردن لە مافە ژینگەیەکانمان هەوڵ بۆ پاراستنی ژینگەکەمان بدەین.
" ژینگە و ژیانی مرۆڤەکان لەبەردەم مەترسی لە ناوچوندایە"
هۆنیا حەمە ئەمین، پارێزەر باسی لەوەکرد، ژینگەی هەرێمی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە شێوێندراوە، وتیشی: سەرەڕای ئەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە بە هۆکاری سروشتی و کەمی بارانبارین بەرەو خراپی دەچێت، پاشان زیادبوونی پلاستیک و بونیادنانی کارگە پیسکەرەکان زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت، سەرەڕای هەبوونی کاریگەرییە سروشتیەکانی ڕووی لە ججیهان کردووە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بونیادنانی پڕۆژە بە ناوی سەوزکردنی شارەکان، پاشان دەستوەردانی داگیرکەرانی دراوسێ، بەردەوام هەوڵ بۆ لە ناوبردنی ژینگە و جینۆسایدکردنی ژینگە دەدات، بڕینەوەی دارەکان لەسەر سنوورەکان و بردنیان بۆ وڵاتانی دیکە تا بازرگانی پێوەبکەن، یان بۆ ڕازیکردنی سیستمی سەرمایەداری پڕۆژەو باڵەخانەی بەرز بونیاد دەندرێت، کە خاک بەرەو لە ناوبردن و هاوڵاتیان دوچاری تەندروستی خراپ دەکاتەوە.