مافی منداڵبوون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەڵبژاردنێکی ئازادانە نییە

لە ژیانی زۆرێک لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، کێشەی "بێ منداڵبوون" هەڵبژاردن نییە، بەڵکو دەرئەنجامی زۆرەملێ، هەژاریی، ناسەقامگیری ئابووری و ناکارامەیی دەسەڵاتە لە دابینکردنی سەرەتاییترین ژێرخانی کۆمەڵایەتی.

شیلان سەقزی

 

لە نێوان پڕوپاگەندەی حکومەت بۆ "گەشەی دانیشتووان" و پێداگری لەسەر گەڕانەوەی ژنان بۆ ڕۆڵی نەریتی خۆیان کە دایکایەتییە، ڕاستی ڕۆژانە بۆ ملیۆنان ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شتێکی دیکەیە، کە مافی هەڵبژاردنیان لێ دەسەندرێتەوە، هەروەها لە بەرامبەر قەیرانی ئابووری، بێکاری، نائەمنی کار، نەبوونی بیمە، بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە و داهاتوویەکی کۆمەڵایەتی نادیار، ژیانی ژنانی چینی خوارەوە و مامناوەند بەرەولێواری داڕمان دەڕوات، هەروەها زۆرێک لە ژنان لەبەرنەبوونی پێویستیەکان ''بی منداڵی''هەڵدەبژێرن نەک تەنها لەبەر ئارەزووی خۆیان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەمە بڕیارێکی ئازادانە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی فشاری پێکهاتەکان و سیاسەتە ناکاریگەرەکانی حکومەتە، کە دایکایەتییان گۆڕیوە بۆ ئیمتیازێکی چینایەتی و ئامرازێک بۆ قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی.

 

ئامانجی ئەم ڕاپۆرتە ئەوەیە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و شیکاریانە لە پرسی ژنانی نەخوازراو بکۆڵێتەوە و نیشانی بدات کە چۆن پێکهاتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا لە ڕێگەی سیاسەت و فشارە جۆراوجۆرەکانەوە مافی هەڵبژاردن و توانای بایۆلۆژییان سنووردارکردووە، هەروەها ڕەخنە لە سیاسەتی دانیشتووان و نزیکبوونەوەی دامەزراوەکانی دەسەڵات دەگرێت، کە لەبری بەهێزکردنی ژنان، کەچی کردوویانە بە قوربانیی دەسەڵاتێکی ستەمکار.

 

''لە کاتی گەمارۆدا دەست بەسەرمنداڵبووندا گیرا''

ژنێک کە منداڵی نەبێت زۆرجار پەیوەست دەکرێت بە هەڵبژاردنێکی هۆشیارانە یان شێوازێکی ژیانی مۆدێرن، بەڵام لە ڕاستی ژیاوی زۆرێک لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، "بێ منداڵبوون" هەڵبژاردن نییە، بەڵکو لە ئەنجامی س+یاسەتی زۆرەملێ، هەژاریی، نائەمنی ئابووری و شکستی حکومەت لە دابینکردنی سەرەتاییترین ژێرخانی کۆمەڵایەتیدایە، ئێمە لێرەدا مامەڵە لەگەڵ ژنێک ناکەین کە بە هەڵبژاردن منداڵی نەبێت، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ ژنێک دەکەین کە بێ هەڵبژاردن منداڵی نەبێت، ژنێک کە لە نێوان بازنەی بەرزبوونەوەی نرخ و ناسەقامگیری کار و سەختی دۆزینەوەی خانووبەرە و ماندووبوونی دەروونیدا لە مافی دایکایەتی بێبەش بووە.

