کرماشان، هەفتەی دووەمی چالاکییەکی ژینگەپارێزی بە ڕەنگی ژنانە بەڕێوەچوو

"یارمەتیدەرانی سروشتی کرماشان" ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەیی بەرگری لە ژینگەیە و دووەم چالاکیی بەکۆمەڵ و خۆبەخشانەی خۆی بۆ پاککردنەوەی پارکی ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان تەرخان کرد.

کرماشان

 

زیاتر لە حەفتا ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵگەیی "یارمەتیدەرانی سروشتی کرماشان" بۆ دووهەمین هەفتەی لەسەریەک لە چالاکیەکی بە کۆمەڵدا، پارکی ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشانیان پاککردەوە، کە ڕێژەیەکی بەرچاوی ژنان و منداڵان تیایدا بەشداربوون.

 

ئەم چالاکییە ژینگەپارێزیە کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆ دەستی پێکرد و نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند. لەم کارە بەکۆمەڵە خۆبەخشانەدا، بە گشتی نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە کەناری ڕێگای پارکی ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان لە هەر زبڵ و خاشاکێکی فڕێدراو پاککرایەوە.

 

لە چالاکی ئەم هەفتەشدا، وەک هەفتەی یەکەم، ئامادەبوونی ژنان بەرچاو بوو، بەجۆرێک زیاتر لە ٨٠٪ی خۆبەخشانی ئامادەبوو ژنان بوون، ئەمەش نیشاندەری ئەوە بوو کە ژنان هێزی سەرەکی و حاشا هەڵنەگرانەی کۆمەڵگەی دینامیکی مەدەنی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بە تایبەت لە بواری ژینگەدا.

 

لە کۆتایی ئەم چالاکییەدا، ئەو خۆبەخشانەی کە لەسەر بنەمای بانگەوازی پێشوەختە بڵاوکراوەی ڕێکخراوی کۆمەڵگەیی "یارمەتیدەرانی سروشتی کرماشان" کۆببوونەوە، زیاتر لە دوو سەد کیسە زبڵ و خاشاکی ژینگەییان کۆکردەوە و ڕادەستی کارمەندانی شارەوانیی ئەم شارە کران.

 

ئەم ڕێکخراوە جەماوەری و سەربەخۆیە، هەفتەی ڕابردوو لە چالاکیەکی هاوشێوەدا، پارک و ڕێڕەوی سەراب قەنبەر لە شاری کرماشانیان پاککردەوە و دوێنێش دووەم چالاکیی هەفتانەیان بە سەرکەوتووی ئەنجامدا.

 

بەشداربوونی ڕێژەیەکی بەرزی هاوڵاتیان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە خێزانەکان درکیان بە گرنگی ژینگە کردووە و تێڕوانینەکانیان بۆ ژینگە گۆڕاوە بەوەی کە بۆ ژیانێکی ژینگەپارێز پێویستە لە منداڵییەوە دەست پێبکرێت و فێربکرێن و ئەگەر پڕۆژەیەکی هۆشیاری لە ئارادایە، پێویستە بگوازرێتەوە بۆ نەوەی داهاتوو .

 

شایانی باسە کە بە هۆی نابەرپرسیاریەتی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی کرماشان لەوانە شارەوانی، بەشی گشتیی ژینگە، بەشی گشتیی سامانە سروشتییەکان و هتد، ژینگەی کرماشان و دەوروبەری زیانی بەرکەوتووە و پیس بووە ، بڕی زبڵی فڕێدراو، ئاوەڕۆی ناوماڵ و پیسکەرەکانی پیشەسازی زیادی کردووە، لە ماوەی ڕابردووشدا هاوڵاتیانی شارەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی بەڵام وەڵام نەدرانەوە.