لە کۆیە ڕێکخراوی هەناسەی سروشت بەچەند چالاكییەك یادی رۆژی ژینگەی كردەوە

لە لایەن ڕێكخراوی هەناسەی سروشت لە هەفتەی ڕۆژی ژینگەی کوردستاندا بە ئامادەبوونی ژینگە دۆستان و هاوڵاتیان، چەندین چالاکی ئەنجام دا.

شیا كۆیی 

 

کۆیە- بەبۆنەی ١٦ی نیسان ڕۆژی ژینگەی کوردستان، لە سەیرانگای هەیبەت سوڵتان لە شاری كۆیە  لە لایەن ڕێكخراوی هەناسەی سروشت، چەند چالاكییەکی وەک پاكکردنەوەی سەیرانگاكە و دابەشكردنی كیسەی خۆڵ بەسەر گەشتیاران هاوكات هەڵواسینی پۆستەری ڕێنمایی ژینگەیی  بۆ خوێندکارانی بنەرەتی لە چەند خوێندنگەیەک ئەنجام دا. 

   

شلێر سەعید، سەرۆكی ڕێكخراوی هەناسەی سروشت بۆهۆشیاری ژینگەیی سەبارەت بە رۆژی ژینگەی كوردستان۱٦-٤ وتی: سەرەتا ڕۆژی ژینگەی کوردستان پیرۆزبێت لەهەموو کوردێک، كە خۆی بە ژینگەپارێز بزانێت و بەهیوای ئاوەدانی و سەوزکردنی کوردستان، پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت كە دوژمنانی کورد بەردەوام لەهەوڵی داگیرکردن و سڕینەوەی کوردستان بوونە و بۆیە بەرامبەر ژینگەش درێخییان نەكردووە و بە دڕندانەترین شێوە سرووشت و ژینگەی كوردستانیان وێرانكردووە، هەر لە كیمیابارانكردن و سووتاندنی رەز و باخ و دارستانەكانەوە، تا دەگاتە ژەهراویكردنی سەرچاوە ئاوییەكان و لەناوبردنی هەزاران باڵندە و ئاژەڵی كێوی لە سروشتدا.   

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو بوژاندنەوەی ئەم ناوچە زیانبەركەوتووانە و پاككردنەوەی ژینگە و سرووشتی كوردستان، لە دانیشتنی ژمارە(٥)ـی پەرلەمانی كوردستان لەڕێكەوتی (۷/٤/۲۰۰۸) بەبڕیاری ژمارە (۱)ـی ساڵی(۲۰۰۸)، ڕۆژی (۱٦/٤)ـی هەموو ساڵێكی كردە، ڕۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستان، كە خۆشبەختانە هەموو ساڵێك ئەم یادە بەرز ڕادەگیرێت و بۆ ئەم مەبەستە چەندین چالاكی جۆراوجۆری ژینگەیی لەشارەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن گروپ و ڕێكخراوە ژینگەییەكان ئەنجام دەدرێت. 

شلێر سەعید وتیشی: ڕێکخراوی هەناسەی سرووشت" لە کۆیە هەموو ساڵێك ئەو یادە بەچالاکی جۆراوجۆر رادەگرێت، وەك ئەنجامدانی هۆشیاری ژینگەیی لە قوتابخانەکان و هەڵمەتی نەمام چاندن وهەڵمەتی پاكردنەوە،و سمینار ، بۆ ئەمساڵ (٥۰)پۆستەری وێنەیی ڕێنمایی ژینگەیمان بەسەر چەند قوتابخانەیەك دابەشكرد، هەروەها هەر لەم هەفتەیەدا شوێنمان دیاری كردووە بڕیارە شەقامێك سەوز بكەین بە نەمام چاندن بەهاوكاری شارەوانی كۆیە، هەر رۆژێك ڕۆژی ژینگە نیە پێویستە هەموكات پارێزەری ژینگەبین. 

 

ڕوناك خورشید، یەکێک لەو گەشتیارانەی لە هەیبەت سوڵتان لەگەڵ خێزانەكەی هاتبوون بۆگەشت وتی: ئێمە هەركات بێنە سەیران شتی خۆمان كۆدەكەینەوە لەگەڵ خۆمان دەبەینەوە، شوێنەكە بە پیسی بە جێناهێڵین چونكە ئەوە نا شارستانیە و دوای ئەوان كەسیكی دیكە دێت دادەنیشێت بۆیە ناكرێت ئێمە شوێنەكان پیس بكەین، ئامۆژگاری من بۆگەشتیاران ئەوەیە كە پاكوخاوێنی شوێنەكە بپارێزن.