 

لە سیستەمی سیاسی ئێراندا، سیاسەتی دانیشتووان بە دژایەتییەکی ئەوپەڕی تایبەتمەندە، لە لایەک بە پڕوپاگەندەی ڕەسمی هاندەری زیادبوونی لەدایکبوونەکانە، لە لایەکی دیکەوە هەلومەرجێک دروست دەکات کە ڕێگری دەکات لە ژنانی گەنج و خوێندەوار و کەم داهات و بێ پشتیوانی کۆمەڵایەتی بیر لە دووگیانی بکەنەوە، هەروەها لەباربردنی منداڵ نایاساییە، دایبی و پێداویستیەکان گرانن، تەنانەت مۆڵەتی منداڵبوونیش کارمەندەکە دەخاتە بەردەم مەترسی دوورخستنەوە، لە ئەنجامدا بڕیاری منداڵبوون نەک وەک مافێک بەڵکو وەک "هەڵەیەکی ئابووری" لێکدەدرێتەوە.

 

لەم هاوکێشەیەدا ژنان دووجارقوربانین، لەلایەک دەسەڵات داوایان لێدەکات ببنە دایک، لەلایەکی ترەوە هیچ میکانیزمێک بۆ پاراستنیان وەک دایک دابین ناکەن، هەروەها هیچ پلانێک بۆ پەروەردەکردنی منداڵ نییە، تەنانەت پلانێکیان بۆ تەندروستی دەروونی دایکەکە نییە، وە هیچ پلانێک بۆ گەڕانەوەی بۆ بازاڕی کار و کەمکردنەوەی تێچووی پەروەردەکردنی نیە، لە ئەنجامدا ژنانی بێ منداڵ بە تەنیا باری شکست هەڵدەگرن، بەبێ ئەوەی دامەزراوە بەرپرسیارەکان ئەم دۆخە وەک قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بناسن.

 

لە بارودۆخێکی وادا، ژنانی بێ منداڵ لەبری ئەوەی قسە لەسەرمافە پێشێلکراوەکانی خۆیان بکەن، ناچارن لە بەرامبەرڕەخنەکانی کۆمەڵگە، بێدەنگ بن یان ڕەوایەتی بە کارەکانیان بدەن، ئەمە سیاسەتی بێدەنگکردن و زەوتکردنی مافەکانە بەبێ ئەوەی توانای ناڕەزایەتی دەربڕینیشیان هەبێت، بۆیە ئەمە لوتکەی توندوتیژیی پێکهاتەییە.

 

لە کۆماری ئیسلامیدا ژنان نەک هەر لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەش دەکرێن، بەڵکو بە شێوەیەکی سیستماتیکی مافی هەڵبژاردنی زۆرێک لە گرنگترین بڕیارەکانی ژیانیان لێ زەوت دەکرێت، لەوانەش دایکایەتی، بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی ڕەسمی حکومەت کە دایکایەتی بە "شەرەف و شەرەفی ژنانی موسڵمان" وەسف دەکات، لە ڕاستیدا ملیۆنان ژن بەهۆی سنووردارکردنی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی مافی دایکایەتییان لێ زەوت دەکرێت، ئەوان نابنە دایک نەک لەبەر ئەوەی نایانەوێت، بەڵکو لەبەرئەوەی ناتوانن ببنە دایک، ئەمەش جۆرێکە لە توندوتیژیی بێدەنگ کە لە ئەدەبیاتی رەسمیدا نابینرێت.

+

ژنێکی خوێندەوار و بێکار کە بەدەست تێچووی زۆری ژیانەوە دەناڵێنێت لە گەڕەکەکانی دەرەوەی شاردا، وە بێبەشە لە ئاسایش و تەندروستی، چۆن دەتوانێت بیر لە منداڵبوون بکاتەوە؟ ئەم فشارە تەنها دارایی نییە، بەڵکو دەروونی و بایۆلۆژی و لە کۆتاییدا سیاسییە، بە پێچەوانەی چەشنە کۆنەپەرستانەکانەوە، ئەم ژنانە ئارەزووی منداڵبوون دەکەن، بەڵام سیستەمی حوکمڕانی کۆن و جیاکاری و پیاوسالاری ئەوانی کردووە بە ژنێکی خاوەن ئارەزووی سەرکوتکراو.

