"ژن تیڤی تاکە میدیا بووە کە ژنان بە ئازادی تیایدا دەرکەوتوون"
دڵسۆز زەنگەنە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان خستەڕوو، ئاماژەی بەوەدا، ژن تیڤی تاکە میدیای چالاکە کە هەموو ژنان و چالاکوانان و سیاسییەکان توانیویانە دەنگی ڕاستەقینەی خۆیانی لەڕێگەیەوە بگەیەنن.
دیدار شەهلا
سلێمانی- ڕۆژی ۳۱ ی کانوونی دووەمی ۲۰۲٤، لە کۆتا ڕۆژی ساڵدا، ئاسایشی سلێمانی، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و وەک خۆیان دەڵێن بە بڕیارێک لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، هەڵیکوتایە سەر چەند کۆمەڵێک دەزگا و لە ناویشیاندا کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بۆ بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی سنوردار لە باشووری کوردستان، کە ماوەی حەوت ساڵە بەرهەمی میدیایی بۆ ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بڕیارەش ڕۆژی ۲ ی کانوونی یەکەمی۲۰۲٥، لەلایەن کۆمپانیای گزنگی بەربەیانەوە، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە چالاکوانان و میدیاکاران و ڕۆشنبیران، لە سەننەری میترۆ لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا و چالاکوانانیش پشتیوانییان لە کۆمپانیای گزنگی بەربەیان کرد.
دڵسۆز زەنگەنە، چالاکوان، دەربارەی هەوڵەکان بۆ داخستنی چەند دام و دەزگایەک و بەتایبەت ژن تیڤی، پێویوابوو ئەمە پێشێلکارییە بەرامبەر بە ژنان و ڕۆشنبیریی شارەکە و ئازادی ڕادەربڕین و وتیشی: بێگومان ئەمە دەستێکی دەرەکی داگیرکەرانی لەپشتە و لە هەمانکاتیشدا ترسانە لە دەنگ و ڕەنگی ژنانی ئازاد، وەک دەزانین ژن تیڤی تاکە میدیای چالاکە کە هەموو ژنان و چالاکوانان و سیاسییەکان توانیویانە دەنگی ڕاستەقینەی خۆیانی لەڕێگەیەوە بگەیەنن، بۆیە دەسەڵات ناتوانێت ئەوە قبوڵ بکا کە ژنان بتوانن دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی خۆیان بگەیەنن و دەیەوێت ژنان کۆیلە بن، هەروەها ئەوەمان بیرنەچێت کە ئەم تیڤییە بەردەوام ئاشکراکەری هەوڵە داگیرکارییەکانی داگیرکەران بووە لە پارچەکانی تری کوردستان و باشوری کوردستان، بۆیە دەیانەوێت، تاکە کەناڵ کە ژنان دەیانتوانی بە ئازادانە دەنگی خۆیانی لەڕێوە بگەیەنن، نەهێڵن و دایبخەن.
"با شاری ڕۆشنبیری نەبێ بە شاری دیکتاتۆری"
هەر لە چواچرێوەی ئەم بابەتە و هەوڵە داگیرکارییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بە ئامانجگرتنی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا وتی: لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا، یەکەم شت کە هەوڵی بۆ درا و دەستی بۆ بردرا ژنان بوو، ئەمە ئەوە دەردەخات کە داگیرکەران چەند لە ژن و بەتایبەت ژنی ئازاد دەترسن، دەبێت کورد بەرامبەر داگیرکارییەکان یەک دەنگ و هەکهەڵوێست بێت و بێدەنگ نەبێت، ژن تیڤی بە دیدێکی ژنانەوە کاری بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان کردووە، بۆیە وەک چالاکوانێک ئیدانەی هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی کاری ئەم تیڤییە دەکەم و بەزووترین کات پێویستە بڕیارەکە لاببرێت، سلێمانی شاری ئازادی و ڕۆشنبیرییە و با شاری ڕۆشنبیری، نەبێ بە شاری دیکتاتۆری.