خوێندن دەستی پێکردەوە و چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ نادیارە

لەگەڵ هەبوونی ٣٠ هەزار وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان، حکومەت و وەزارەتی پەروەردە لە بەرامبەر ئەم وانەبێژانە بێ هەڵوێستە و ڕێگایەکی چارەسەری بۆ نەدۆزیونەتەوە بۆ پێدانی مافەکانیان بەڵکو بەردەوام توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ماوەی چەندین ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان نەماوە، خراپی باری ئابووری هەرێم و نەبوونی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان وای کردووە بەشێکی ئەو دەرچووانە خۆبەخشانە کار بکەن لە دام و دەزگا حکومییەکان، هەروەها بەشێکی دیکەیان وانەبێژی بکەن و یاخود بە گرێبەست لە خوێندنگەکان وانە بڵێنەوە، بە جۆرێک وانەبێژ هەیە حەوت ساڵە وانەبێژە و وانە دەڵێتەوە.

 

وانەبێژەکان چەندین جار ڕژانە سەر شەقام و گردبوونەوەی هێمنانەیان ئەنجامدا لە پێناو گەیشتن بە مافەکانیان، یاداشتیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان و وەزارەتی پەروەردە کردووە بۆ ئەوەی بە دەنگیانەوە بێن بەڵام ئەوەندەی دەبینرێت هیچ کام لە کێشەکانیان چارەسەر نەکراون و بەدەم داواکانیانەوە نەهاتوون بەڵکو توندوتیژیشیان بەرامبەر کراوە و چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کراون.

 

ئەمساڵیش خوێندنی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ لە دەستپێکردندایە بەڵام تا ئێستا کە بە نزیکەیی ٣٠ هەزار وانەبێژ هەیە کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە و موچە و مافەکانیان وەک گرێبەست و میلاکێک لەناو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنگەکاندا پێنادرێت.

 

"مامۆستای وانەبێژ زۆرترین ئەرکی هەیە و کەمترین مافی پێدەدرێت"

گۆڤەند ڕەجەب، مامۆستای وانەبێژ و چالاکوانی مەدەنی، ئاماژەی بەوەکرد، مامۆستای وانەبێژ مافی پێنادرێت بەڵکو زۆرترین ئەریکیشی هەیە وەک مامۆستایەکی دامەزراو لە خوێندنگاکان ئەرکەکان ڕادەپەڕێنن بەڵام هیچ کات بیر لە مافەکانیان نەکراوەتەوە، وتی "وەزارەتی پەروەردە شکۆی بۆ مامۆستا نەهێشتووە و مامۆستای کردووە بە چەند بەشێکەوە، ئەوانیش مامۆستای دامەزراو، وانەبێژ، گرێبەست و خۆبەخش، ئەمەش وایکردووە شکۆی کەمبێتەوە، بە تایبەت بۆ وانەبێژەکان، هەرچەندە کەمتر لەلایەن مامۆستایانی دامەزراوەوە سوکایەتی بە وانەبێژان دەکرێت بەڵام خوێندنگەش هەبووە شەقی لە مامۆستای وانەبێژ داوە بە تایبەت لە دهۆک و ناوچەکانی دەوروبەری".

 

ئەمانە وایکردووە خوێندکارانیش بۆ خۆیان توانج لە مامۆستا وانەبێژەکان بدەن وەک مامۆستا گۆڤەند باسی لێوەکرد زۆرکارت کە بە خوێندکارەکانیان دەڵێن بخوێنن لە وەڵامدا پێیان دەڵێن "مامۆستا بخوێنین وەک تۆ ببین بە وانەبێژ"، لەم کاتەدا وانەبێژەکان جۆرێک لە شکۆیان لەکەدار دەبێت و  نازانن چی بە خوێندکارەکانین بڵێن.

