"هونەر بۆ من شتێکی چێژبەخش نییە، بەڵکو بەرخۆدان و خۆڕاگرییە"
هونەرمەند سارا سەعدە دەڵێت: ڕەنگە ژیانمان پڕ بێت لە کارەسات، بەڵام من باوەڕم وایە کە هونەر توانای گۆڕینی هەیە، من بەردەوام دەبم لە وێنەکێشان، نەک تەنها بۆ غەززە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ناو ئازارەکاندا بەدوای هیوادا دەگەڕێن.
نەغم کەراجە
غەززە- لە گۆشەیەکی بچووکی ناو یەکێک لە کوچەکانی کامپەکانی کەرتی غەززە، لەناو کەشێکی زاڵی سەختی ژیان و کەمی ساماندا، سارا سەعدە دانیشتووە کە هێشتا نەگەیشتووەتە تەمەنی ١٨ ساڵ بە وردی کار لەسەر پارچە قوماشێکی سپی دەکات کە گۆڕاوە بۆ تابلۆیەکی پڕ لە ڕەنگ، بەهرەی وێنەکێشانی ئەو تەنها ئامڕازێکی دەربڕین نەبوو، بەڵکو بووە چەکێک کە لە ڕێگەیەوە تیشک دەخاتە سەر ئازارەکانی نیشتمانە گەمارۆدراوەکەی، و بابەتەکانی ئازاری فەلەستینی بەڵگەدار دەکات، کە ژنان و منداڵان لە کەرتی لێدراودا ئەزموونی دەکەن.
سارا سەعدە دوای ڕۆژێکی درێژ لە شوێنی کارەکەی دەستە تۆزاوییەکانی سڕییەوە و وتی: نەمدەویست تەنها تەماشاکەرێک بم بۆ ئەو شتانەی لە دەوروبەرمدا ڕوودەدەن، هەستم دەکرد دەنگێک لەناومدا هەیە کە دەیەوێت باسی ئەو کەسانە بکات، باسی ئازارەکانی ڕۆژانەیان بکات، باسی ئەو ژنانە بکات کە منداڵەکانیان لەدەستداوە، باسی ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی منداڵیدا بێبەش بوون لە ژیان، هەروەها باسی ئەو ڕۆژنامەنووسانە بکات کە گیانیان بەخت کردووە تا ڕاستییەکان بگەیەنن.
لەکاتێکدا بیری لە یەکێک لە تابلۆ کێشراوەکانی ئەم دواییەی دەکردەوە وتی: هونەر بۆ من تەنها شتێکی چێژبەخش نییە، بەڵکو بەرخۆدان و خۆڕاگرییە.
داهێنان لە سکی بێبەشییەوە
چیرۆکەکەی کاتێک دەستیپێکرد کە خۆی بینی ناتوانێت ئامرازی هونەری نەریتی بەدەستبهێنێت، کە بۆ ئەو شتێکی گرانبەها بوون کە لە ژینگەیەکی گەمارۆدراو بە قەیرانەکاندا بەدەست نەدەهێنرا، بە غەمگینییەوە باسی کردو وتی: سەرەتا ویستم لەسەر دیوار یان پەیکەر وێنە بکێشم، بەڵام زۆربەیان لێرە وێرانن و ئامرازەکانی دۆزینەوەیان ئەستەمە، بۆیە بڕیارمدا بەدوای شتێکی سادە و بەردەستدا بگەڕێم، تەنانەت ئەگەر کۆنیش بووبێت، هەنگاوی یەکەم کڕینی قوماشی سپی بوو لە بازاڕ، بە باشی دەمشۆرد بۆ ئەوەی لە تۆز و پیسی ڕزگارم بێت، ڕۆژێکی تەواو چاوەڕێی وشکبوونەوەیم دەکرد. دوای ئەوە بە بەکارهێنانی پارچە دارێکی بچووک کە بە دەست چاکم دەکرد، لێوارەکانیم پێوانە دەکرد، ئەرکەکە ئاسان نەبوو، بەو پێیەی هەموو شتێک بە شێوەیەکی سەرەتایی ئەنجام دەدرا.
سارا سەعدە بە پێکەنینێکی شانازییەوە ئاماژەی بەوە کرد: ڕەنگە کەرەستەکان ئایدیاڵ نەبووبن، بەڵام هەستم دەکرد بەشێک لە ڕۆحی شوێنەکە و ئازارەکانی هەڵگرتووە، ئاڵەنگارییەکان بەوەوە نەوەستا، چونکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بوومەوە لە دابینکردنی ڕەنگەکاندا، چونکە زۆربەی جۆرەکانی ڕەنگی هاوردەکراو گران بوون و لە بازاڕدا بەردەست نەبوون، هەوڵمدا خەڵوز بۆ وێنەکێشان بەکاربهێنم، بەڵام گران بوو، لە کۆتاییدا بیرم لەوە کردەوە کە پارچە دارە بچووکەکان بسوتێنم بۆ ئەوەی بیانگۆڕم بۆ خەڵوزی ڕەش و لێرەوە دەستم کرد بە دروستکردنی ڕەنگەکانم بە دەستی خۆم.
