لەمیا ئۆسی دوای ٣٢ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا

لەمیا ئۆسی، تێکۆشەری تەڤگەری ئازادی کوردستان دوای خەباتی ٣٢ ساڵە لەناو دیوارەکانی زیندان لە زیندانەکانی تورکیا ئازاد کرا ، کە چیرۆکی تێکۆشان و ئازادیی لە چاوی خۆیدا هەڵگرتبوو.

شیرین محەمەد

 

حەلەب- دوای زیاتر لە سێ دەیەی زیندانیکردن لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیا، دەسەڵاتدارانی تورکیا لەمیا ئوسی، تێکۆشەری تەڤگەری ئازادییان ئازاد کرد، وتی: "ئازادی لە سەبر و خۆڕاگری ژنانەوە سەرچاوە دەگرێت".

 

لەمیا ئۆسی، خەباتکاری ئازادی لە ساڵی ١٩٩٤، لە تەمەنی ٢١ ساڵی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە زیندانیکراوە، لە ماوەی زیندانیکردنیدا لە نێوان چەند زیندانێکی تورکیادا گواستراوەتەوە، لەوانە سیرت، ئامەد، سیواس، شەقرانە، ئێستاش لەمیا ئۆسی تەمەنی ٥٣ ساڵە، دوای ٣٢ ساڵ لەمیا لە زیندان ئازاد کرا، هەروەها ڕۆژی ٢٤ی تشرینی یەکەم ،دانیشتوانی گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود بە هاوارێکی ئاهەنگگێڕانە پێشوازییان لێکرد، دواتریش بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لە زیندان و هەروەها ئەزموونی ژنانی زیندانیانی دیکە.

 

لەمیا ئۆسی ئاماژەی بەوەشکرد، لەساڵی ١٩٩٤دا کۆمەڵگەی کوردی دەستیکرد بە گەشەسەندکردنی خێرا ئەویش لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی ژنان و فراوانبوونی ئاسۆکانیان لەکوردستاندا، لەکاتی دەستگیرکردنیدا ، ١٠ لە هاوڕێیانی بە ژن و پیاو لەگەڵیدا دەستگیرکراون و کۆی گشتیی دەستگیرکراوانیش لە نێوان ٦٧ بۆ ١٠٠ کەسدا بوون، کە هەندێکیان بەم دواییە پەیوەندییان بە تەڤگەری ئازادییەوە کردبوو، هەندێکیدیکەشیان لەگەڵیدا دەستگیرکران لەڕێگەی بەرەو چیاکانی کوردستان.

 

سەرەتا لە زیندانی سیرت ڕاگیرا، دواتر دادگایی کرا و لەگەڵ ٢٠ ژنی دیکەدا گواسترایەوە بۆ زیندانی ئامەد، دوو ساڵ لە وێ مایەوە، ژمارەی ژنان لە زیندانەکەدا لە ژمارەی پیاوان زیاتر بوو، سیاسەتی دەوڵەتی تورک ستەمکارانە بوو، بە ئامانجی شکاندنی ئیرادەیان وەک ژنی یاخیبوو، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە ئامانجەکەی نەگەیشت، تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنە زیندانیکراوەکە نەرێنی نەبوو، بە پێچەوانەوە بە هێمای ئازادی و بەرخۆدان و خۆڕاگری و سەرچاوەی هێز و ئیرادە دادەنرا.

 

 

''زیندانی سیواس: کۆماری ژنان''

دوای مانەوەی دوو ساڵ لە زیندانی ئامەد دادگایی کرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی سیواس کە بە "کۆماری ژنان" ناسراوە، بەهۆی زۆری ژمارەی زیندانیانی ژنەوە، وتی: لە ماوەی دەستبەسەرکردنمدا لەوێ، من و ژنان گروپێکمان پێکهێنا بۆ درێژەدان بە خەبات و ئایدۆلۆژیامان، ئێمە خوێندنەوە و گفتوگۆمان کرد و ستراتیژیەتمان داڕشت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی چالاکی و خەباتی خۆمانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورکیا بە تاکتیک و سیاسەتی سەرکوتگەرانەی خۆی بەرپەرچی چالاکییەکانی ئێمەی دایەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و نادادپەروەرییەی بەهۆی سیاسەتی زیندانیکردنی دەوڵەتی تورکیا بەسەرماندا هات، ئێمە بە پێی ئایدۆلۆژیای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان خۆمان خولی پەروەردەی و پەرەپێدانمان دەکرد، هەروەک چۆن هەڤاڵەکانمان لە چیاکانی کوردستان خۆیان پەروەردە دەکەن.