 

"لە تەواوی دنیادا خاوەن بڕوانامە خوازیارن کار بە بڕوانامەکەیانەوە بکەن، لە هەرێمی کوردستان نەبێت"

مامۆستا گۆڤەند، ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ شەش هەزار وانەبێژ بوو، لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ بووە دوو ئەوەندە و دوازدە هەزار، ئەم ڕێژەیەش ساڵانە زیاد دەکات تا ساڵی پار کە گردبوونەوەیان ئەنجامدا و ژمارەیان بووە ٢١ هەزار وانەبێژ، بەڵام ئێستا و ساڵی ٢٠٢٢ بووەتە ٣٠ هەزار وانەبێژ، وتی "ئەگەر لە سەرەتادا پلان هەبووایە بۆ دامەزراندن و جێگیرکردنی مامۆستای وانەبێژ ژمارەیان بەو شێوەیە زیادی نەدەکرد، تەنانەت ئێستا بەبۆنەی ڕێکخستنەوەی مامۆستایانی دامەزراو و میلاک هەندێک وانەبێژ دەردەکرێت بێ گوێندانە خزمەتەکەی".

 

ئەو مامۆستا وانەبێژە ئاماژەی بەوەدا، سەرکەوتنی هیچ کەسێک پەیوەندی نییە بە بوونی بڕوانامە و کارکردن پێی بەڵام لە تەواوی دنیادا دەرچوانی زانکۆ و خاوەن بڕوانامە دەخوێنن لە پێناو ئەوەی بگەن بە کاری خۆیان و بە بڕوانامەکانیان کار بکەن، بەڵام لە هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستان چونکە پلانێک نییە خاوەن بڕوانامەیەک ١٣ ساڵە وانەبێژی دەکات، تەمەنی نزیک دەبێتەوە لە خانەنشینبوون، ئیتر دەبێت دامەزراوەکان چۆن لە داهاتوویان بڕوانن.

 

"حکومەت، وەزارەتی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن ستەم لە مامۆستایانی وانەبێژ دەکەن"

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕوونیکردەوە کە وانەبێژان هەست دەکەن بوونەتە بارگرانی بەسەر حکومەتەوە، لە کاتێکدا لە چوار پایەدا پایەیەکی پەروەردە پێک دەهێنن، ئەگەر وانەبێژان قەڵەمەکانیان دابنێن تەواوی پەروەردەکانی دەرەوەی شار پەکدەکەوێت، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی چیتر خوێندکار نەخوێنێت و گرنگی بە خوێندن نەدات.

 

ئەو مامۆستا وانەبێژە وتی "وەزارەتی پەروەردە و دارای ساڵی پار بڕیاری ژمارە ١٤یان دەکرد لە پای ئەو خۆپیشاندانانەی ئەنجامدان دا بۆ ئەوەی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بکەن، بەڵام ئەم بڕیارە نەک دۆخەکەی باش نەکرد بەڵکو خراپتری کرد بە شێوەیەک وانەبێژان هیچ کاتێک شایستە داراییەکانیان لە کاتی خۆیدا وەرناگرن، جیاواز لەوە هیچ مافێکی دیکەی نییە وەک سوپاسنامە، مۆڵەتی دایکایەتی و مۆڵەتی دیکە".

 

بۆ ماوەی یەک ساڵ ٧ ڕۆژ مۆڵەت و بۆ دایکایەتی ٢٠ ڕۆژە کە تەواو پێشێلکارییە و بۆ تەندروستی دایکەکە، هەروەها گواستنەوە بۆ شووێنێکی دیکە و ڕاژە بۆ وانەبێژان نییە.

 

"هەموو کات مەترسی لەسەر دەرکردنمان هەیە"

دەربارەی مەترسی دەرکردنیان لە جێگای کارکردنیاندا مامۆستا گۆڤەند ئاماژەی بەوەکرد هەمیشە هەموو وانەبێژەکان دەترسن ڕۆژێک بێ لەبەرچاوگرتنی خزمەتی چەند ساڵەیان دەربکرێن.