دیمەنی کچێک کە دار دەسوتێنێت و دەیکاتە کەرەستەی هونەری، لەناو کەشێکی دوکەڵ و خۆڵەمێشدا، ڕەنگدانەوەی پێداگرییەکەی بوو لەسەر گۆڕینی ئازار بۆ داهێنان، تابلۆگەلێک کە هەڵگری ئازاری ژن و منداڵن.
سارا سەعدە لە ڕێگەی تابلۆکانییەوە توانی ڕاستییەکی تراژیدی بەرجەستە بکات کە فەڵەستینییەکان ڕۆژانە تێیدا دەژین، بەتایبەتی ژنان و منداڵان کە پشکی شێری ئازارەکان هەڵدەگرن، لە یەکێک لە تابلۆ کاریگەرەکاندا، ژنێکی کێشاوە کە دەگری لەکاتێکدا منداڵەکەی لە باوەش گرتووە کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا گیانی لەدەستداوە، خوێن دەموچاوە بچووکەکەی داپۆشیوەم ئەو بە هەستێکی ڕوون لەکاتی ئاماژەدان بە تابلۆکە وتی: زۆرجار ئەم دیمەنەم لە کامپەکەدا بینیوە، دایکانێک کە هەموو شتێکیان لەدەستداوە، منداڵەکانیش کە ژیان یارمەتی نەداون بۆ تێگەیشتن لە واتای منداڵییان.
لە تابلۆیەکی دیکەدا ئازاری زیندانیانی فەلەستینی لە ڕێگەی ژنێکی ماندووەوە کە لە پشت مێزی زیندانەوە دانیشتووە بەرجەستە کردووە، باسی ئەم تابلۆیەی کرد و وتی: ویستم نیگای ماندوێتی لە چاوەکانیدا بگەیەنم، تەنها نیگایەکی خەمناک نییە، بەڵکو تێکەڵەیەک لە هیوا و نائومێدی، هێز و شکست، هەموو زیندانییەکی ژن لێرە هەڵگری چیرۆکێکە، و هەموو نیگایەک جیهانێکی ئازار لە پشتیەوە دەشارێتەوە.
شایەتحاڵی قوربانیدانی تیمەکانی ڕۆژنامەگەری
سارا سەعدە لەبیری نەکرد ڕێز لە ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی بگرێت کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان، یەکێک لە تابلۆکان ئازارەکانی ڕۆژنامەنووس فادی واحیدی بەڵگەدار کردووە کە لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی کامپی جەبەلیا بە سەختی بریندار بووە و تا ئێستاش لەناو بانگەوازەکانی جیهان بۆ ڕزگارکردنی خەبات دەکات بۆ مانەوە، ئەو لەکاتی نمایشکردنی تابلۆکەدا وتی: مامۆستا فادی لەو کاتەی لە بەشی چاودێری چڕدا بوو، نیگارم کێشا، چونکە بۆ من نوێنەرایەتی دەنگێک دەکات کە ناتواندرێت بێدەنگ بکرێت، ڕۆژنامەنووسانی ئێرە ژیانی خۆیان بەخت دەکەن بۆ بەڵگەنامەکردنی ڕاستییەکان، ئەمەش کەمترین شتە کە بتوانم بیکەم بۆ ڕێزلێنان لێیان.
هونەر وەک پەیامێکی جیهانی
چادرە بچووکەکەی سارا سەعدە گۆڕاوە بۆ گەلەرییەکی هونەری کراوە بەڕووی شەقامەکەدا، کە چوارچێوە کانڤاسە نیگارکێشراوەکانی تێیدا ڕیزکراون بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی تەواوی نەتەوەیەک، زۆرێک لە ڕێبواران دەوەستن بۆ دەربڕینی سەرسامی خۆیان بۆ پشتگیریکردن لە بەهرەی ئەم گەنجە.
ئەو بە زەردەخەنەیەکی پڕ لە شانازییەوە وتی: کاتێک دەبینم خەڵک لەبەردەم تابلۆکانمدا دەوەستن و کاریگەری ئەو شتانەیان لەسەرە کە نیگارم کێشاوە، هەست دەکەم بەشێک لە پەیامەکەم گەیاندووە، دەمەوێت دەنگمان بگاتە جیهان.
ڕێگای سارا سەعدە بە گوڵ قیرتاو نەکرابوو، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، توانی سەختییەکان بکاتە دەرفەت، و لە بەهرەی وێنەکێشان سوود وەربگرێت بۆ گەیاندنی ئازارەکانی گەلەکەی.