لەناو گەمارۆ و بۆردوومانەکان منداڵانی غەززە هەوڵ بۆ وەرگرتنەوەی مافی خوێندنیان دەدەن
کردنەوەی خوێندنگەی "کامیلیە" لە ڕۆژهەڵاتی غەززە هیوا بۆ هەزاران منداڵ دەگەڕێنێتەوە دوای زیاتر لە دوو ساڵ، کە لە خوێندن بێبەش بوون لە کاتی شەڕێکدا کە ژێرخانی خوێندنگەکانی پەکخست و مافی بنەڕەتی فێربوونی لێ سەندنەوە.
نەغم کەراجە
غەززە- لە ساتێکی بەڕواڵەت نائاساییدا لە نێوان گێژاوی گەمارۆ و وەرینی هەموو لایەنەکانی ژیاندا، خوێندنگەی "کامیلیە" لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە داخستنی تەواوەتی، بڵێسەی پەروەردەی هەڵگیرساندەوە، لە باڵەخانەیەکی وێرانە کە هەشت دەیە لەمەوبەر دروستکرابوو، گۆڕا بۆ شوێنێک کە بنەماکانی منداڵی تێدا وەر کە بەهۆی شەڕەوە دزراون، تێدا ەەربگیرێتەوە، لەناو بەردە کۆنەکانی و نەبوونی هیچ ژێرخانێکی بەرچاوی خوێندنگەکان، دەستپێشخەرییەکی پەروەردەیی لە یەکێک لە مەترسیدارترین بوارەکاندا سەریهەڵدا، هەوڵێک بوو بۆ دەستەبەرکردنی مافی منداڵان بۆ خوێندن و ڕزگارکردنی ئەوەی کە لە داهاتوویەکی نزیکیان دەمێنێتەوە.
دینا ئەبو شەعبان، مامۆستا کە سەرکردایەتی ئەم هەوڵە دەکات، بە دەنگێکی پڕ لە هەستی سەرکەوتن بەسەر بێهیوایدس قسە دەکات و وتی: کردنەوەی خوێندنگەکە پەنجەرەیەک بوو کە تیایدا ڕووناکی نوێ بۆ هەزاران خوێندکار دەڕژا، بە تایبەت ئەوانەی کە دەرفەتی سەرەتایی خۆیان نەبوو بۆ فێربوون لە ساڵانی سەرەتاییدا، ئێمە لە هیچەوە دەستمان پێکرد، کە یەک مێز و تەختە ڕەشمان لە پۆلەکاندا نەبوو، هەموو ئەو شتانەی هەمانبوو، هەندێک پارچە کارتۆن بوون کە ئێمە بۆ وانەوتنەوە بەکارمان دەهێنان، لە کاتێکدا منداڵەکان لەسەر زەوی دانیشتبوون.
هەرچەندە خوێندنگەکە کە لە بەردی کۆن دروستکراوە و مێژووەکەی بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، زۆربەی ئاسانکاری و سەرچاوەی پەروەردەیی تێدا نییە، بەڵام کاریگەرییە دەروونییەکەی لەسەر منداڵەکان دیارە، باڵەخانە نەریتیەکە گواستیانەوە بۆ ژینگەیەکی فێربوونی سروشتیتر، وەک ئەوەی دەستیان بە تارێکەوە بگرن کە ئێستای پشێوی خۆیان بە ڕابردوویەکی جێگیرترەوە دەبەستێتەوە.
دینا ئەبو شەعبان وتی: خوێندنگەکە ڕێوڕەسمەکانی ژیانی خوێندنگەی زیندوو کردووەتەوە کە منداڵەکان لەدەستیان داوە، ئێمە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی خوێندنگە ک ساز دەکەین و یادی بۆنە نیشتمانییەکان دەکەینەوە، کە دوایینیان چالاکت ڕۆژی سەربەخۆیی بوو، ئەم وردەکارییە بچووکانە جیاوازییەکی گەورە لە مۆڕاڵی ئەو خوێندکارانەدا دروست دەکەن کە بە شەڕێکی کراوەدا دەژین.
