"بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە دەبێت پابەندی پاراستنی ژینگە بن"

دڵپاک ئەحمەد، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، باس لە هەڵە بەکارهینانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە لایەن هاوڵاتی و بەربژێرانەوە دەکات و دەڵێت: بەربژێران لە ناوەندی شارەکان بەبێ گوێدانە پیسبوونی ژینگە و تێکچوونی دەروون و بینینی هاوڵاتی پۆستەرەکانیان هەڵدەواسن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەربژێران و لایەنە سیاسییەکان بەردەوام لەڕێگەی هەڵواسینی پۆستەرەکانیانەوە بانگەشە ئەنجام دەدەن، هەبوونی پۆستەر و ئاڵا ڕەنگاو ڕەنگەکانی حزبەکان ڕێژەیەکی بەرچاو کێشەی ژینگەی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان خوڵقاندووە، لە ئەنجامی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە پیسبوونی خاک و بینین بۆ هاوڵاتیان دروست دەبێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر دەرونی هاوڵاتیان دروست دەکات.

 

هەروەها نایلۆن و پلاستیک و ئاسن کە بۆ پۆستەرەکان بەکاردەهێنرێن، بە تێکەڵبوونیان لەگەڵ خاکدا، دوای بانگەشەی هەڵبژاردن، چەندەها ساڵی زەمەنی پێدەچێت تا شیتەڵ دەبن، تەواوی ئەو ڕەنگانەی بەکار دەهێندرێت بەهۆی سروشتەوە لەگەڵ خاک و ئاودا تێکەڵ دەبێت و زیانی ژینگەی لێ دەکەوێتەوە.

 

"لە ڕێگەی بانگەشەوە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیس دەبێت"

 دڵپاک ئەحمەد، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، باس لە هەڵە بەکارهێنانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە لایەن هاوڵاتی و بەربژێرانەوە دەکات و دەڵێت: لە ڕێگەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە ژینگەی هەرێمی کوردستان بەرەو پیسبوون دەچێت، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان زەرەر و زیانەکانی تەواوی ئەو کەرەستانەی بانگەشەی پێدەکرێت، نازانن، پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ دروستکردیان ماددەی کیمیایی بەکاردێت، کە لەگەڵ تێکەڵبوونی بە خاک ڕۆژ بە ڕۆژ دەرهاویشتەکانی لەسەر زەوی و بۆ مرۆڤەکان دەردەکەوێت، کاتێک شەپۆلێکی باران بارین لە پۆستەرەکان دەدات و تێکەڵ بە خاک و ئاوەڕۆ دەبن، پاشان لەسەر ئەو خاکانە کشتوکاڵ دەکرێت و دەگاتەوە بە مرۆڤەکان. کە لە ئێستادا جۆرەها نەخۆشی شێرپەنجەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بڵاوە دەرهاویشتەی ئەو جۆرە سوڕەی کەشوهەوان کە پێکهاتەکانی بایەلۆجی و سروشتی خاک تێکدەدات، هەروەها لە دروستکردنی پۆستەری بەربژێرەکاندا ڕێژەیەک لە کاغەز بەکاردەهێندرێت، کە لە بڕینەوەی دارەکانەوە دروستدەکرێن، بەمەش دووبارە زیان بە ژینگەی سەر زەوی دەگەیەنین.

 

