"ئازادی ڕێبەر ئۆجالان کلیلی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ژنانە"

وڵاتانی زلهێز لە بیری ڕێبەری کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەترسن، بۆیە لە ترسی بڵاوبوونەوەی فکرەکەی و یەکگرتنی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستگیریان کرد، بەڵام نەیانتوانی لەبەردەم بیری ئەودا بوەستن، وەک ئەو دروشمەی ژن، ژیان، ئازادی کە بووەتە دروشمێکی جیهانی.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- حەمرین عەلی، هاوسەرۆکی هێزی ناوخۆ لە ناوچەی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دووپاتیکردەوە کە ئازادی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کلیلی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ژنانە، هەر بۆیە وڵاتانی سەرمایەداری لە ئایدۆلۆژیای ئەو دەترسن و گۆشەگیرییەکی توندیان بەسەردا سەپاند.

 

"ڕێبەری گەلی کورد بۆ ڕزگاری فکری ژنان هەمیشە خەباتی کردووە"

حەمرین عەلی ئاماژەی بەوەکرد، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەمیشە لەگەڵ بیرۆکەی ڕزگارکردنی ژنان لە کۆمەڵگەکاندا خەباتی کردووە و بەهۆی بیرکردنەوە و فەلسەفەی ئازادەوە لەلایەن دەسەڵاتە سەرمایەدارییە باڵادەستەکانەوە دەستگیرکراوە، کە بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەیە، وڵاتە باڵادەستەکان هەمیشە هەوڵی گۆڕینی ڕاستی کۆمەڵگەکان و دوور خستنەوەیان لە مافەکانیان دەدەن، وڵاتە باڵادەستەکان لە بیری ڕێبەر ئۆجالان دەترسن، چونکە دەزانن کلیلی چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەوڵ دەدات بۆ یەکخستنی گەلان.

 

وتیشی: ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە ئەنجامی پیلانێکی نێودەوڵەتی لەلایەن وڵاتانی باڵادەستەوە دەستگیرکراوە، ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێنراوە گۆشەگیریە لەسەر هەموو مرۆڤایەتی،  ئەوەش گەورەترین نادادپەروەرییە، هەموو زیندانییەک مافی ئەوەی هەیە پارێزەرەکەی و خێزانەکەی ببینێت، بەڵام بەداخەوە ئەم مافە لە دەوڵەتی تورکیادا بوونی نییە، بەو پێیەی گۆشەگیرییەکەی توندتر دەبێتەوە و بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبێت.

 

"چارەسەرکردنی کێشەکان لە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالاندایە"

حەمرین عەلی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو قۆناغەی تێیدا دەژین چارەنووسسازە و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تادێت ئاڵۆزتر دەبن، ڕێبەر ئۆجالان هەمیشە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکگرتن و پاراستنی گەلان بووە، بەڵام ئەو گۆشەگیرییەی بەسەریدا سەپێنراوە دۆخ و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر خراپ دەکات، لە بەرامبەر پراکتیکەکانی وڵاتانی باڵادەست و پاوانخوازدا، دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان مەترسی لەسەر ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان دروستدەکات و ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لە درێژەی شەڕەکان لە ناوچەکەدا، چونکە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پرۆژەی نەتەوەی دیموکرات و فەلسەفە و بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندایە، کە تا ئێستاش بەر هەموو جۆرە توندوتیژییەک کەوتووە و گۆشەگیری لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمە دەسەڵاتدارەکانەوە.

 

"ڕۆژ بە ڕۆژ بیری ڕێبەر ئۆجالان بڵاودەبێتەوە بۆ شکاندنی سیستەمی سەرمایەداری"

حەمرین عەلی جەختیشی کردەوە کە شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشێک وابوو گەلان بەرەو ئازادی خۆیان ڕێپێوان بکەن، شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕێگەی بۆ هەموو گەلان کردەوە کە داوای مافەکانیان بکەن، وەک چۆن هەموو گەلان لە ژێر سایەی نەتەوەی دیموکراتیکدا یەکگرتوو بوون، بۆیە ئازادی، ژنان، یەکێتی گەلان، پێکەوەژیان و ڕۆحی گەنجان بنەمای گەشەسەندنی ئەم شۆڕشە بوو، دەنگدانەوەکەشی بڵاوبووەوە بە جیهاندا، پڕۆژەی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک و بیری ڕێبەر ئۆجالان کلیلی چارەسەرکردنی قەیرانەکانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سوریا، وڵاتانی زاڵ هەمیشە ترسیان لە بیری ڕێبەر ئۆجالان هەبووە و دەستگیریان کردووە لە ترسی بڵاوکردنەوەی هزرەکەی و یەکخستنی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرچەندە دەستگیرکرا، بەڵام نەیانتوانی لەبەردەمی ئەودا بوەستن، بۆیە دروشمی ژن، ژیان ئازادی بووەتە دروشمێکی جیهانی.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە بۆ شکاندنی سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتە پاوانخوازەکان کە خۆیان لەسەر قڕکردنی گەلان و دروستکردنی قەیرانەکان بنیاد دەنێن، ئێمەش وەک گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەردەوام دەبین لە پەیڕەوکردنی بیری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێگای ئازادی ژنان بۆ ئەوەی بتوانین گەلەکەمان و هەموو گەلانی ستەملێکراو ڕزگار بکەین.