"لە ڕێگەی وەرگێڕانی کتێبەوە ئازارەکانی ژنانی کورد بە جیهان دەناسێنم"

داستان یەکێکە لەو ژنانەی سەرەڕای ئەو ڕێگریانەی دەهاتە بەردەمی وازی لە تواناکانی خۆی نەهێناو چەندین کتێبی بیانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و خاوەنی ٥ کتێبی چاپکراوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- وەرگێڕان بریتییە لە گەیاندنی مانای دەقێکی زمانێک بۆ سەر زمانێکی تر، زۆر جار بۆ ناساندنی مێژووی گەلان بە جیهان وەرگێڕان دەکرێت بۆ دەق و مێژووی ئەو گەلە یان بۆ سوود وەرگرتن لە بابەتێک ئەم ڕێگەیە بەکاردەهێنرێت، کە پێویستی بە شارەزایی ئەو کەسە دەبێت کە کاری وەرگێڕان دەکات، هەردوو ڕەگەز ئەتوان ئەم کارە بکەن، بەڵام توانای ژنان زیاترە و پشت بە خۆیان و هەوڵەکانیان دەبەستن.

 

داستان شەریف لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، پەیمانگای زانستی کۆمپیتەری تەواو کردوە لە شاری سلێمانی، ٢٧ کتێب و چەند وتارێکی ڕەخنەی ئەدەبی وەڕگێڕ کردوە لە زمانی ئینگلیزیەوە بۆ سەر زمانی کوردی کە بەشیکیان لە ڕۆژنامەی ڕەخنەی گەل و ئاژانسدا بڵاوکراوەتەوە، بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لە تواناکانی خۆی کرد.

 

"سەرەتا بە وتاری بچوک دەستم بە وەڕگێڕان کرد"

داستان شەریف ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک لە قۆناغی چواری ئامادەیی بووم لە ساڵی ٢٠٠٨ سەرەتا هەوڵم دەدا فێری زمانی ئینگلیزی ببم بۆیە سەرەتا بە وتاری بچوک دەستم بە وەڕگێڕان کرد بۆ بەهێزکردنی زمانەکەم، دواتر بڵاوم کردنەوە وەک بابەتی ڕەسمی کە خەڵک بیبینێت و بتوانن سوودی لێوەربگرن، کاتێک هەستم کرد لە زماندا باشم و توانای وەرگێڕانم هەیە دەستم کرد بە وەرگێڕانی کتێب و لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە کتێبم هەیە.

 

"خەونم ئەوەبوو ناوم لەسەر کتێبێک هەبێت"

داستان شەریف ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک دەستم کرد بە وەڕگێڕان وەکو پیشەیەک ئەم کارەم نەکرد بەڵکو حەز و خولیام ئەوەبوو کە ناوم لەسەر کتێبێک هەبێت، لە ساڵی ٢٠١٦ یەکەم وتارم لە ڕۆژنامەی ڕەخنەی چاودێردا بڵاوکردەوە و لەوکاتەوە دەستم کردوە بە وەگێڕانی فەرمی، لەمانگی ٦ی ٢٠٢٢ دۆسیەیەکی تایبەتم بە وەرگێڕان لە ژمارە ٤ی گۆڤاری زمان و زارەوە بڵاوکرایەوە، ئەوە یەکەم ئەزمونی من بوو لە بواری نووسیندا نەک وەکو وەرگێڕ، بەم دوایانەش یەکەم وەرگێڕانم لە زمانی عەرەبیەوە بۆ زمانی کوردی لە ژمارە ٨ی گۆڤاری وانەردا بڵاوکرایەوە.

داستان شەریف وتیشی" من جگە لە کاری وەرگێڕان پێداچوونەوەم بۆ دوو کتێب کردوە، چەند لێکۆڵینەوەیەکی ڕێنووس و ڕێزمانیشم هەیە، بەڵام تا ئێستا بڵاوم نەکردوەتەوە، من کاری وەورگێڕان بە تەنها دەکەم، چونکە پێم وایە ئەوە پیشەیەکی تاکەکەسیە."