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەنجامی دانانی پۆستەرەکانی هەڵبژاردن زۆرێک هاوڵاتی تووشی زیانە ماددی و گیانییەکان دەکاتەوە، لە ڕێگەی هەڵواسین و دانانیان لە شەقامە گشتییەکاندا ڕێگەی هاتوچۆی هاوڵاتیان دەگرێت، نەبوونی دیاریکردنی شوێنی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیش کێشەیەکی دیکەیە، وتیشی: پۆستەرەکان بە پانتای و بەرزییەکی زۆر لە ناوجەرگەی شەقامەکاندا دادەندرێن، لە ناوچەکاندا باهۆزێک هەڵبکات زیانی گیانی و ماددی بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت، لە ناوەندی فولکەکاندا ڕێگە لە بینینی شۆفێران و گۆڕینی سایدەکان دەگرێت لە کاتی هاتوچۆکردندا، زۆرێک لە حزبەکان دەستی بانگەشەکانیان دەگات بە چیا و گردەکان، بە دانانی چەندین ڕوناک کەرەوە و دانانی ژمارەی حزبەکان وزەیەکی زۆر لە کارەبا سەرف دەکەن، هەروەها دەبێتە هۆی دەردانی تیشکی زیانبەخش و ژینگەی هەرێمی کوردستان بەرەو پیسبوون دەبەن.

 

"بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن دارەکان و شوێنە گشتیەکان بەکاردەهێندرێت"

دڵپاک ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، بانگەشەی هەڵبژاردن لە لایەن شارەوانییەکانەوە چاودێری دەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان شارەوانیەکان کەمتەرخەمیان تێدا بەدی دەکرێت، دەبیندرێت بۆ بانگەشە شوێنە گشتیەکان، درەختەکان، ستوونی کارەباکان، قوتابخانە و شاخەکان بەکار دەهێندرێت، بەبێ ڕچاوکردنی یاساکانی بانگەشەکردن و چاودێری شارەوانی لە هەر جێگایەک دەبینیت بانگەشە دەکرێت، دەشڵێت: ئێمەی هاوڵاتیان بە چاوەکانی خۆمان ئەو پێشێلکاری و کەمتەرخەمیانەی شارەوانی شارەکان لە کاتی هەڵبژاردندا دەبینین، شارەوانی ناوچەکان ڕێگە دەدەن لە درەخت و  ستوونی کارەباکان و ناوەڕاستی جادەکان و چەندین شوێنی دیکە بانگەشەکانیان ئەنجام بدەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی چاودێری بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، زۆرێک لە پۆستەرەکان لە شوێنی گشتیدا هەڵدەواسرێن بە بێ دیاری کردنی قەبارەی دروستکردنیان، زۆرێک لە پۆستەرەکان چەندان مەتر بەرزیانە لە ڕێگەی کەوتنە خوارەوەیان لە شوێنە گشتیەکاندا زۆرجار منداڵان و هاوڵاتیان بریندار دەبن، یاخود گیان لەدەستدانی لێدەکەوێتەوە.

 

ئەو مامۆستایە لە کۆتاییدا باس لە ڕووبەڕوو بونەوەی ئەو ئاریشە ژینگەیانەی لە ایەن بەربژێر و حزبەکانەوە ڕوبەڕووی هاوڵاتیان دەبێتەوە، دەکات و وتی: بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێکارێکی تەقلیدی و کلاسیکیی پەیڕەو دەکرێت، بۆ ئەوەی ژینگە لە ڕێگەی پۆستەرەکانەوە لە ناو نەچێت، پێویستە بەربژێران چەندین ڕێگای وەک سۆشیاڵ میدیا بگرنەبەر، دەتوانن لە ڕێگەی پۆستە ئەلکترۆنیەکانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، هەروەها لە ڕێگەی لێپێچینەوە بەرامبەر سەرپێچی هەڵبژاردنەکان سزای توند بۆ بەربژێران و لیستەکان دابندرێت، یاخود بە پابەند نەبوونی بەربژێران سزای بێبەشبوون لە خۆ کاندیدکردنی بەسەردا بسەپێنێت، نابێت پارتێکی سیاسیی بە ویستی خۆی شوێنە گشتیەکان بەکاربهێنێت، پێویستە لە هەڵبژاردنەکانی دیکەدا ڕێگە بەو پێشێلکاریانە نەدرێت، هەروەها لە ڕێگەی میدیاکاران و مامۆستایان و تەواوی هاوڵاتیانەوە ئەو بەربەستانە بۆ بەربژێران دابندرێت.