خوێندنەوە، ڕێگایەک بۆ ڕۆشنکردنەوەی ژیانی گەنج

ئاستی خوێندنەوە و خودڕۆشنبیرکردنی گەنجان لە ئاستێکی لاوازدایە، بەهۆی نەبوونی کلتوری خوێندنەوە و خراپی سیستمی پەروەردە و خێزان کتێبخانەکان چۆڵن و گەنجان تێکەڵ بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەرقاڵی کاری بێسوود دەبن کە کاتەکانیان بەفیڕۆ دەدات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- گەنج لە کۆمەڵگەی کوردیدا تا ئاستێک خودی خۆی ون کردووە، نازانێت باشترینەکان بۆ ئەو وەک گەنجێک چییە تا ئەنجامیان بدات، ژاوەژاوی جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەبوونی قەیرانە یەک لە دوایەکەکان بووەتە هۆکارێک کە زۆرینەی گەنج ڕێگای دروست هەڵنەبژێرن کە بەرەوپێشچوونی خۆیانە لە ڕووی فکر و ڕۆشنبیرییەوە کە بە خوێندنەوە دەکرێت، بەڵکو زیاترین کاتەکانی خۆیان بە خەو بەسەربردنی کاتی خۆشی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەردەبەن.

 

نەبوونی کتێب خوێندنەوە وەک کلتورێک و پێویستییەکی ژیان گەنجی گەیاندووەتە ئەو ئاستەی ئێستا و بەشێکیان تەواو بێهیوابوون لەو ژینگە و ژیانەی تیایدان، بەڵام ئەوەی پێویستە بزانرێت گرنگی و هەڵبژاردنی ئەو کتێبانەیە کە خوێنەر هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی خودی خۆی و ژیانی لەسەر بونیادبنێت.

 

"ڕێژەیەکی کەم لە گەنجان دەخوێننەوە"

سیا جەزا، خوێنەر و ڕاگەیەندکار، باس لەوە دەکات، خوێندنەوە لە ئێستا بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە لای کۆمەڵێک گەنج کە ئەمەش بە توانای خۆیان بووە، چونکە ئەو پایانەی لە کۆمەڵگەی کوردی ئەرکی بڵاوکردنەوە و ئاشناکردنی خوێندنەیان هەیە بە گەنج و مرۆڤ ئەرکی خۆیان بە تەواوی جێبەجێنەکردووە و کەموکورتیان هەیە وەک خێزان، سیستمی پەروەردە و تۆڕی کۆمەڵایەتی.

 

ئەگەر خوێندنەوەی کتێب نەبێتە کلتورێک کۆمەڵگە بە گشتی و گەنجان بە تایبەت زەرەرمەند دەبن، هەریەک لەو پایانەی ئەرکیانە هۆشیاری بڵاوبکەنەوە پێویستە تێبگەن لەوەی خوێندنەوە خۆراکی مرۆڤە، سیا جەزا وتی: وتەیەک هەیە کە دەڵێت، ماسی مەیە بە هەژار بەڵکو فێری ماسیگرتنی بکە، بۆیە هاندانی منداڵان و گەنج بۆ خوێندنەوە و فێریکردنیان بونیادنانی داهاتوویانە و کردنەوەی دنیایەکی نوێیە بە ڕوویاندا.

 

گەنج گرنگی بە خوێندنەوە دەدات؟

لە وەڵامدا سیا جەزا ڕوونیکردەوە کە جیهانی خوێندنەوە جیهانێکی تایبەت و گرنگە بۆیە کاتێک گەنج دەخوێنێتەوە، پێویستە ژینگەیەکی جیاواز بۆخۆی دروستبکات و ڕێگری بکات لەو جەنجاڵی ژیانەی لە دەرەوە و کۆمەڵگەدا ڕوودەدات، بەڵام گەنج لە ئێستادا لە بەرامبەر خوێندنەوەدا پاشەکشەی کردووە تەنها ڕێژەیەکی دیاریکراو نەبێت ئەویش هۆشیاری خۆیان وایکردووە لە گرنگی خوێندنەوە تێبگەن.

 

ئاماژەی بەوەدا، لە کۆمەڵگەی کوردی لە جێگەی ئەوەی خوێندنەوە ببێت بە کلتور و بنەمای ژیان، بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و کۆمەڵێک شتی دیکە بووەتە کلتور یاخود لای منداڵان کە دایکان و باوکان ڕاستەوخۆ ئامێرەکانی ئەلەکترۆنیان بۆ دەکڕن و سەرقاڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکەن.

"هەمووان دەڵێن ژیان بچووک بووەتەوە و پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە کە دەتوانین لە ڕێگای مۆبایلەکانمانەوە بە زۆر شت بگەین، بەڵام بە پێچەوانەوە هێندەی کتێب کە کاریگەری دروستدەکات و سودی باشی هەیە هێندە سۆشیاڵ میدیا و دنیای تەکنەلۆژیا سودی نییە"

 

"خوێندنەوە دەتگەیەنێتە ئەو کەسایەتییەی خۆت دەتەوێت"

وەک خوێنەرێک باسی لەوەکرد کە دەتواندرێت لە ڕێی خوێندنەوەوە بە زۆر شت بگەیت و بە ئامانجەکانت بگەیت لەو بوارەی کە خۆت دەتەوێت، هەروەها دەتوانیت زانیاری جیاواز کۆبکەیتەوە و شارەزایی پەیدابکەیت لە مێژووی شوناسی خۆت و وڵاتانی جیهان.

 

"کاتێک منداڵێک لە منداڵییەوە دەخوێنێتەوە، سەرەتا بە چیرۆک و کتێبی ئاسان دەستپێدەکات دواتر کە گەورە دەبێت دەتوانێت کتێبی فکری و ئاڵۆز بخوێنێتەوە، بەڵام کەسێک کە هەرگیز نەیخوێندۆتەوە ناکرێت سەرەتا بە کتێبێکی فکری دەستپێبکات، بەڵکو دەبێت بزانێت ئاستی خۆی لە کوێدایە و بە پێی ئاستی خۆی بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی بێزار نەبێت لە خوێندنەوە"، سیا دەشڵێت: هەر کەسێک بەهانەی هێنایەوە بۆ نەخوێندنەوەی کتێب واتە خۆی ویستی نییە، ئەگەر نا بەهانەکەی بێ بنەمایە چونکە کەسێک ویستی خوێندنەوەی هەبێت هێچ شتێک ڕێگری لێناکات.

 

"خراپی سیستمی پەروەردە، خوێندن و خێزان خوێندنەوەی نەکردووەتە کلتور"

ئەو خوێنەرە ئاماژەی بەوەکرد، سیستمی پەروەردە، بیرکردنەوەی خێزان لە بنەڕەتەوە وایکردووە کە منداڵ و گەنج فێری خوێندنەوە نەبن، کاتێک کتێبەکانی پڕۆگرامی خوێندن ببنە ئەرک و بارگرانی بۆ سەر منداڵان و گەنج بێگومان کتێبی دیکە لەبەرچاوی کەسەکە دەخات و وایلێدەکات خۆشەویستی نەبێت بۆ خوێندنەوە، "گەنج خودی خۆی کتێبێکی باش هەڵبژێرێت بۆ خوێندنەوە و هەوڵبدات لەگەڵ کەسایەتی خۆیدا بیگونجێنێت، دواجار خوێندنەوە دەبێتە بەشێک لە ژیانی کەسەکە و ناتوانێت واز لە خوێندنەوە بهێنێت".