چیرۆکێک لە هاواری فەرمانی ٧٤: لە قژە بە خەنەکەت پەناگەم دروستکردووە ...١

ئەوان لەسەر خاکی پیرۆز، بیروباوەڕە دێرینەکانیان لە ئامێز گرتووە و باجێکی زۆریان داوە بۆ هەبوون و وستانەوە بەڕووی لەناوبردندا، بێریتان شەنگالی، یەکێک لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵگە دێرینەیە، چیرۆکی خۆی لەسەر فەرمانی ٧٤ گێڕایەوە.

ڕۆژبین دەنیز

 

شەنگال – فەرمانی ٧٤ی شەنگال ئازارێکە بۆ هەمیشە لە جەستە و ڕۆحی ئێزدییەکان دەمێنێتەوە، ئازارەکانی ئەوان هەرکات بێتەوە بیریان وەک ڕۆژی یەکەم ئازاریان دەداتەوە، ڕۆژێک، کە هیچ ڕەنگێکی دیکەی نەبوو جگە لە ڕەنگی خوێن و هیچ بۆنێکی دیکەی نەبوو جگە لە بۆنی بارووت و لە هاوار زیاتر، هیچی دیکەی لێ نەدەبیسترا.

 

بێریتان کە بە جەستە بچووکەکەیەوە لەناو تونێلە تەسکەکەدا خۆی حەشاردابوو، شاهیدی هەموو ئەو شتانە بوو کە ڕوویاندا، فەرمانەکە هەموو شوێنەکانی شەنگالی سەرەوەی گرتەوە، زۆرترین ناوچەی بازاڕی کۆن و بازاڕی نوێ لەپڕێکدا وێرانبوون، بێریتان کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەوێ گیری خواردبوو، ئەو لە تەمەنێکی زۆر كه‌مدا بووە بەشێک لە هه‌ستی باوی دایكانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی، چاودێر منداڵە ساڵ و نیوەکەی خوشکەکەی بوو و دایکایەتیی بۆ دەکرد.

 

لەپێناو ژنان بوو بە شەڕڤان

بێریتان باسی ئەو ڕۆژانە دەکات کە هیچ ڕەنگێکی تێدا نەبوو، بێریتان دوای فەرمانەکە ڕێگەیەک بۆ ژیانی خۆی دەدۆزێتەوە، جلی یەژەشە لەبەر دەکات، وای لێ دەکات خەبات بکات بۆ هەستی هاوبەشی دایکان و خەمی هەموو ژنانی ئێزدی و باوەشی تووڕەیی و ئازاری هاوبەشیان بۆبکاتەوە. بێریتان یەک بە یەک ئەو شوێنانە پیشان دەدات کە لە چەتەکانی داعشدا ماوەتەوە و باس لە ئەزموونەکانی دەکات، هەموو ئەو ساتانەی کە ژیاوە بە شێوەیەک باس دەکات، کە جارێکی دیکە ڕووداوەکانمان بۆ زیندوو دەکاتەوە، لە باڵای مامناوەند و جەستە تەنکەکەیدا دڵی ژنێکی گەورەی هەیە و بووەتە جەنگاوەری کۆمەڵگەکەی.

 

"هەموو منداڵان لەگەڵ ئێمەدا خێرا گەورە دەبن"

بێریتان قسەکانی بەمشێوەیە دەستپێدەکات: "ناوی من بێریتان شەنگالییە، خەڵکی ناوەندی شاری شەنگالم. من لە شەنگال بووم کاتێک داعش بۆ یەکەمجار هێرشی کرد. ئێمە خێزانێکی مامناوەند بووین لە شەنگال. گوشارەکانی کۆمەڵگە و ئەو فشار و ترسەی کە گوندە عەرەبەکانی دەوروبەرمان لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی هەیانبوو، زۆرترین کاریگەریی لەسەر ئێمەی ژنان هەبوو. بۆیە، من منداڵییەکم نەبوو کە یادەوەری خۆشم هەبێت، زۆر خێرا گەورە بووم. لەگەڵ ئێمە هەموو ژنان زۆر خێرا گەورە دەبن. ئێمە دەرفەتی زۆرمان نییە بۆ ئەوەی منداڵیمان بژین و بە ڕۆحی منداڵی بمێنینەوە. من وا بووم، بەبێ ئەوەی منداڵیم بژیم، خۆم لە ئازارێکی زۆردا بینیەوە. ئەو رۆژانەی کە لەو گەڕەکەدا دەژیام کە لە نێو یارییەکانی منداڵاندا بووم، ئەوەندە کەم و کورت بوون کە لە خەیاڵمدا وەک خەون دەبینم. دەڵێن تەنانەت کاتێک مرۆڤ گەورە دەبێت، منداڵی لەناو خۆیدا دەمێنێتەوە. منیش هەمیشە هەستم بەم شتە کردووە".