ئەم خوێندنگەیە تاکە خوێندنگەیە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکەدا کە سەرەڕای مەترسییە بەردەوامەیەکەی کە نزیکە لە پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل و کرینەکانەوە دروست بووە، دەستی بە چالاکییەکانی کردووەتەوە، کە ناوبەناو گوللـە وفیشەک ئاراستەی ناوچەکە دەکەن، سەرەڕای ئەمەش وتی: ئێمە هەموو خولەکێک لە ترسدا دەژین، بەڵام ئیرادەمان سەلماندووە کە بەهێزترین لەم تیرۆرە، منداڵەکانمان شایەنی دەرفەتێکن لە ژیاندا، ڕێگە نادەین جارێکی دیکە مافەکانیان لێ وەربگیرێتەوە.
دینا ئەبو شەعبان و گروپەکەی کە زۆربەیان ژنن، کار لەسەر فراوانکردنی خوێندنگەکە دەکەن بۆ ئەوەی قوتابی زیاتر لەخۆبگرێت، ئەوان پلانی ڕوون پێشکەش بە ڕێکخراوە مرۆییەکان و خێرخوازان دەکەن، بەو هیوایەی کەرەستەی پێویست بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی پەروەردە دەستەبەر بکەن، جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی ژنان کردەوە لە بوژاندنەوەی پەروەردەدا، ئەگەر ئەو ژنانە نەبوانایە کە لە هێڵی پێشەوە وەستابوون و لە توانای خۆیان زیاتر ماندوو بوون، نەماندەتوانی پەروەردە لەم شوێنەدا بگەڕێنینەوە، ژنان لێرە تەنها مامۆستا نین، ئەوان سەرکردە و لایەنگر و ئیلهامبەخشن.
دینا ئەبو شەعبان پێی وایە ئەم هەوڵەی ژنان نموونەی توانای ژنانی فەڵەستینییە بۆ بونیادنانی سیستەمی جێگرەوە لە کاتی داڕماندا کە دامەزراوە فەرمییەکان ئامادەنەبن، ئەم ئەزموونە نەک هەر پەروەردەی گەڕاندەوە، بەڵکو دەریخست کە ژنان هەوێنی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بڕبڕەی پشتی ژیانن لە کاتی شەڕدا.
خەتای ئێمە چییە کە دەبێت ژیانێکی ئاوا سەخت بژین؟
لەناو ئەم دیمەنەدا دەنگی منداڵان سەرهەڵدەدەن، ئەوانەی خوێندگەکانیان وێران بووە، لە ماوەی چارەنووسسازترین ساڵەکاندا بۆ گەشەکردنی زانیاری و سۆزدارییان، مافی خوێندنیان لێ دەدزێت، جوری سەکەر تەمەن هەشت ساڵ لە نزیک یەکێک لە چادرە وێرانەکان وەستاوە، وتی: ئێمە مافی ئەوەمان هەیە وەک هەموو منداڵانی جیهان فێربین، ئێمە دەمانەوێت پۆل و مێزی ڕاستەقینەمان هەبێت لەسەری دابنیشین، نەک لەسەر زەوی، چیمان کرد بۆ ئەوەی شایەنی ئەم ژیانە سەختە بین، بێبەش بین لە پارێزراوی و پەروەردە و یاریکردن؟
لە نزیکەوە منداڵێکی دیکە بەناوی ڕیناد ڕازی کە لە بۆردوومانەکەی ئەم دواییەدا ماڵەکەی لەدەستداوە، وتی: خوێمدنگەم زۆر خۆشدەوێت، خەونیشم بەوەیە ببمە مامۆستا، بێزار بووین لە ئاوارەبوون و ژیان لە نێوان ترس و تۆپبارانەکاندا، ئێمە شوێنێکمان دەوێت کە بتوانین بەبێ دەنگی فڕۆکە فێربین تێیدا، دەمانەوێت هەست بە منداڵیمان بکەین.
