ژنان لە ئێران لە دەستی دزەکان پارێزراو نین

زیادبوونی دزی بچووک و گەورە لە ئێران بە هۆی قەیرانی ئابووری، شەقامی نائارامتر کردووە، ژنان کە بەهۆی نەبوونی یاسای پاراستنی گونجاوەوە بەبێ پارێزراو ماونەتەوە، ئامانجی سەرەکین لەم بوارەدا.

جوان شەریفزادە

 

مهاباد- دزی ئەوەندە بڵاو بووەتەوە کە هەمیشە هەموو کاتێک شەوانە لە ماڵ دەرناچەین، تەنانەت کاتێک لە ماڵیش نەبن، گلۆپی ماڵەکانمان ناکوژێنینەوە، کاتێک دەچمە سەر شەقامێک، بە وریاوە تەلەفۆنەکەم لە جانتاکەم دەردەهێنم، ماوەیەکی زۆرە گوارە زێڕینەکانیشم بەکار نایەنم.

 

ئەم وتەیە، بۆ کاژالی ٤٥ ساڵ دەگەڕێتەوە کە ناچارە هەموو ڕۆژێک، هەم بەیانی زوو و هەم درەنگانی شەو، لە نێوان ماڵ و شوێنکاری خۆیدا هاتوچۆ بکات، ئەو تەنها یەکێکە لە ملیۆنان ژنی ئێران کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاساییشیان کەمتر دەبێتەوە.

 

نەبوونی ئاساییشی گیانی و ماڵی ئیتر بۆ ڕای گشتی ڕاستییەکی نامۆ نییە، ئەم مەیدانە بێئەمنەی کە بۆ پیاوان هەیە، بۆ ژنان مەترسییەکی زۆر جدیترە، سەرەڕای زۆرێک لە ڕاپۆرت و ناڕەزای و قسەکردن، وەڵام و هەنگاوەکانی لایەنە بەرپرسەکان بۆ دابینکردنی ئاساییش، نادیار و بێدەنگ دەمێننەوە.

 

زیادبوونی ڕووداوەکانی دزی و ڕێژەی بەرزی هەڵاوسان

 

لە ئێراندا دزی لە دوای تاوانەکانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەرەوە دووەمین تاوانە، داتاکان دەریدەخەن کە دزیکردن زیادی کردووە لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، جێگای سەرنجە زیاتر لە نیوەی ئەو دزانەی دەستگیرکراون تاوانبارن بۆ یەکەمجار، دزی بچووک لە دزینی شتومەکی وەک وایەری مۆبایل و دەستەی دەرگا و بۆری غاز و کەڤەری ئۆتۆمبێل تێپەڕیوە و ئێستا گەیشتووەتە دزینی کامێرای چاودێری (CCTV) کە بۆ باشترکردنی ئاسایش دانراون، باو و ئاساییە کە خاوەن کارە جیاوازەکانی ئۆنلاین، وەک فرۆشگای جلوبەرگ، مارکێت، دوکانی قوماش، دوکانی زێڕینگەریی و تەنانەت باخچەی میوە، گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای ئەمنی دوای دزیکردن یان کەلوپەلی دیکەی ناوماڵ هاوبەش بکەن،

جگە لەوەش، دزیکردن بەتایبەتی ئەو دزیانەی کە پەیوەندییان بە دزینی مۆبایل و جانتای دەستیەوە هەیە، زۆرجار توندوتیژی جەستەیی لەخۆدەگرێت، بووەتە یەکێک لە دیارترین و خێراترین جۆرەکانی دزیکردن.

 

”دەبێت هەموو کەسێک وریا بێت”

 

ئەو کێشە و گرفتانەی لە شارە گەورەکانی وەک تاراندا ئەزموون کراون، تەنانەت کردەی وەستان لە گڵۆپی سووریشدا بە تەواوی لە هەموو هەستێکی ئەمنی بێبەش کردووە، دەریا ئە. ، کە لە تاران دەژی، وتی: کاتێک مرۆڤ لە لای گڵۆپی سوور دەوەستێت، پێویستە دڵنیا بێت لەوەی دەرگای ئۆتۆمبێلەکان داخراون و پەنجەرەکانیش داخراون و من هەرگیز جانتاکەم لەسەر تەختەی زەوی بەجێناهێڵم، لەم دواییانەدا، تەنانەت مۆبایلەکەم هەڵناگرم کاتێک لە هاتوچۆدام.

 

جگە لە دزی ناو ماڵ، ئۆفیس و قوتابخانەکان، هەروەها دزیی ئۆتۆمبێل لە حەوشەی بەردەم ماڵان یان گەراجە تایبەتەکاندا، دانیشتووانی خستووەتە دۆخێکی هۆشیاریی بەردەوام، ئەم ڕەوتە لە شار و گوندە بچووکەکانیشدا زۆر دەبێت، زەینەب ک. کە لە مهاباد دەژی، وتی: دوو مانگ پێش ئێستا، ڕۆژی هەینی دوای نیوەڕۆ بوو، کەمێک دوای ئەوەی لە ماڵ دەرچووم، دزێک هاتە ژوورەوە و شتە بەنرخەکان، زێڕ و هەندێک ئامێری ئەلیکترۆنیی دزی، لە هەمان مانگدا، دزەکان چوونە ناو سێ ماڵی تری گەڕەکەکەوە، سەرەڕای ناڕەزایەتی و قسەکردن، پۆلیس وەڵامی دانیشتووانی نەدایەوە.