 

"لە نێوان دەرگاکاندا دەگەڕام و پێم سەیر بوو چی ڕوودەدات"

بێریتان باس لەوە دەکات کە منداڵانی ئێزدی هەمیشە بە چیرۆکی فەرمانەوە گەورە بوون، بەڵام دەڵێت گەورەکانیان هەرگیز وردەکاری فەرمانەکانیان بۆ نەگێڕاوەتەوە. بێریتان باس لەوە دەکات کە زۆرترین زانیارییان لەسەر ئەو ئازارە هەیە کە دوای فەرمانەکە تووشی دەبن و دەڵێت: کەس زۆر نەیزانیوە کە لە کاتی فەرمانەکاندا چی ڕوویداوە و چۆن خەڵک خۆیان پاراستووە. چیرۆکی ترسناکمان بۆ دەگێڕدرایەوە کە لە چیاکانی شەنگالەوە تا دەشتەکانی درێژ دەبووەوە. هەروەها ئەوەی لەبەر چاومان بیستمان ئەزموونمان کرد، لە فیلمێکدا خۆمان دەبینی. هەندێک جار چیرۆکەکان لە ئاستێکدا بوون کە نەماندەتوانی لەوە تێبگەین کە لەم سەردەمەدا وەها دڕندەیی ڕوودەدات. وەک دیمەنەکانی فیلمەکان کە لە دوورەوە سەیریمان دەکرد، لەبەر چاومان زیندوو دەبووەوە. ئێمە پێمان وابوو کە باپیرانمان لە ژێر کاریگەری فیلمێکدان و باسی ئەو شتانەمان بۆ دەکەن. پاشان لە ناوەڕاستی مانگی حەوتەوە تا سەرەتای مانگی هەشت وشەی 'داعش هێرش دەکات' دەوترا، من هێشتا منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بووم. لە نێوان دەرگاکاندا بە نهێنی گوێم لێدەگرت و پێم سەیر بوو چی ڕوودەدات. وەک ئەوە وابوو لە کونێکی بچووکدا سەیری فیلمێک بکەیت. ڕەنگە هەموو شتێک فیلم بووبێت، هەموو شتێک پێشوەختە ئامادەکرابێت و دیمەنەکان وێنەگیراون.

 

"دەبوو هەموو ئێزدی و ئێزدییەتەکان بپارێزرێن"

بێریتان باس لەوە دەکات کە لە ڕۆژی فەرمانەکەدا هەمووان بەیانیان بەرەو شاخ هەڵاتوون و دەڵێ کەس نەبووە بیانپارێزێت.

"ئەو قسەیەی دەڵێت 'متمانە بەکەس مەکەن جگە لە چیا' ئامۆژگاری گەورەکانمان بوو بۆ ئێمە، کەس نەبوو کە بمانپارێزێت، پێشمەرگەی پەدەکە کە گەمارۆیان داین و وتیان 'لە هەر حاڵەتێکدا دەتپارێزین' بەڵام هەڵهاتن، بۆ ئێزدییەکان جگە لە خۆمان کەسمان نەبوو. هەرچەندە هەموو جارێک بە ڕووخساری فاشیستی ئەو سەردەمە هێرشمان دەکرایە سەر، بەڵام کۆمەڵگەکەمان کە هێشتا زیندوو بوو، بوو بە خۆبەخش و هەمووان بە شێوەیەکی ترسناک هەوڵیان دەدا یارمەتی یەکتر بدەن، پێویستە هەموو ئێزدی و ئێزدییەکان بپارێزرێن و بۆ ئەمەش هەموو خەڵک یەکبگرن و گیانی یەکتر ڕزگار بکەن. لەو ڕۆژەدا هەموو ئێزدییەکان بە یەک دڵ و یەک جەستە و یەک ئازار و یەک ئومێد پشتیان بە چیاکانی شەنگال بەستبوو"

 

"ئێمە بەدوای ئەوەدا دەگەڕاین کە بەجێمان هێشتبوو"

