ئەو باڵندە یاخیەی ئازادی لێ زەوت بکرێت، دەمرێت

چۆلەکە ئەو باڵندە یاخییە کە ئارەزووی نزیکی لە مرۆڤەکان دەکات، بەلام ئەگەر بێتو بکرێتە قەفەس ئەوا نان و ئاو ناخوات تاوەکو ڕوحی دەردەچێت یاخود ئازاد دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

زۆربەی باڵندەکان یاخین، عاشقی ئازادی و فڕینن ناتوانن لە قەفەس و ماڵی مرۆڤەکاندا بژین ئەگەر چی حەزیشیان بە ئاوەدانی بێت، دیارترینیان هەڵۆ و داڵ و چۆلەکاکانی کیشوەری ئاسیان، لەنێویاندا هەندێکیان لە باڵندەکان ئەگەرچی حەزیشیان بە ئازادییە، بەڵام ناو قەفەس و ماڵی مرۆڤەکان ئەوەنە بێزاریان ناکات کە مەرگ هەڵبژێرن.

 

چۆلەکە درێژییەکەی لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ سانتیمە نزیکترین باڵندەی کێوییە لە مرۆڤ، لە سەرەتادا لە کیشوەری ئاسیا و بەشێک لە ئەوروپا و باکوری ئوسترالیا دۆزرایەوە، پاشان بۆ لەناوبردنی جۆرە کرمێک لە سەر درەختەکانی ئەمەریکا لەسەر پێشنیاری دەرمانسازێک پۆلێک چۆلەکە دەبرێتە ئەمەریکا و دەست بە زیادبوون دەکەن، لە ئێستادا مەزندە دەکرێت زیاتر لە ٥ ملیۆن چۆلەکە لە ئەمەریکادا بوونی هەبێت.

 

سەرەڕای ئەوەی کوردستان ماڵی ڕەسەنی چۆلەکەکانە، بەڵام لەبەر ئەوەی دامەزراوەیەکی لێکۆڵەر نیە لە ئاژەڵان و باڵداران بکۆڵێتەوە تا ئێستا هیچ ئامارێک دەربارەی بوونی چۆلەکەکان و نشینگەکانیان لە کوردستاندا نیە.

 

ئەگەرچی چۆلەکە باڵندەیەکی بچوکە بەڵام غروری گەورەیە، کاتێک لەلایەن مرۆڤەکانەوە دەگیرێت و دەکرێتە قەفەس، ئەوا نان و ئاو ناخوات تاوەکو ئازاد دەکرێت یان گیانی دەردەچێت. هۆنەری کورد لەتیف هەڵمەت دەڵێت: "جوامێرە چۆلەکە لەبەردەرگای کەسدا نابێت بە پاسەوان، برسیشی بێت پوشی هێلانەکەی خۆی نافرۆشێت".

 

لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و جەنجاڵی ژیاندا، هەرێمی کوردستانیش هێشتا شارەکان پڕیەتی لە چۆلەکە و لە حەوشە و سەر دار و تەلەکانی کارەبا دەبینرێت.

 

چەندین پەندی کوردی لەسەر چۆلەکە هەیە

لە کوردستاندا زۆر پەند و کلتور و بیرەوەری هاوڵاتیان لە گەڵ چۆلەکەکاندا هەیە و لە کۆنەوە بە تەمەنەکان دەڵێن "ئەگەر چۆلەکە بە کۆمەڵ ڕوو بکاتە ماڵێک کچی گەنجیان هەبێت ئەوا کچەکەیان بە دڵخوازی خۆی دەگات"، یاخود "ئەگەر چۆلەکە جیقنەت بەسەردا بکات ئەوا بەختی باش دێتە ڕێگات".

 

لە هەندێک ناوچەی ئەم وڵاتەش جریوە جریو و شەڕی چۆلەکە لەبەر دەرگای ماڵەکاندا بە واتای هاتنی میوانێکی ئازیز لێکدەدرێتەوە، بە تەمەنەکانی ئەم وڵاتە چۆلەکە بە پەیامنێرێکی بەهەشت دەبینن و لەسەر گۆڕی هەر مردووەیەکیان بیبینن بە بەهەشتی لە قەڵەمی دەدەن. لە ئەفسانەی هەندێک هەرێمی دیکەشدا زۆر کات چۆلەکە بە واتای ڕوحی منداڵیکی ساوا دێت.

 

لە هزری هەر مرۆڤێکدا منداڵی و دارلاستیک و چۆلەکە هەیە بە ڕواڵەت بۆ ڕاوکردنیانە، بەڵام کێ دەڵێت بۆ کوشتنی ئەوان دارلاستیکیان دروست کردووە؟ منداڵ و چۆلەکە دوو هاوکێشەی دانەبڕاون لە دەستەمۆ نەبوون و پێداگریدا، ڕەنگە هەرکەیان بیەوێت ئەویتر دەستەمۆ بکات بەڵام نە چۆلەکە ملدەنێت بە سەرکێشیەکەی منداڵان و نە منداڵانیش دەست بەرداری هەڵبەزین و دابەزین دەبن بە شوێن باڵندەکاندا.

پێدەچێت هەمومان هەر لە هەمان خاڵدا ببینە دوانیەکی دانەبڕاو باڵندە مامۆستای سەرەتای دەستپێکردنی ناساندنی وانەکانی ژیان بێت بەهۆی بە زامبوونی بوونی ئەژنۆکان و پێخزانە هەر هەردوو نشێوێکەوە لە کاتی ڕاکردن بە دوای ئامانجدا.

 

ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆر لە باڵندە هەمەجۆرەکان و لە ناویاندا چۆلەکە لەناو ماڵەکانی هەرێمی کوردستان هێلانەیان دروستدەکرد، بەهۆی بە گڵبوونی خانووەکان لە نزیک مرۆۆڤەکانەوە ژیان کردن بۆیان ئاسان بوو. ئەگەر چی ئێستا باڵەخانەکان بەرز بوونەتەوە بە ڕواڵەت شوێنکی گونجاون بۆ باڵندە، بەڵام زۆر کات بە هۆکاری پیسکردنی ماڵەکان بە جیقنە خەڵک نایەڵن نزیکی باڵەخانەکان بکەون . شوێنی ئەوان ئێستا ئەو کەمینە دارەی ناوشار و هێڵەکانی کارەبایە کە زۆرجار دەبێتە هۆی وشک بوونیان.

 

چۆلەکە جگە لەوەی دیمەنێکی جوانی هەیە و یەکێکە لە سامانە سروشتیەکانی هەر خاک و نیشتیمانێک، ڕۆڵێکی گرنگیش دەبینێ لە پاراستنی پاکوخاوێنی ژینگەدا، چونکە جگە لە پوشوپەڵاش پاشماوەی جگەرەی کێشراو کۆدەکەنەوە، کە بەهۆی بوونی زۆرترین مادەی ژەهراوی لە پاشماوەی جگەرەدا لە پێناو پاراستنی بێچوەکانیان لە مێرووە زیان بەخشەکان، هێلانەی پێ دروستدەکەن.

 

ت.پ