لەناو پشتگوێخستنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤەکان... ژنانی غەززە بە تەنها ڕووبەڕووی شەڕەکە دەبنەوە
لەگەڵ بەردەوامی شەڕی غەززە، شایەتحاڵی بە ئازار، ڕادەی پشتگوێخستنی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ژنان و منداڵان ئاشکرا دەکات، لە نێوان گەمارۆیەکی دامرکێنەر و ئازاری ڕۆژانەدا، کە مرۆڤایەتی تێدا نییە و گروپەکان بۆ چارەنووسێکی نادیار جێهێڵدراون.

ڕەفیف ئەسلیم
غەززە- لە نێو شەڕی جینۆسایدی دوو ساڵەی کەرتی غەززە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤەکان خۆیان سنووردار کردوە بە ناردنی هەندێک هاوکاری بە شێوەی ماددی و دەرکردنی ڕاگەیاندراوی تاوانبارکردن و ڕەتکردنەوەی ئەو کوشتن و برسێتی و وێرانکاریانەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون، ژنانیش لە نێوان بێ هیوایەکی گەورەدا بە تەنها ماونەتەوە، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا هیچ شاندێکی ئەو ڕێکخراوانە پەناگەکانی ئاوارەییان سەردان نەکردوە و بارودۆخیان نەپشکنیوە.
هاوارێک لە چادرە شکاوەکانەوە... مرۆڤایەتی لە کوێیە؟
عایدە مەعروف باس لەوە دەکات کە ماوەی دوو ساڵە شەڕی قڕکردن لە کەرتی غەززە بەردەوامە، ڕەنگە لەبیرنەکراوترین نمونەی ئەمەش وازهێنان بێت لە منداڵان و ژنان لە باکووری کەرتی غەززە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک دوای ئەوەی ڕەتیانکردەوە ئاوارەبوونی زۆرەملێیان هەبێت، گەمارۆ دران و کوژران و لە ئاو و خواردن و چاودێری پزیشکی بێبەش کران، کە ئەمەش گورزێکی پڕ لە ئازار بوو بۆ ئەو ژنانەی کە باوەڕیان بە ڕۆڵی ئەو دامەزراوانە هەبوو و بە بوونیان دڵنیاکرانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە تەنانەت دوای گەڕانەوەی ئەم دامەزراوانە لە باشووری کەرتی غەززەوە، نەیبینیوە یەک شاند سەردانی کامپەکان بکەن بۆ پشکنینی بارودۆخی ژنان و منداڵان و ژنانی گەنج، بەڵکو بە ناردنی یارمەتییەکان ڕازی بوون کە دزراون و نەیانتوانیوە دەستیان پێ بگات، منداڵان لەبەردەم شاشەکاندا دەکوژرێن و ئەوانەی لە ژیاندا دەمێننەوە لە هیچی تەواودا دەژین، بەبێ خواردن، خواردنەوە، پەروەردە، تەنانەت جلوبەرگ- بەبێ منداڵییەک بە واتای تەواوی وشەکە، هەروەها دۆخی ژنانیش باشتر نییە.
ژنانی فەڵەستینی کاتێک لە خەو هەڵدەستن نازانن هێشتا لە ژیاندان یان نا، کە ئەمەش بەهۆی لەدەستدانی ئاسایش و دەنگی موشەکەکانەوەیە کە بە درێژای شەو بەردەوامن، چاوەڕێی ئەوە دەکات ئەو دامەزراوانەی بانگەشەی مرۆڤدۆستانە دەکەن و داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، وەک نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی، ڕۆڵی خۆیان لە چاودێریکردنی بارودۆخی ژنان و منداڵەکاندا بەجێبهێنن و هێزەکانی ئیسرائیل ناچار بکەن کە شوێنی مانەوەیەکی گونجاویان بۆ دابین بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە چادرەکانی ئەمڕۆ دوای ساڵ و نیوێک بەهۆی خۆرەوە کۆن بوون و گونجاو نین بۆ نیشتەجێبوون، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە ڕێگەدان بەو هاوکاریانەی لە پەڕینەوەکەدا کۆکراونەتەوە، پرسیاری ئەوەشی کرد کە ئایا هەندێک لە وڵاتانی بەخشەر و هاوڵاتیانی قبوڵ دەکەن منداڵەکانیان ئەو شتانە لەبەر بکەن کە دەینێرن یان لەسەر ئەو دۆشەکانە بخەون و ئەو بەتانییە تەنکانە بەکاربهێنن، کوا پێداویستی پاکوخاوێنی کەسی بۆ ژنان و ژنانی گەنج؟
کوا یاساکان سەبارەت بەو بارودۆخەی کە هاوڵاتیانی غەززە ئەزمونی دەکەن؟
عایدە مەعروف، وتیشی: لە وڵاتانی عەرەبی و بیانی بێ هیوا بووم، لەبەر ڕۆشنایی بانگەشەی درۆینەیان کە وتیان ئێمە یەک نیشتمان و یەک نەتەوەین، چ جۆرە نەتەوەیەک ڕێگە دەدات ژنانی خۆیان لە بەردەم شاشە و پشت شاشە بەم شێوەیە زەلیل بکرێن؟
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو یاسایانە لە کوێن کە وڵاتان و ڕێکخراوەکانی جیهان دایانناوە؟ بۆچی لە پلەی یەکەمدا دانراون ئەگەر نەتوانن ئەم شێتییە ڕابگرن؟ بەهایان چییە کاتێک ڕۆژانە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی کەمی خۆراک و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە زیاد دەکات؟
هەروەها پرسیاری کرد، بۆچی هاوڵاتیانی کەرتی غەززە؟ هەموو وڵاتان بە قۆناغەکانی شەڕدا تێپەڕیون و دواتر کۆتاییان هاتوە، جگە لە شارە لێدراوەکە و دانیشتوانی مەدەنی کە هیچ شتێکیان نییە بەرگری لە خۆیان بکەن، ئەوان لەکاتی خەوتن لە چادرەکاندا دەسوتێنرێن و لەکاتی گەڕان بەدوای خۆراکدا دەکوژرێن، وەک ئەوە وایە هەموو جیهان پێیان بڵێن بە بێدەنگی ئەم ژیانە بەجێبهێڵن، ئێوە مرۆڤ نین.