 

ساڵی پار وانەبێژان ١١١ یاداشتیان ئاراستەی هەر ١١١ ئەندام پەرلەمانەکان داوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بۆ خۆی توانای چارەسەری کێشەکانی وانەبێژانی نەبوو، وتی "دوو کۆچکردن هەیە، بۆ دەرەوەی وڵات و ئەوانەشی گیان دەسپێرن، ئەگەر حکومەت تەنها وانەبێژی بکردایەتە جێگرەوەی ئەوان ئێستا ڕێژەکە بەو شێوەیە نەدەبوو".

 

هەموو ساڵێک لە سەرەتای ساڵدا وەزارەتی پەروەردە دەڵێن کە پڕۆژە یاسامان پێیە بۆ باشکردنی دۆخی مامۆستایانی وانەبێژ بەڵام دوورە لە ڕاستییەوە و تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە، چەندین جار داوایان لە حکومەت کردووە لەسەر ئەو موچەیەی وەریدەگرن بیانکەن بە گرێبەست تەنها بۆ ئەوەی دەروونی مامۆستایان ئارام بێت بەڵام نایکەن.

 

"لە دەربڕینی ناڕەزایەتیدا وانەبێژان دەستبەسەر دەکرێن"

هەموو بایکۆت و خۆپیشاندانێک سودی هەیە و جێگەی خۆی دەگرێت، بەهۆی ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ مامۆستان و چینی پەروەردەکاری خوێندکارانن بۆیە هەمیشە بە هێمنانە ناڕەزایەتییەکانیان دەربڕیوە، بێ ئەوەی دەستی هیچ حزب و لایەنیان لە پشت بێت، هەمیشە بایکۆت و ناڕەزایەتی دەربڕین بەشێکە لە پلانی مۆستایانی وانەبێژ و دەکرێت لە هەرساتێکدا بێت ئەنجامی بدەن.

مامۆستا گۆڤەند وتی "پلانمان هەیە لە جێبەجێنەکردنی داواکانمان بە شێوازێکی تر بایکۆت و ناڕەزایەتی دەرببڕین، هەر لەم ماوەیەدا مامۆستایانی وانەبێژ گردوونەوەیەکی مەدەنیانەیان ئەنجام دا بەڵام دووان لە نوێنەرەکانیان دەستبەسەر بوون".

 

گەنجان و دەرچووانی زانکۆکان ناچارن وانەبێژی بکەن چونکە هەندێکیان پسپۆڕن لە پەروەردەدا هەندێکی دیکەیان کە دەیکەن و پسپۆڕ نین هیچ جێگەیەکی دیکەیان نییە بۆ ئەوەی کاری تێدا بکەن، بە جۆرێک لە بنکە تەندروستییەکانیشدا خۆبەخش هەن چونکە ئەوەی دادەمەزرێت و کاری پێدەدرێت لە کەرتی نا حکومیدا هەمووی بە واستەیە و بۆ منداڵانی هەژار نین.

 

"حکومەت بێ ئومێدی لای گەنجان دروست کردووە"

لە کۆتایدا گۆڤەند ڕەجەب باسی لەوەکرد ئەم بێ هەڵوێستی و بێ پلانی حکومەتە وادەکات گەنجان کۆچ بکەن و ئومێدیان بەم هەرێم وحکومەتە نەبێت چونکە داهاتوویان ڕۆشن نابێت و بەشێکیشیان نا ئومێد دەبن بەرامبەر بە خوێندن، هەرچەندە دکتۆر ئالان وەزیری پەوەردە بەڵێنی بە وانەبێژان داوە تا کۆتایی کابینەکەی کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات بەڵام تا ئێستا هیچ دەنگۆیەکی لەو شێوەیە نییە.

 

گۆڤەند وەک مامۆستایەکی وانەبێژ دەڵێت "بەر لەوەی بە بایکۆتکردنی دەوام پەروەردە شەلەل بکات داواکارین بێن بە دەنگ داواکانمانەوە و گرنگی بەو ٣٠ هەزار ڕۆڵەیە بدەن بۆ ئەوەی کاریگەریەکی خراپ لە کۆمەڵگەدا دروست نەکەن بەڵکو جێپەنجەی خۆیان بسەلمێنن".