 

"خاوەنی ٥ کتێبی بڵاوکراوەم"

داستان شەریف جەختی کردەوە، کە خاوەنی ٥ کتێبی بڵاوکراوەم کە وەرگێڕم کردوە و خاوەنی ٢٢ کتێبی دیکەشم، من تەنها لە زمانی ئینگلیزیەوە کتێب و وتار وەردەگێڕم، کتێبی "بیرکردنەوەت بگۆڕە، ژیانت بگۆڕە" خۆم وەرمگێڕاوە بە هاوکاری کتێبخانەی حاجی قادری کۆیی و ناوەندی ڕەها لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاومکردەوە.

 کتێبی"ڕێوی سەرنجڕاکێش" یەکێکە لە کتێبی زنجیرەی ڕۆداڵ کە باس لە منداڵ دەکات و لە ١٥ کتێب پێکهاتووە و ١١ کتێبیان کاری وەرگێڕانیان تەواو بووە لە لایەن منەوە، ئەو کاتە وەرمگێڕاوە کە ٦٠ ڕۆژ لە کەرەنتینەیا بووین بە هۆی کۆرۆناوە، هەورەوها کتێبی "مەهاتما گاندی" کە بەرمەهی وەرگێرانی خۆمە و کتێبخانەی هەژاری موکریانی بڵاویان کردەوە.

 

"لە پلانما هەیە کتێب لەسەر ژن وەربگێڕم"

داستان شەریف ڕوونی کردەوە، کە لە پاڵ وەرگێرانی کتێبدا لە پلانما هەیە کتێبیش لەسەر ژن و مێژووی وەربگێرم، گرنگ نیە چی زمانێک بێت گرنگ ئەوەیە کە کارێک بکەم لەسەر ژنان بێت، هەروەها کارێکم کردوە لەسەر ئەو کەسانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و ئەوە یەکەم کتێبمە کە خۆم هەڵمبژاردبێت، کە باس لە توانای کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات کە هەرچەندە لە ڕووی جەستەیەوە هەموو ئەندامەکانیان نیە، بەڵام واز لە تواناکانی خۆیان ناهێنن، بڕیار وایە کتێبەکە لە مانگی ٣ی ساڵی داهاتوودا لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بڵاوبکرێتەوە.

داستان شەریف وتیشی" کە خێزانەکام زۆر هاوکاریا کردوم بەتایبەتی دایک و باوکم کە تا ئێستاش هەر هاوکار و یارمەتیدەری منن، پشتم دەگرن و هانم دەدەن لەسەر ئەوەی کە لەسەر کارەکەم بەردەوام بم، هەروەها کۆمەڵگەش بە شێوەیەکی باش پشتگیریان کردوم هانمدەدەن بەوەی کە کتێبەکانم دەکڕن و دەیانخوێننەوە."

"ڕێگری زۆر هاتووەتە بەردەمم وەک گرانی چاپ کردنی کتێبەکان و هەروەها دەزگاکان کەمتەرخەمن کاتێک کتێبێک وەردەگێرێت و بۆیان دەنێرین بە زووی چاپی ناکەن تا بەرهەمەکەی خۆمان ببینین."

 

"ڕێگریەکان زیاترن لەبەردەم کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت"

داستان شەریف ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕێگریەکان زۆرن لەبەردەم ژناندا، بەڵام بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاترن، بۆیە دەبێت ئێمە زاڵ بین بەسەر ئەو ڕێگریانەدا و واز لە توانای خۆمان نەهێنین و ئەو بەربەستانە تێپەڕێنین.

  ژنان توانایەکی تایبەتیان هەیە بە تایبەت لە وەرگێڕان و نووسیندا، ئەو ژنانەشی کە لە ماڵەوەن دەتوانن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و تواناکانی خۆیانی تیا بدۆزنەوە، وەرگێڕان حەز و خولیایە و بۆ وەرگێڕانی دەقێک پێویستە پاشخانێکی فۆلکلۆری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری هەبێت لە ڕووی خاڵبەندی و شاکاریەوە، چونکە ئەمانەهەمووی پێویستن.

گرنگە کە کتێب لە زمانەکانی ترەوە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی، منیش وەک ژنێک لە پلانما هەیە کە کتێبی کوردی وەربگێڕمە سەر زمانی بیانی بۆ ئەوەی زمانی خۆمانی پێ دەوڵەمەند بکەین و زمانی کوردی بناسێنین و لەو ڕێگەیەوە ئازاری ژنانی کورد بگەیەنم بە گەلانی جیهان.