عایدە مەعروف داوا لەو ڕێکخراوانە دەکات "لە بینا عاجەکەی بێتەخوارەوە" بۆ سەر زەوی ببینن چی بەسەر منداڵان و ژنان و بەساڵاچوواندا دێت، ئەوان ئەو مرۆڤایەتییە پراکتیزە دەکەن کە لە کۆنگرە و لەسەر مێزی نانخواردنی گرانبەهادا بانگەشەی بۆ دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە ،کە قەدەغەکردنی ئیسرائیل لەسەریان ئەو تاوان و بێ هیوایە هەڵناگرێت کە ژنانی غەززە بەرامبەریان هەڵدەگرن، هەروەها ئەوانەن کە لەڕێگەی بێدەنگی بەردەوامیانەوە ئەم دەسەڵاتەیان بە ئیسرائیل بەخشیوە، چونکە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخرێن، یەک لەدوای یەک، بەبێ چاودێری و لێپرسینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە دۆخەکە خراپە و لە چەند ڕۆژی داهاتودا خراپتر دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی فشارە سەربازییەکان و مەترسی داگیرکردنی شاری غەززە، هیوادارم جیهان بە مرۆڤایەتییەوە سەیری کەرتی غەززە بکات و واز لە بێباکبوون بهێنێت بەرامبەریان، بەتایبەتی سەبارەت بە هاوکارییە مرۆییەکان، کە ڕۆژانە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار دەبن، و ژنان بە هیچ شێوەیەک سوودی لێ وەرناگرن.
"یەک جانتای پاکوخاوێنی بەس نییە"
نەدا عەوازڵا، قسەکانی پێش خۆی سەبارەت بە کەموکوڕیەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و فریاگوزاریەکان لە خزمەتکردنی ژنانی غەززە پشتڕاستکردەوە، ڕوونیکردوە، کە نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر بینیویەتی تاکە ڕێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتوەکان سەردانی کامپەکە دەکەن و پشکنینی هەندێک ژنان و ژنانی گەنجیان کردوە، جانتای پاکوخاوێنی کەسییان بۆ دابینکردون، لەم نێوەندەدا زۆرینەی هاوتەمەنەکانیان لەچاوەروانیدا مانەوە بەبێ ئەوەی هیچ شتێک وەربگرن کە ئەوانی تر وەریانگرتوە.
پێداویستی ژنان جیاوازە، لە خواردن و خواردنەوە تا تەواوکەری خۆراکی و کەرەستەی پاکوخاوێنی کەسی، ئاماژەی بەوەشکرد، کە دۆخی پێش جەنگی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ژنان، بە پشتبەستن بە زانیاری خۆی لەسەریان و کارەکانی لەسەر پڕۆژە کاتیەکان، پێشنیاری بۆ کرد کە ژنان لە دۆخێکی باشتردا دەبن ئەگەر هێرشێک ڕووبدات، بەڵام ئەوەی لەسەر زەوی شایەتحاڵی بوو، توشی شۆک بوو، ژنان بە تەنها مانەوە و ئەم ڕێکخراوانە سەرلێشێواوییەکەیان زیاتر کرد.
نەدا عەوازڵا، جەختی لەوە کردەوە، کە نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی دیکە دەبێ فشارێکی تەواو بخەنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی ڕێگە بە هاتنە ژوورەوەی ئەو کاڵایانە بدەن کە چەند مانگێکە لە دەروازەکان ڕێگرییان لێدەکەن و ڕایاندەگرن، بەتایبەتی سەبارەت بە ژنان کە بە پەراوێزخراوترین گروپی هاوڵاتیانی مەدەنی دادەنرێت.