بێریتان لەگەڵ خێزانەکەی لە ناوەندی شاری شەنگالەوە دەچێتە بازاڕی کۆن. تا ئەو کاتە هەمووان لە خێزانەکەی پێکەوە بوون. منداڵی خوشکەکەشی گرتبوو بە پشتییەوە. بێریتان بەم وشانە وەسفی ئەو ساتانە دەکات: "من تەمەنم ١٤ ساڵ بوو، لە تەمەنێکی بچووکدا بووم بە دایک، ساڵێک و شەش مانگ چاودێریم کرد، بەرگەگرتنی سەخت بوو. لە ڕووی جەستەییەوە لاواز بووم، بەڵام لە هیچ بارودۆخێکدا کۆڵم نەدا. بە هەنگاوی گەورە و هەندێک جاریش بە ڕاکردن دەچووینە شاخ. پاشان بە بازاڕی کۆندا تێپەڕین و گەیشتینە لۆفەکان. بۆ ماوەیەک لە کۆڤێک لە نزیک لۆفەکان وەستاین. ئێمە ویستمان لەوە تێبگەین کە چی ڕوودەدات. لە ڕاستیدا هەموومان سەیری ئەو شتانەمان دەکرد کە لە دوای خۆمان بەجێمان هێشتبوو و بۆ دواجار ئاهێکمان دەکێشا.

 

"مەحاڵە من جارێکی تر بگەڕێمەوە"

بێریتان ڕوونی دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی زوو ماڵەکانیان بەجێهێشتووە، هیچیان لەگەڵ خۆیاندا نەبردووە، ئەوەی لە سەرەتای ژیانیاندا ئەزموونیان کردووە، وەها دەیگێڕێتەوە، "چونكە بەپەلە ماڵمان بەجێهێشت، هیچمان لەگەڵ خۆمان نەبرد، بە بیری ئەوەی 'هیچ ڕوونادات، ئێوارە دەگەڕێینەوە' ڕۆشتین، بەڵام کاتێک گەیشتینە بازاڕی کۆن بینیمان دۆخەکە بەو شێوەیە نییە، هەمووان بە دەنگی بەرز دەیانوت فەرمانەکە دەستیپێکرد. کاتێک لە ماڵەکان دوورکەوتینەوە و بۆ دواجار سەیری شەنگالمان کرد، بینیمان لە چاوی هەریەکەماندا بینینی فەرمانەکە هەبوو، ئێمە جلوبەرگ و خواردنمان نەبردبوو، گرنگترین شت ئەوەیە منداڵی خوشکەکەم برسی بوو و شیری دەویست، بە خێزانەکەمم وت منداڵەکان ببەن، دەگەڕێمەوە بۆ بازاڕی کۆن، لەوانەیە شیر یان شتێک لەوێ بدۆزمەوە بیخۆن. ئەوانەی لە ڕێگادا چاویان پێمکەوت وتیان بۆ کوێ دەچیت شێتیت؟ وتیان داعش هاتووەتە ناو هەموو ناوچەکانی شنگال، دەتکوژن، مەڕۆ، وتم: دەبێ شتێک بدۆزمەوە بیخۆین و شیریش بۆ منداڵەکە بهێنم، منداڵەکە برسییەتی، لە جیاتی شەنگال دەچمە بازاڕی کۆن، من تەنیا ماڵی مامم لە بازاڕی کۆن دەناسی، بەڵام پێشتر نەچوومەتە ماڵی مامم، تەنها جارێک کە بەلایدا تێدەپەڕیم، لە دوورەوە ماڵی مامیان پیشاندام، کە گەیشتمە بازاڕی کۆن، ماڵی مامم لە یەکەم کۆڵان بینیم، ترس و وروژاندن بەسەرمدا هات، لە لایەکەوە زۆر دڵخۆشی کردم، تەنانەت نەگەیشتبوومە ماڵی مامم کە لەپڕ لە شەقامە لاوەکییەکانەوە دەنگێکی لێ هات، دەنگەکە بەرەو ئەو شەقامە دەهات کە من لێی بووم. بازمدایە ناو باخی ماڵێکی تەنیشت ماڵی مامم. نەدەکرا جارێکی تر بگەڕێینەوە.

 

سبەینێ: "لە پشت دیوارەکەوە، لە کونێکی بچووکدا، سەیری فەرمانەکەی دەکرد"