ئەم دەنگە گەنجانە کە هۆشیارییەکیان لە دەرەوەی ساڵەکانیان هەڵگرتووە، دەبنە ڕەنگدانەوەی توندی ئەو بۆشاییە پەروەردەییەی کە لە ماوەی دوو ساڵدا کۆبۆتەوە، ئەو منداڵانەی ئەمڕۆ ناویان لە خوێندنگەی کامیلیە تۆمار کردووە نەک هەر بەدوای پەروەردەدا دەگەڕێن، بەڵکو مافی ئاسایش و ئەو شوێنانەشەش کە خەونەکانیان لە داڕمان دەپارێزێت.
"پچڕانەکە جێپەنجە لەسەر گەشەکردنی زانستی بەجێدەهێڵێت"
پسپۆڕانی پەروەردەیی کە لە دەستپێشخەرییەکەدا کاردەکەن وتیان: پەککەوتنی درێژخایەنی پەروەردە کاریگەریی قووڵ لەسەر گەشەی زانیاری و سۆزداری منداڵان بەجێدەهێڵێت، ئەمەش وادەکات دواتر تێکەڵبوونیان بە پۆلە باڵاکانەوە قورس بێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی ئامرازەکانی فێربوونی کارلێککارانە، سەرچاوە و چالاکییەکان کە بنەڕەتین بۆ گەشەکردنی کەسایەتی منداڵ و متمانە بەخۆبوونی، لەم جۆرە هەلومەرجەدا دەستپێشخەرییەکانی ژنان لە کەرتی پەروەردەدا دەبنە بەردی بناغەی ڕزگارکردنی کۆمەڵگە نەک تەنها هەوڵی تاکەکەسی.
لە خوێندنگەی کامیلیە ژنان وەک پردێک لە نێوان ئێستا و داهاتوودا کاردەکەن و لە یەک کاتدا ئەرکی پەروەردەیی و ڕێکخراوەیی و کارگێڕی ئەنجام دەدەن، ئەوانن کە پۆلەکان نۆژەن دەکەنەوە و حەوشەکان ئامادە دەکەن و بەردی کۆن ڕێکدەخەنەوە بۆ ئەوەی ڕێڕەوی پارێزراو دروست بکەن، لە ڕێگەی خۆپەروەردەییەوە قەرەبووی کەمی کارمەندانی مامۆستایان دەکەنەوە و لە نەبوونی ئامرازی نەریتیدا شێوازی وانەوتنەوەی جێگرەوە دادەڕێژن، سەرەڕای هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی ئاوارەبووندا بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ڕۆڵی خێزانی خۆیان.
ڕەتکردنەوەی خوێندن بۆ منداڵانی غەززە بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک پێشێلکردنی ئاشکرای پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە کە مافی منداڵەکە بۆ فێربوونی بێ پچڕان مسۆگەر دەکەن- مافێک کە لە هیچ بارودۆخێکدا ناتوانرێت سازشی لەسەر بکرێت، هەروەها بەردەوامی داخستنی خوێندنگەکان و وێرانکردنی دامەزراوە پەروەردەییەکان و گۆڕینی هەندێکیان بۆ پەناگە یان سەربازگە، بۆشاییەکی گەورەی زانستی دروستکردووە کە بە ئاسانی پردێکیان بۆ دروست نابێت و هەزاران منداڵ لە گەشەسەندنی ئاسایی دەروونی و هزری و کۆمەڵایەتی خۆیان لە ڕێڕەو دەرچوون.
ئەمە چیتر تەنها پچڕانێکی کاتی پرۆسەی پەروەردەیی نییە، بووەتە سیاسەتێکی پەککەوتوو کە توانای منداڵان بۆ بونیادنانی داهاتوویان تێکدەدات و هەڕەشە لە تەواوی نەوەیەک دەکات بە لەدەستدانی کارامەیی بنەڕەتی کە بەردی بناغەی هەر کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندووە، لە نەبوونی پاراستنی نێودەوڵەتی کاریگەردا، منداڵان باجێکی قورس دەدەن: لەدەستچووی ساڵانی خوێندن و وەرینی دەرفەتەکانیان بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان، ئەمەش پێویستی بە کردەوەی بەپەلە هەیە بۆ گەڕاندنەوەی مافی پەروەردە وەک مافێکی بنەڕەتی مرۆڤ، کە لە مافی منداڵ بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە و ئاسایشی دانەبڕاوە.