ژنێکی ئەفغانستان بە چالاکی مەدەنی خۆی ڕووبەڕووی سنووردارکردنی تاڵیبان دەبێتەوە

سەرەڕای لەدەستدانی کارەکەی، لەیلما نورشا، چالاکوانی مەدەنی ئەفغانستان بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی دژی سیاسەتەکانی دژە ژنانی تاڵیبان و پابەندە بەو هیوایەی کە ژنان ڕۆژێک ئازادی و دادپەروەری بەدەست بهێنن.

بەهاران لەهیب

 

پەروان- لە دوو دەیەی ڕابردوودا ژنان لە سەرانسەری ئەفغانستان خەباتیان کردووە بۆ پەروەردە و زیادکردنی هۆشیاری سیاسی و پاراستن لە پێشێلکردنی مافەکانیان، لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١، ژنان لە سەرتاسەری وڵاتدا لە دژی ئەو نادادپەروەری و هەڵاواردنەی کە ڕووبەڕوویان بووەوە شۆڕشیانکرد و دەستیان بە خەباتی خۆیان کرد.

 

زۆرێک لەو ژنانە لە پارێزگای پەروان دەژین، ناوچەیەک کە ژنانی پێش لەشکرکێشی سۆڤیەت و لە کاتی شەڕی خۆڕاگری و لە سەردەمی ڕژێمی سەرەتای تاڵیباندا ئازایەتی و خۆڕاگرییەکی بەرچاویان نیشان دا.

 

کاتێک سەردانی پەروان دەکەیت، یەکسەر سەرتدەسوڕمهێت بە بەسەرهاتەکانی خۆڕاگری و ئازایەتی ژنانی ئەو وڵاتە، بەڵام هێزە بناژۆخوازەکانیش دزەیان کردووەتە ناو دانیشتووان و هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای خۆیان دەدەن و بەشدارییان لە بڵاوبوونەوەی نەزانی و نەخوێندەواریدا کردووە.

 

سەرەڕای ئەمەش ژنانی پەروان هەموو دەرفەتێکیان قۆستەوە و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزکردەوە، چ لە شەقام و چ لەناو ماڵەکانیاندا، دژی ستەم و سنووردارکردنی تاڵیبان، لە ڕێگەی خۆڕاگری و خەباتی خۆیانەوە، لەم قۆناغە تاریکەی مێژوودا، لاپەڕەیەکی تری ئازایەتییان بۆ ژنانی ئەفغانستان نووسیوە.

 

ئاژانسەکەمان سەردانی گوندێکی پەروانی کرد و لەگەڵ لەیلما نورشا کۆبووەوە، کە نیگەرانی خۆی لە دەستگیرکردنی ژنان دەربڕی لەسەر ئەوەی تاڵیبان بە "باڵاپۆشی نەگونجاو" پێناسەی دەکات.

 

"سنووردارکردنی تاڵیبان ژنان ناچار دەکات کارەکانیان لەدەست بدەن"

لەیلما پێشتر لە ڕێکخراوێکی فریاگوزاریدا کاری دەکرد، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ئەم ڕێکخراوەش داخرا، چونکە چالاکییەکانی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرا، سەرەڕای لەدەستدانی کارەکەی، بەردەوامە لە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان دژی سیاسەتەکانی دژە ژنانی تاڵیبان.

 

سەبارەت بە ژیانی، لەیلما نورشا وتی: هاوژینەکەم مامۆستایە، منیش پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ڕێکخراوێک کارم کردووە، وەک ملیۆنان ژنی دیکەی ئەفغانستان، ناچار بووم کارەکەم لەدەست بدەم، ئێستا زۆربەی کاتەکانم بۆ کاری ماڵەوە و کشتوکاڵ بەسەر دەبەم، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامم لە چالاکییە مەدەنییەکانم.

 

بە تووڕەیییەکی نەبڕاوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی ژنان لەلایەن وەزارەتی بەرەوپێشبردنی چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری لە کابول قسەی کرد و وتی: ئەو گرتە ڤیدیۆیانەم بینی کە بڵاودەبنەوە، هەموو ئەو ژنانەی لەم گرتە ڤیدیۆیانەدا بوون، جلوبەرگیان بەو شێوازە پۆشرابوو کە تاڵیبان پێیان باشە، بەڵام ناوبەناو ژنان لە کابول و پارێزگاکانی دیکە دەستگیر دەکەن بۆ ئەوەی کەشێکی ترس و تیرۆر دروستبکەن، بۆ ئەوەی هەمووان بێدەنگ بن و خەڵک بێدەنگ بن هەژاری و بێکاری و کارەساتی بێکۆتای دیکە لەبیر دەکەن و تاکە خەمییان پاراستنی ژنانی ناو خێزانەکانیان دەبێت.

 

لە کۆتای قسەکانیدا، لەیلما نورشا هیوای خۆی بۆ داهاتووی ژنانی ئەفغانستان دەربڕی و وتی: دڵنیام ئەم ژنانە ڕۆژێک دەبنە کابوسێک بۆ تاڵیبان، دەسەڵات دەگرنە دەست، لەو ڕۆژەدا خەڵکی ئەفغانستان ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری ڕاستەقینە ئەزموون دەکەن.