لە مانگی ئایاردا حەوت ژن کوژراون؛ هیچ ڕێکارێک ناگیرێتە بەر

کوشتنی ژنان تا دێت زیاد دەکات، تەنها لە مانگی ئایاریشدا حەوت ژن بەهۆی بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆمەڵگەی دواکەتوودا کوژراون و توندوتیژیان بەرامبەر کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هیچ مانگێک تێپەڕ نابێت ژن تیایدا نەکوژرێت و بەردەوام ڕێژەکەی لە زیادبووندایە، هۆکارەکانی بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، چەکی بێ مۆڵەت و دروستکردنی تۆمەتە بۆ ژنان، کە وایکردووە ڕێژەی کوشتنی ژنان و توندوتیژییەکانی سەریان بەرز ببێتەوە، یاساش نەیتوانیوە ڕێگری لێبکات، چونکە یاسایەکی تۆکمە نییە بۆ سزادانی تۆمەتباران. 

 

کوشتنەکانی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا بە پاککردنەوەی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی بێدەنگەیان لێدەکرێت، هەندێکی دیکە لە کوشتنەکان بە گوماناوی دەمێننەوە و بە کوشتنی بە هەڵە و خۆکوشتن بەناو دەکرێن، لە مانگی ئایاردا کوشتنی ژنان بەمشێوەیە بوو؛

 

ئاکرێ

لە بەرواری ٨ی ئایاردا، ژنێکی گەنج لە ئاکرێ بە گوماناویی گیانی لەدەستدا، لە پاش لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوەکراوە، لە گوندی کێلەسپی ئاکرێ، لەکاتی پاککردنەوەی چەکدا برایەک بە هەڵە خوشکەکەی خۆی کوشتووە، ژنە گەنجەکە تەمەنی ٢٦ ساڵ بووە و لەکاتی پاککردنەوەی چەکەکەدا لە نزیک براکەیەوە بووە. 

 

کەرکوک

لە بەرواری ١٠ی ئایاردا، باوکێک دەستڕێژی گولـلە دەکاتە سەر منداڵە کچەکەی کە تەمەنی ٧ ساڵانە و بە سەختی برینداری دەکات، تاوانەکە لە گەڕەکی دۆمیزی باشووری شاری کەرکوک ڕوویداوە کە باوکەکە لە دۆخی "سەرخۆش"ی لەژێر کاریگەری ماددەی کهولیدا تەقەی لە منداڵێکی کچەکەی خۆی کردووە.

 

ڕاپەڕین

لە بەرواری ١١ی ئایاردا،کچێکی تەمەن ١١ ساڵ لەلایەن باوەژنی و خوشکی باوەژنی لە روباری زێی بچوک خنکێنراوە، هەردوو تۆمەتبارەکەش دەستگیرکراون، پاش لێکۆڵینەوە دەرکەتووە خوشکێکی ژنەکە، کە تەمەنی ١٥ ساڵە و دانی ناوە بەوەی لەسەر راسپاردەی خوشکەکەی، کچەکەی بردووە بۆ زێی بچوک لە خاسە، بەگەیشتنیان بۆ ئەو شوێنە لە قەراخ ئاوەکە پاڵی بەکچەکەوە ناوە و کەوتوەتە ئاوەوە و خنکاوە.

 

کۆیە

لە بەرواری ١٧ی ئایاردا، لە شارۆچکەی کۆیە، پیاوێک دەستڕێژی گولـلەی لە خێزانەکەی کرد و چوار کەسی کوشت، کە سیانیان هاوژین و دوو کچی خۆی بووە، کوڕەکەشی بریندار کردووە.

ڕووداوەکە لە گەڕەکی ئازادی لە کۆیە تۆمەتبار ( ڕزگار قادر ڕەسوڵ ) کە پیشەی پێشمەرگەی خانەنشینە لە ئەنجامی دروستبونی دەمەقاڵێ هەستاوە بەکوشتنی هەریەک لە هاوسەری و دوو کچی و کوڕێکیشی بریندار دەکات، هەروەها دوکاندارێکی دراوسێی دەکوژێت.

 

گەرمیان

لە بەرواری ٢٢ی ئایاردا لە گەڕەکی کەلاری کۆنی شارۆچکەی کەلاری منداڵێکی کچ بە ناوی "ماریا ئیسماعیل"، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٩ ، بە گوماناویی گیانی لەدەستدا، لە پاش لێکۆڵینەوە ئەو منداڵە کچە لەگەڵ برا حەوت ساڵانەکەی، ناکۆکی لەنێوانیاندا دروستبووە و هەوڵی خۆکوشتنی داوە، لەکاتی گەیشتنیشی بە نەخۆشخانە بەهۆی خراپی دۆخی نەتوانراوە وتەی لێ وەربگیرێت و گیانی لەدەستداوە.