گرێ مۆزان ناوەندی شارستانییەتی هوورییەکان

گرێ موزان لە ڕۆژئاوای کوردستان یان شاری هووریەکان بەشێکە لە مێژووی دێرینی ناوچەکە، ئەم شارە لەسەر دەستی خوداوەند کۆمرابی کە خوداوەندی چارەسەر کردنی تەواوی کێشەکان بووە بونیادنراوە.

ژیان عەلی

 

رەنگدانەوەی مێژوو لە ژیانی ئەمڕۆماندا دیارە، لەبەر ئەوەی مێژوو لە ئێمەدا و ئێمەش لە مێژوودا شاراوەین، بۆ هەست کردن و ناساندنی زیاتری ئەو مێژووە بە دەیان شوێن هەن، کە ئاماژە بە دەوڵەمەندی و ژیانی هاوبەش و هاوبەشی کەلتووری مرۆڤەکان دەکەن. هەرچەن بە هەزاران ساڵ بەسەر ئەو مێژووە دا تێپەڕ بووە، بەڵام ئەو کلتوورە هاوبەشە لە ڕێڕەوی خۆی لای نەداوە و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان هاتووە.

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان چەندین شوێنی مێژوویی هەن کە پێناسەیەکی قووڵ لەو ژیانە جوانەی مرۆڤایەتی لە مێژوودا دەکەن، ئۆرکێش، گرێ موزان یان شاری هووریەکان بەشێک لەو مێژووەیە، ئەم شارە لەسەر دەستی خوداوەند کۆمرابی کە خوداوەندی چارەسەر کردنی تەواوی کێشەکان بووە بونیادنراوە و یەکێک بووە لە شارە سەرەکییەکانی هووریەکان.

 

گردی موزان، مێژوویەکی دێرینی میزۆپۆتامیا

 

گردی موزان شوێنێکی گرنگی شارستانی شاخاویە لەسەر جوگرافیای میزۆپۆتامیا، باس لەوە دەکرێت کۆنترین شارستانێتە و مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە کە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

 

ئەم گردە پڕ لە ڕەمز و ڕازە دەکەوێتە ناوچەی عامودێ لە کانتۆنی قامیشلوی ڕۆژئاوای کوردستانە، درێژی ئەم گردەکە نزیکەی ٧٠٠مەترە و و بەرینییەکەی ٤٠٠مەترە و بەرزیەکەی ٢٨ مەترە.

 

یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣٧دا لەلایەن شاندیکی ئینگلیسی کاری کەنەوپشکنینی لە سەر ئەنجام دراوە و بۆ جاری دووەم لەساڵی ١٩٨٤ لە لایەن تیمێکی ئامریکاییەوە ئەنجام دراوە، دوای١٠ ساڵ لێکۆڵینەوە ئۆرکیش دوزرایەوە و دەرکەوت گرێ موزان واری هوورییەکانە، وەک دەزانرێت شارستانیەتی هووری یەکێک لە شارستانییەتە کۆن و ڕەسەنەکانی میزۆپۆتامیا.

 

ئەم شارستانییەتە سەرەتا وەکوو ناوەندێکی دینی ڕۆڵی گێڕاوە، دواتر بە هۆی بەرفەراوانی پەیوەندییەکانیان لە بواری ئابووری لە گەڵ سوومەرییەکان ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەبێت، هەروەها شوێنی حەوانەوەی کاروانە بازرگانەکانیش بووە، هاوکات ئەم شارە ئەوەندە بەرفراوان دەبێت، هەرێمی دەریای ئیجە و فورات پێکەوە دەبەستێتەوە.

 

"جگە لەمانە دوو شوێنەواری ڕەسەن لە گردی مۆزان دۆزراونەتەوە کە یەکێکیان محرابی ئەل ئەسەد یان پەرستگای شێرە و ئەوی دیکەشیان بە کۆشکی ئەبی ناودەبرێت، وەک باس دەکرێت لەم کۆشکەدا پاشا و شاژن ژیاون، هەروەها لە کۆشکەکەدا شوێنێکی جیاواز هەیە، کە پاشا و شاژنەکان نوێژیان بۆ خوداوەندەکان کردووە و بە پێی بیروباوەڕی خۆیان سەلامەتترین شوێن بووە بۆ دەربڕینی داواکارییەکانیان.

 

ئەم کۆشکەلە چوار بەش پێکهاتووە: شوێنی خزمەتکارەکان و شوێنی لۆجستی و چێشتخانە و بەشی چوارەمیش، هێشتا دەرنەکەوتووە شوێنی چ بووە"

 

لە گردی مۆزان چەندین نەخش و مۆری ناسینەوەی ژنان دۆزراونەتەوە

لە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان لە گردی مۆزان چەندین پەیکەر و تابلێت و نەخش و مۆری ناسینەوەی ژنان دۆزراونەتەوە کە ئاماژە بە هاوسەنگی و هاوبەشی لەبەڕێوەبردنی ژنان و پیاوان لە کۆشکدا دەکات، هەندێک لەو مۆرانەی دۆزراونەتەوە لەشێوەی ژن بوون و ناوی شاژن و هەروەها ئەو ژنانەی کە ڕۆژانە کاری ژیانیان لەو  کۆشکەکەدا بەڕێوە بردووە هەبووە.

 

ئەو مۆرانەی کە دۆزراونەتەوە بە چەند گرووپ دەستەبەندی کراوە، گرووپێک دەلالەتە لە ژیانی ڕۆژانە، گرووپێک نیشاندەری شەڕی نێوان مرۆڤ و زیندەوەرانە و گرووپێکیش سەبارەت بە دیاری کردنی بنەماڵەی شاهانەیە و هەروەها گرووپێکیش بۆ دیاری کردنی خوداوەندەکان و بابەتی گرێدراو بە میتۆلۆژییە.

 

بەتایبەت یەکێک لە مۆرەکان ڕۆڵی و هەبوونی شاژنی کۆشکی ئۆرکیشمان بۆ دەخاتە ڕوو، لەسەر ئەم مۆرە شابانوو لەسەر کورسییەک دانیشتووە، لە دەستێکی دا پیاڵەیەک هەیە، کراسێکی دڕێژی لەبەردایە وەک باس دەکرێت ئەم شێوازە کراسانە تایبەتە بە خوداوەندەکان لە میزۆپۆتامیا.

 

ئۆرکیش یان گرێ موزان وەکوو زانستی مێژووی پێناسەی بۆ دەکریت، لە ئێستا دا بۆ ناسینی ئەم زانستە مێژوەییەو ئاشکەرا کردنی ئەو ڕازە کە لە دڵی ئەم گردەدا شاراوەیە لە لایەن ئاکادیمیای ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.