 

''جەستەی ژنان بارمتەیە''

حکومەت لە ڕێگەی سیاسەتە دووڕووییەکانەوە، وەک "گەشەی دانیشتووان" لە لایەک و کشانەوەی پشتیوانی ڕاستەقینە لە لایەکی دیکەوە، جەستەیی ژنانی لەڕووی پێکهاتەییەوە گۆڕیوە بۆ بەرەکانی شەڕی بێدەنگ، کە لەدایکبوون و ناڕەزایەتی تێدا نییە، ئەم دژایەتییە ڕواڵەتییە خۆی لە خۆیدا بەڵگەی ئیفلاسی سیاسییە لە چارەسەرکردنی پرسەکانی ڕەگەزی و مافی مرۆڤدا.

 

ژنانی بێ منداڵ لەئەمڕۆدا بەڵگەیەکی زیندوون بۆ ئەوەی کە چۆن دەسەڵات لەبری ئەوەی دەسەڵاتیان پێبدات، دەستی بەسەر جەستە و ژیانیاندا گرتووە و بە ''چارەنووس'' یان ''ئەرکی ئایینی'' ناوی دەبەن، بە واتایەکی تر، پێکهاتەی رەسمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاندانی "گەشەی دانیشتوان" و سەپاندنی ناسەقامگیریی ئابووری لە هەمان کاتدا، ژنانی خستۆتە ناو ململانێیەکی تاڵەوە، کە لە لایەکەوە هانی منداڵبوون دەدات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئاسایشی کار، بیمەی تەندروستی، چاودێری منداڵ و خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی کەمن، لەوەش خراپتر، سیاسەتەکانی دانیشتووان وەک "یاسای پاراستنی خێزان و گەنجان"، زیاتر بوونەتە ئامرازێکی کۆنترۆڵکردن نەک پشتگیریکردن، دواجار دایکایەتی لە پرۆژەیەکی مرۆیی هەڵبژێردراوەوە گۆڕاوە بۆ ئیمتیازێکی بەدەستنەهێنراو بۆ بێمافیەکان، وە جەستەی ژن جارێکی دیکە بووەتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئایدۆلۆژیاکان و هەژاری.

 

لەم بارودۆخەدا، لەلایەک حکومەت لەڕێگەی کەرەستەی ڕیکلامی خۆیەوە (تەلەفزیۆن، پیاوانی ئایینی، پەروەردە)، ژنان پابەند دەکات بە دایک بوون و زیادکردنی ژمارەی دانیشتوان، بەڵام لەلایەکی ترەوە هیچ ژێرخانێک بۆ پاڵپشتیکردنی بژێوی ژیانی ژنان دابین ناکات، وەک: نەبوونی ئاسایشی کار، خوێندنی بێبەرامبەر، چاودێری تەندروستی گونجاو، کە لە ئەنجامدا هەزاران ژن وەک سارا لە بێدەنگیدا دەژین و بارگرانی خەم و پەژارەی دایکایەتی شکستخواردوویان لەسەرە.

 

ئەم ژنانە لە یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بێبەشن، نەک لەبەر ئەوەی "مۆدێرن" یان "فێمینیست"ن، بەڵکو بەهۆی چەوساندنەوەی سیستماتیکی ئابوورییەوەیە، دایکایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئەمڕۆدا هەڵبژاردەیەکی ئازادانە نییە، بەڵکو ئیمتیازێکی چینایەتییە کە تەنیا توێژێکی کۆمەڵگە دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، ئەوانی تریش بە جەستەی ماندوو و منداڵدانی بێدەنگەوە پەراوێزخراون.