 

ژنان لە نائەمنی و زیاندا دەژین

 

زیادبوونی ڕووداوەکانی دزی کە ژنان دەکەنە ئامانج، زۆر جار ترسی مردن، برینداربوونی جەستەیی یان هێرشی ڕەگەزی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، لە ڕووداوێکدا کە ئەمساڵ لە شاری شینۆ ڕووی دا، ژنێک بە ناوی خەدیجە ڕەجەبی دوای دزییەکە لە ماڵەکەی خۆیدا بە شێوازێکی دڕندانە کوژرا، پاشان تاوانباران بە مەبەستی ئەوەی وەک خۆکوژی نیشانی بدەن، تەرمەکەیان سووتاند.

 

زۆر دۆسیەی تری دزی هەن کە دەبنە هۆی مردنی ژنان، وەک ئەوانەی نگار یەگانە و ئیلاهە حوسێن نەژاد، هەرچەندە کارە تاوانکارییەکان هەمیشە تەنها بۆ مەبەستی دزی ناکرێن، بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا ئەم کارانە زۆر جار ژنان دەخەنە پێگەی ئامانجی سەرەکییەوە.

 

”ژنان پارێزراونین”

بە گوێرەی کۆمەڵناسی مانیژە م. ، هەندێک لە هۆکارە کاتی و میکانیکییەکانی کە لە ناو سیستەمی کۆمەڵگەی پیاوسالاردا دیاری کراون، لەگەڵ نەبوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، مەترسییەکانی کە ژنان ڕووبەڕوویان دەبنەوە بە شێوازێکی بەرچاو زیاد دەکەن، وتی: زۆرێک لە ژنان هەندێک کات و شوێن، وەک شەو بە تایبەتی بە پارێزراوی دەبینن، ئەمە لە پلەی یەکەمدا لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵگە بە تەواوی باوەڕی هێناوە کە ژنان لەو مەیدانانەدا زیاتر بێپارێزراون.

 

جگە لەوەش، نەبوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دەتوانێت بێپاراستنی ژنان بەرامبەر بە دزی و تاوانەکانی تر زیاتر بکات،

هەرچەندە پەیوەندییەکان لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میکانیزمەکانی پشتیوانی بەهۆی ئەو ڕۆڵانەی کە لەلایەن کۆمەڵگەی پیاوسالارەوە بەسەر ژناندا دەسەپێنرێن لاواز دەبن، میکانیزمەکانی چاودێریی نافەرمی کەم دەبنەوە و توانای گەڕان بەدوای یارمەتیدا لە بارودۆخە مەترسیدارەکاندا کەم دەبێتەوە، ئەم کێشەیە بەتایبەت لە ناو ژنانی تەمەنناوەنددا دیارە.

 

کۆمەڵگەیەکی بێئەمن چی بەسەر ژناندا دەهێنێت؟

 

ئەزموونی بوون بە ئامانج دەتوانێت لە مێشک و ژیانی هەردوو ئەوانەی کە بە ڕاستەوخۆ دەبنە ئامانج و هەروەها ئەو کەسانەی کە شاهیدی ڕووداوەکە بوون یان لە ڕووداوەکە ئاگادار بوون، هەستێکی بەردەوامی بێئەمنی و ترسی دووبارەبوونەوەی ئامانجبوون دروست بکات، ئەم دۆخە کوالێتیی ژیان و هەستی ئاشتیی کەسەکان تێک دەدات.

 

فاتمە، ژنێکی بەتەمەنە کە هەموو ئێوارەیەک بۆ پیاسە دەچووە پارک، چیتر بە تەنها ناچێتە ئەوێ و وتی: کەسێک گەردنێکی لە ملی ژنێکی دزیوە، ئەو ژنە تەمەنی ٧٠ ساڵ بووە، نەک هەر گەردنەکەی لەدەستداوە، بەڵکو قۆڵیشی شکاوەتەوە.

 

بە گشتی، سیستەمێکی دادوەریی سزادانی لاواز و یاساکانی پاراستنی بێکاریگەر، لەگەڵ دوورخستنەوەی ژنان لە پرۆسەکانی دروستکردنی سیاسەتەکانی کۆمەڵایەتی و شارستانی، دەبنە هۆی دوورخستنەوە و زیادبوونی لاوازیی ژنانیش، ئەم کێشەیە بە قوولبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان قورستر دەبێت، مەترسی و بەربەستەکانی کە ژنان لە بەشداریکردنی ژیانی گشتییدا ڕووبەڕوویان دەبنەوە گەورە دەکات، بە ڕاستی ژنان دەتوانن لە ماڵەوە، لە ناو خێزاندا، لە شوێنکار یان لە هەموو مەیدانێکی کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی مەترسی ببنەوە.