بۆچی ژنان دەیانەوێت گەنجتر دەربکەون؟

ژنان بەردەوام دەخوازن کە گەنجتر دەربکەون و تەمەنی ڕاستەقینەی خۆیان بشارنەوە، بەڵام بەشێکیان نازانن بۆچی دەخوازن گەنجتر دەربکەون، چالاکوانانی بواری ژنانیش ئەمە بۆ ئەقڵیەتی کۆمەڵگا دەگەڕێننەوە، کە ژنان بە ژمارەی تەمەنیان کەسایەتیان دیاریدەکرێت و زۆری تەمەن واتە نەمانی توانا.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- گەنجێتی قۆناغێکی ژیانی مرۆڤە، تێیدا مرۆڤ وزە و توانایەکی زۆری بۆ کارکردن و دەرخستنی بەهرەکانی خۆی هەیە، لەبەر ئەوە زۆرینەی مرۆڤەکان دەخوازن لەو قۆناغەی تەمەندا دەربکەون، بەو واتایەش نییە کە ژیان تەنها بریتیبێت لە قۆناغی گەنجێتی.

 

یەکێک لەو دیاردانەی کە ئێستا لەناو کۆمەڵگای کوردیدا سەریهەڵداوە، هەوڵدانە بۆ خۆ بە گەنجی هێشتنەوە، ژنانیش لەم پرسەدا زیاتر بە ئامانج گیراون، بە جۆرێک کاریگەرییان لەسەر دانراوە، کە زۆرینەی کات لە ژنێک دەپرسیت تەمەنت چەندە، لە وەڵامی پرسیارەکەتدا دەڵێت "لە چەند دەچم؟"، یاخود کەمێک بیردەکاتەوە وەک ئەوەی نەخوازێت تەمەنی بڵێت دواتر تەمەنی خۆی دەڵێت.

 

ئێمە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چووینە ناو بازاڕی شاری سلێمانی و پرسیاری تەمەنمان لە ژنان کرد، بەشێکیان ئاساییانە تەمەنی خۆیان دەوت، بەشێکیشیان دەیانپرسی کە ڕوخساریان لە چەند ساڵ دەچێت، یاخود بیریان لە تەمەنیان دەکردووە دواتر دەیانوت کە تەمەنیان چەندە.

 

بۆچوونی ژنان لەسەر وتنی تەمەنیان:

محبومە محەمەد، تەمەنی ٦٢ ساڵە، دەڵێت زۆر جار کە تەمەن لە کەسێک دەپرسیت تەمەنی خۆی ناڵێت، لە کاتێکدا وتنی تەمەن زۆر ئاساییە، "ئەگەڕێتەوە بۆ سروشتی کەسە، زۆرکەس شەرم لە تەمەنی خۆی دەکات، بەڵام تەمەن پێویستی بە شەرم کردن نییە"، هاوکات بەشێکیشی گەڕاندەووە بۆ ئەوەی کە ئەو کەسە ژیانی ڕووداوی زۆر ناخۆشی تێدابێت و ئەو ژنە نەخوازێت ڕووداوە ناخۆشەکانی ژیانی بیربکەوێتەوە.

 

نیان محەمەد، ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵە، پێی وایە کە بەهۆی قورسیەکانی ژیان و بەرپرسیارێتییەکانەوە ژن زیاتر خەفەت دەخوات، بەڵام تەمەن تەنها ژمارەیەکە، لەبارەی نەوتنی تەمەن لای ژنانەوە دەڵێت " ئەوە تەنها بۆ خەڵەتاندە تەمەن زۆر کات ژمارەیەکە و تەمەنی زۆر بەو واتایە نایەت کە ئەو کەسە دەست لە دنیا بشوات".

 

فریشتە کامەران ژنێكی گەنجی تەمەن ٢١ ساڵە، باس لەوەدەکات، کە زۆرینەی ژنان لەپێناو گەنج دەرکەوتن ئارایشت دەکەن، یاخود کاتێک پرسیاری تەمەنیان لێدەکەیت ژمارەی کەمتر دەڵێن، پێی وایە بەهۆی کۆمەڵگاوەیە کە پیربوون واتای کۆتایی دەدات، لە کاتێکدا پیربوون یەکێکە لە قۆناغە تایبەت و گرنگەکانی ژیان، "زۆربەی کۆمەڵگا کە پیربوو ئیهمالی دەکرێت و ئەویش نایەوێت ئیهمال بکرێت".

 

بە کۆی گشتی لەو ژنانەی لەبارەی تەمەنەوە لێمان پرسین و دەمانوت کە بۆچی ژنان ناخوازن تەمەنی خۆیان بڵێن ئاشناییەکیان لەبارەی ئەو پرسەوە نەبوو، بەڵام چالاکوانان هۆکاری جیاواز بۆ شاردنەوەی تەمەن لای ژنان دەخەنەڕوو.

 

ئەشواق نەجیب، چالاکوانێکی بواری ژنان و پارێزەرە تەمەنی ٤٤ ساڵە، دەڵێت کە تەمەن پرسێکی تایبەتی و کەسییە، بەڵام ئەزموونە، تا ئەو کەسە تەمەنی زیاتر بێت ئەزموونی زیاتری هەیە، بەڵام لە کۆمەڵگای کوریدا بەم جۆرە لێکدانەوەی بۆ ناکرێت، بەڵکو بەپێی تەمەن کەسایەتی بۆ ژنان دەکرێت.

 

ئەو وەک پارێزەرێک باس لە یەکێک لە کەیسەکانی ناو دادگا دەکات، کە پیاوێکی تەمەن ٧٠ ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵدا کردووە، کاتێک لەبارەی هاوسەرگیری لەنێوان ئەم دوو تەمەنە جیاوازەدا کراوە، پیاوەکە لە وەڵامدا وتوویەتی تەمەنی پیاو کێشەی نییە، بەڵام ژن دەبێت هەر تەمەنی منداڵ بێت، بە پێویستیشی دەزانێت کە تەمەن نەکرێتە پێوەر بۆ ژن و بنەمای هاوڕێیەتی و کارکردن.

 

شارا عەبدولکەریم، چالاکوانی بواری ژنانە و تەمەنی ٤٥ ساڵە، جەخت لەوەدەکاتەوە کە کەمتر وتنی تەمەنی ژنان یاخود شاردنەوەی تەمەن لای ژنان بەهۆی کاریگەری کەلتورە، "لە کۆمەڵگای کوردی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەمەنکردن بۆ ژن واتە بێ توانابوون، لە کاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاستە".

 

وەک ئەو باسی دەکات، هەر لەبەر ئەو ئەقڵیەتەیە کە ژن بەردەوام دەخوازێت تەمەنی خۆی کەمتر بڵێت، بەڵام تەمەن هیچکات ڕێگر نییە لەبەردەم ئەو هەنگاوانەی کە تاک دەیەوێت بۆی بچێت، ڕێگریش نییە لە فێربوون.

 

"من هەمیشە بە نمونە دەیهێنمەوە کە ژنێکی تەمەن ٩٧ساڵ لە وڵاتێکی ئەوروپی زانکۆی تەواو کرد، لای ئێمە ئەڵێن بۆچیتە، ئەمە لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە کۆتایی نزیکبوویتەوە"، شارا وایوت.

بە پێچەوانەوە ئەو پێشی وایە، کە تەمەن لای ژن دەتوانێت ببێتە فاکتەرێکی زۆر باش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی و چواردەورەکەشی، بەهۆی ئەو ئەزموونەی لە ژیانیدا کردوویەتی.

 

ت.پ