 

''ژنانی بێ منداڵ''

لە ئێستادا زۆرێک لە ژنانی چینی مامناوەندی خوێندەواری بەرز کە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا لەدایک بوون لە نێوان تەمەنی ٣٥ بۆ ٤٥ ساڵیدا بێ منداڵ ماونەتەوە، نەک لەبەر نەبوونی ئارەزوو، بەڵکو بەهۆی چەندین فشاری پێکهاتەیی. بۆ نموونە ئارێزۆ.ف، کرێکاری گرێبەست لە ڕێکخراوێکی نیمچە حکومیدا، وتی: ''بە مووچەکەم، من و هاوسەرەکەم تەنانەت ناتوانین پارەی خانووبەرە بدەین، چ جای تێچووی منداڵێک''، هەروەها بەردەوام لەلایەن کەسانی دەوروبەریەوە تۆمەتباردەکرێت بە "خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی"، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە جۆرێکە لە ماندوێتی درێژخایەنی دەروونی و ئابووری.

 

مەهسا. خ، مامۆستایەکی خانەنشینکراوی تەمەن چل ساڵ، ساڵانێکە بەبێ بیمە و ئاسایشی کار لە خانوویەکی کرێدا کاردەکات، وتی: "هەرگیز نەموێرا بیرلە منداڵبوون بکەمەوە، لە ترسی ئەوەی سبەی کارەکەم لەدەست بدەم چۆن کرێی خانووەکەم بدەم".

 

لە کۆتاییدا پرسی منداڵبوونی نەخوازراوی ژنان، دیاردەیەکی دابڕاو یان بابەتێکی هەڵبژاردنی کەسی نییە، بە پێچەوانەوە نیشانەیەکی قووڵی شکستی پێکهاتە سیاسی و ئابوورییە گشتییەکانی ئێرانە، پێکهاتەکان لەبری ئەوەی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ ژیانی مرۆڤ دابین بکەن، فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر ژنان، هەروەها حکومەت کە گەشەی دانیشتووان بەرەوپێش دەبات بەڵام هیچ پشتگیرییەکی بۆ ژێرخانی ئابووری، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، تەندروستی، یان دامەزراندن بۆ ژنان و خێزانەکان نیە، بەوەش وایکردووە دایکایەتی کارێکی مەحاڵ بێت، ئەو ژنانەی کە لە مێژە خەونی منداڵبوونیان دەبینی، ئێستا نەک لەبەرنائومێدی بەڵکو بە هۆی نیگەرانی ئابووری، نائەمنی دەروونی، کۆچی زۆرەملێ، قەیرانی ژینگەیی، نایەکسانی رەگەزی لە بازاڕی کار و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی، بە زۆر دەخرێنە ناو جۆرێک لە "بێدەسەڵاتی زۆرەملێ".

 

لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێراندا زۆرجار ئینکاری ژنان لە دایکایەتی لە جەستەیانەوە دەست پێناکات بەڵکو لەو پێکهاتانە دەست پێدەکات کە سەرەتاییترین مافی ژنانن کە ژنانی لێبێبەش دەکەن، وەک: بڕیاری منداڵبوون یان نەبوونی منداڵ، ئەویش لە ڕێگەی سەرکوتی سیاسی و کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان، نەهێشتنی هەڵبژاردنی زاوزێ، هەژاریی بەربڵاو و بە سیاسیکردنی کایەی تایبەت،  کە وایکردوە دایکایەتی بووەتە گران و ترسناک و هەندێکجاریش مەحاڵ، ئەمەش نەک لەبەر ئارەزووی ژن، بەڵکو بەهۆی ئەو سنووردارکردنە پێکهاتەییانەی کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چواردەیەی ڕابردوودا سەپاندویەتی، لەم چوارچێوەیەدا ژنان نەک وەک چالاکوان بەڵکو وەک قوربانی ئەو بڕیارانە سەیر دەکرێن کە هیچ بەشێکیان تێدا نییە، ئەمەش یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی توندوتیژیی پێکهاتەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاوچەرخدا.