بە خولی پەروەردەیی و هونەری منداڵان فێری ژینگەپارێزی و ئاژەڵدۆستی دەکرێن
دوو خولی تایبەت بۆ منداڵانی دەڤەری خۆشناوەتی و گوندەکانی دەوروبەری کرانەوە، ئامانج لێی هۆشیار کردنەوەی منداڵانە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پاشماوەکان بکەن ژینگە پیس نەبێت و بتوانن دووبارە بە کاریان بهێننەوە.

دیڤان سیهاد
سەروچاوە-زۆربوونی پاشماوەکان و کەرەستە پلاستیکییەکان هۆکارێکن بۆ پیسبوونی ژینگە، پێویستە هەموو ئەو کەرەستانەی کە بۆ یەک جار بەکاردەهێنرێن و شی نابنەوەو دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگەی زیاتر، کارگەی ڕیسایکلینی بۆ دروست بکرێت و دووبارە بەکاربهێندرێنەوە، هەروەها پێویستە منداڵان پەروەردە بکرێن کە ژینگەیان خۆشبوێت و پاسماوەکانی خۆیان دووبارە بەکاربهێنینەوە، ئەمەش لە ڕێگەی خولی پەروەردەیی و هونەرییەوە منداڵان فێردەکرێن.
لە دەڤەری خۆشناوەتی و گوندەکانی دەوروبەری خولی پەروەردەیی هونەریی بۆ منداڵان کراونەتەوەو دەربارەی ڕیسایکلین فێردەکرێن، سۆما حاتەم، پزیشکی ڤێتەنەری و چالاکوان لە ماڵی ئەو، وتی: هەڵساوین بە کردنەوەی دوو خولی تایبەتمەند کە یەکیان خۆی دەبینێتەوە لە خولی شێوەکاری کە فرە ئامانجە ئەم خولەمان هەم ڕاهێنانی منداڵان و ئاشنا کردنیانە بە دنیایی هونەر و شێوەکاری هەمیش فێرکردنیانە لە سەر ئەوەی کە چۆن کاتێک لە ماڵەوە یان لە ژینگەی دەور و بەریاندا پاشماوەیەک دەبینن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پاشماوەیەدا بکەن، بۆ ئەوەی فڕێی نەدەن و ژینگە پیس نەکەن، سادەترین شت وەکو پلاستیک یاخود وەکو کۆی پاشماوەکانی تر یان شوشە کە لە ماڵەوە دەبێتە پاشماوەو ئیشمان پێ نامێنێت، دواتر لێرە لەم خولەدا فێر دەکرێن کە چۆن لە ڕێگەی هونەری شێوەکاری بتوانن ئەم بابەتانە بەکار بهێننەوە، ئەمە وەک دوو فرە ئامانجە هەم ئاستی هونەرییەکەیان بەرەو پێش دەبات، خولیایەکی هونەری لە ناخیاندا دروست دەکات هەمیش ئەوەیە کە فێری ژینگە پارێزیان دەکات.
منداڵان فێری ئاژەڵدۆستی دەکرێن
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ لە مانگی کانوونی دووەمەوە هەڵساوە بەوەی کە خولێکی ئاژەڵ دۆستی ڤێتەنەریان پێدەڵێمەوە ئەم خولەش خۆی دەبینێتەوە لە پاراستنی یەکێک لە بنچینە سەرەکیەکانی سروشت کە ئەویش ئاژەڵە کە پێکهێنەرێکی گشتی و سەرەکی ژینگەی جوانی کوردستانە وتی: فێری منداڵان دەکەین کە چۆن مامەڵە لە گەڵ ئاژەڵ بکەن بە تەندروستی چۆن وابکەن کە ئازار بە ئاژەڵان نەگەیەنن ئاژەڵیان خۆش بوێت، جگە لەوەش ئێمە هەڵساوین بە کردنەوەی خولێکی تری تایبەت بە ئەتەکێت بۆ منداڵەکان بۆ ئەوەی کە منداڵەکان لە ڕووی زانستی ئەتەکێتەوە جیاواز تر بن لە منداڵانی دەرەوەی ئەم خولە و بەرەو پێش چون لە ئاستیاندا بەدی بکەین.
"وا لە منداڵان دەکەین پەرتوکیان خۆشبوێت"
لە کۆتایی قسەکانییدا وتیشی: جگە لەوەش بڕگەیەکی ترمان هەیە هەر لەم ماڵەداو لە چوارچێوەی بەرەوپێشبردنی کایەی ڕۆشنبیری ئەویش خۆی دەبینێتەوە لەوەی کە ئێمە بیرمان لەوە کردەوە ئەم منداڵانە لە سەرەتا و لەم تەمەنەیاندا ڕابێنین لە سەر خوێندنەوە وایان لێ بکەین پەرتوکیان خۆش بوێت و دەست بکەن بە خوێندنەوە ئەوێش لە ڕێگەی پێشکەش کردنی بڕگەی چیرۆک تایبەت بە جیهانی منداڵان دوو هەفتە جارێک ئەم منداڵانە لرە کۆدەبنەوە و تێدا تاوتوێی چیرۆک دەکەین بە گروپ ٣٠ تا ٣٥ منداڵ کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەین، ئەو چیرۆکەی کە خوێندومانەتەوە وانە و واتاکانی ڕاڤە و شیکردنەوەیەکی تەواویان بۆ دەکەین بە شێوازی گروپ کە ئەمەش هانی منداڵەکان دەدات ئاشنا بن بە جیهانی پەرتوک و خوێندنەوە و چیرۆک.