 

''ئایا پەشیمانن؟"

هەندێک جار دەسەڵاتدارانی تورکیا پرسیاریان لە زیندانیانیان دەکرد، چ ژن و چ پیاو، سەبارەت بەوەی ئایا پەشیمانن لە پەیوەندیکردنتان بە تەڤگەری ئازادییەوە؟ ئەگەر پەشیمان بن، ئەوا ئازاد دەکرێن، بەڵام لەمیا ئۆسی و هەڤاڵانی لە دۆزی خۆیان و ئایدۆلۆژیایان بە چەقبەستوویی مانەوە و درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا، وتیشی: تەلەفزیۆنەکە دادەگیرسێنن و ڤیدیۆ و بەرنامەمان پیشان دەدەن کە ئەو بیرۆکەیە دەگەیەنن کە تاڤگەری ئازادی کۆتایی هاتووە، ئەمەش جۆرێک لە شەڕی دەروونی بوو، کە بە تایبەتی لە دژی ئێمە بەکارهێنرا بۆ شکاندنی مۆڕاڵ و ئیرادەمان بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بتوانێت بە ئامانجەکانی بگات.

 

"پەرشوبڵاوی گروپەکە ئامرازێکە بۆ لاوازکردن و سەرکوتکردنی"

دوای زیندانی سیواس، لەمیا ئۆسی و سەرجەم ئەندامانی گروپەکەی بۆ زیندانە جیاوازەکان گوازرانەوە، وە ڕوانگەی ئەوان ئەوە بوو کە کاتێک ژمارەی هەڤاڵان کەم بێت، شکاندن و سەرکوتکردنیان ئاسانتر دەبێت، دوای ئەوەی نزیکەی ١٠٠ کەس لە هەر خانەیەکدا بوون، تەنها ٢٠ کەس لە هەر خانەیەکدا دانران، وتی: هەوڵیان دا بیر و ئایدۆلۆژیامان تێکبدەن، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی ئێمە زۆر قووڵە و ناتوانرێت لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ڕەگەوە هەڵکەندرێت.

 

"زیندانی شەقرانە"

دوای ساڵی ٢٠١٠ گواسترایەوە بۆ زیندانی شەقرانە لە ئیزمیر و ژمارەی زیندانییەکان لە هەر ژوورێکدا بۆ ١٢ کەس کەمکرایەوە، وتیشی: لێرەوە، لە پشت مێزی دادگا، بە تایبەتی سەرنجمان خستە سەر خەبات و هێزی ژنان، هەروەها چۆنیەتی پشتیوانی و پەرەپێدانی خەباتی ژنان، تا ئەمڕۆش خەباتی ژنان لە زیندانەکاندا بەردەوامە، چونکە ئازادی لە ئارامی و بەرخۆدانی ژنان لە دایک دەبێت

 

"ئێوە لە کورد دەترسن"

لەمیا ئۆسی ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵ بەبیر دەهێنێتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستگیرکرابوو، لێیان پرسی: لە تەمەنی خۆتدا، بۆچی پەیوەندیت بە تەڤگەری ئازادییەوە کردووە؟ لە وەڵامدا وتی: چونکە من کوردم، ئێوەش لە کورد دەترسن، ئێمەی ژن زۆر باش دەزانین چۆن پلان دابنێین و ڕێگای ئازادی ببڕین.

 

لەمیا ئۆسی٣٢ ساڵ زیندانی کرا و ئێستاش تەمەنی لە سەرووی ٥٠ ساڵەوەیە، بەڵام لەگەڵ هەڤاڵانی بەردەوامن لە تێکۆشانیان بۆ گەلی کورد لە پێناو ئازادی بۆ هەمووان بە ژنانیشەوە.